سودان: 8 رۆژە "شۆڕشی نان" بەردەوامە
2018-12-26 19:29:05
راپۆرت: نامیق رەسوڵ
ماوەی 8 رۆژە لە سودان " شۆڕشی نان" دەستپێكردووە و هاوڵاتیان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی خراپی دۆخی ئابوریان رژاونەتە سەر شەقامەكانی خەرتومی پایتەخت و شارەكانی ترو ئێستا داواكاری هاوڵاتیان بۆ باشتركردنی ژیانیان گۆڕاوە بۆ رووخاندنی رژێمەكەی بەشیر و رۆژبەرۆژیش توندوتیژی زیاتری لێدەكەوێتەوە.
" لیژنەی پزیشكانی سودانی ناوەندی" لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك رایگەیاند لە خۆپیشاندانەكانی رۆژی سێشەممەی خەرتومی پایتەختدا هێزە ئەمنییەكان بە فیشەك رووبەڕووی خۆپیشاندەران بونەتەوە و نۆ خۆپیشاندەر برینداربوون و باری تەندروستی یەكێكیان مەترسیدارە.
هاوكات " گردبونەی سەندیكا پیشەییەكان" كە داوای خۆپیشاندانەكەی رۆژی سێشەممەی كردبوو، رایگەیاند خۆپیشاندانەكە ئامانجی خۆی پێكاوە كە بریتیە لە یەكخستنی گوتار و قسەی هەموو هێزەكان.
گردبونەوەكە لە بەیاننامەیەكدا كە سایتی " سودان تربیون" بڵاویكردوەتەوە دەڵێت:" ئەوەی كارمان بۆدەكرد ئەمڕۆ زۆر بەهێزەوە بەدیهاتن كە ئەوەیە هەموومان یەكگرتوو بین.. قسەی خۆمان كرد و بە دەنگێكی بەرز ئیرادەی جەماوەریی یەكگرتووی خۆمان دەربڕی".
هاوكات لەگەڵ فراوانبوونی خۆپیشاندانەكاندا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكیش چەند هەڵمەتێَك بۆ داواكاری روخاندنی دەسەڵاتەكەی عومەر حەسەن بەشیر راگەیەندرا و هاشتاگی " شارەكانی سودان رادەپەڕن" راگەیەندرا.
لایخۆشیەوە هاوپەیمانی " بانگەوازی سودان" و " هێزەكانی كۆدەنگی نیشتمانی لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا داوایانكرد خۆپیشاندانەكان بە رۆژ و شەو بەردەوامبن و رژێم ماندووبكرێت هەتا دەگاتە روخاندنی وەك تاكە داواكاریییەك و پاشان دەسەڵات رادەستی حكومەتێكی ئینتیقالی بكرێت كە لە كەسانی تەكنۆكراتی نیشتمانی مەدەنی پێكبهێنرێت و دەربڕی هەموو پێكهاتەكانی سودان بێت.
37 خۆپیشاندەر كوژراون
رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رۆژی سێشەممە رایگەیاند راپۆرتی متمانەپێكراو هەن كە جەخت لەسەر كوژرانی 37 خۆپیشاندەر دەكەنەوە بە گولەی هێزە ئەمنییەكانی سودان لە ماوەی خۆپیشاندانەكانی چەند رۆژی رابردوودا.
هاوكات عومەر حەسەن بەشیر، سەرۆكی سودان رایگەیاند كەسانی ناپاك و هەڵگەڕاوە لەپشت ئەو دۆخە پڕ ئاڵۆزییەوەن كە وڵاتەكەی گرتوەتەوە و جەختیشیكردەوە كە حكومەتەكەی بەردەوام دەبێت لە جێبەجێكردنی پرۆژەكانی گەشەپێدان و ئاوەدانكردەوە بۆ بەرژەوەندی هاوڵاتیان و چاككردنی بارودۆخیان.
بەشیر ئاشكراشیكرد كە جەنگێك لەدژی سودان بەرپاكراوە بەهۆی ئەوەی پابەندی ئاینەكەیەتی و بە گەنم و دۆلار نایفرۆشێت.
چاودێرانی دۆخی سودان دەڵێن بەشیری تەمەن 74 ساڵ لە رێگەی سەركوتكردن و دامركاندنەوەی خۆپیشاندانەكانەوە هەوڵدەدات دۆخی وڵات كۆنترۆڵ بكات و جارێكی تر و دوای 30 ساڵ لە گرتنە دەستی دەسەڵات لە رێگەی كودەتای سەربازییەوە خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی 2020 كاندیدبكات.