Draw Media

ئوردن: چاوپۆشی لە رەغدی سەددام حسێن ناكەین

ئوردن: چاوپۆشی لە رەغدی سەددام حسێن ناكەین

2018-04-07 10:28:12


"رەغدی كچی سەددام حسێن لای ئێمە پەنابەرە، ئەگەر بسەلمێت پاڵپشتی لە تیرۆر كردووە چاوپۆشی لێناكەین" ئەمە قسەی عاتف تەراونە سەرۆكی پەرلەمانی ئوردنە.
لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ سایتی (یوم سابع)، سەرۆكی پەرلەمانی ئوردن رایگەیاند، هیچ یەكێك لە سەركردەكانی رژێمی پێشووی عێراق لە ئوردندا نین، تەنیا رەغدی كچی سەددام حسێن لە ئوردنە، ئەویش پەناهەندەیە و لە میوانداریكردنیشیدا یاسای ئوردن پێشێلنەكراوە.
سەرۆكی پەرلەمانی ئوردن وتی: شانشینی ئوردن هەر هاوڵاتییەكی ئوردنی یاخود بیانی دادگایی دەكات كە زیان بە وڵاتانی دراوسێ بگەیەنێت.
لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەوەی رەغدی كچی سەددام حسێن پاڵپشتی لە تیرۆر كردووە، سەرۆكی پەرلەمانی ئوردن ئاماژە بەوەدەكات، دادگا هەیە، ئەگەر ئەو یان هەر كەسێكی تر ئیدانە بكرێت بە تیرۆر، ئوردن چاوپۆشی لێناكات، سەرباری ئەمە چەند پێوەرێك هەن بۆ نیشتەجێبونی لە ئوردن و ئەو میوانە و لە چوارچێوەی رێگەپێدراو دەرنەچووە كە یاسای ئوردنی دیاریكردووە، لەناو خاكی ئوردنەوە هیچ چالاكییەكی سیاسی نەكردووە زیان بە عێراق بگەیەنێت.
ئەم قسانەی سەرۆكی پەرلەمانی ئوردن دوای ئەوەدێت رۆژی 5ی شوباتی ئەمساڵ حكومەتی عێراق لیستی ناوەی (60) داواكراوی بڵاوكردەوە كە لەناویاندا یەكێكیان رەغدی كچی سەددام حسێن بوو.
لە یەكەم كاردانەوەدا دوای بڵاوبونەوەی ناوەكەی لەو لیستە، رەغد رایگەیاند، ئەو لەدوای مردنی باوكییەوە هیچ لێدوانێكی نەداوە و سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا لەوەی ناوی لەو لیستەدا دانراوە، بۆیە سكاڵای یاسای لەسەر هەموو ئەو كەسانە تۆمار دەكات كە ناویان زڕاندووە.

رەغد سەددام حسێن
•    1968 لەدایكبووە
•    هاوسەری حسێن كامیلە كە ساڵی 1996 بە فەرمانی سەددام حسێن كوژرا
•    پێنج منداڵی هەیە بە ناوەكانی (عەلی- حەریر- وەهج- سەددام- بەنان)
•    لەدوای روخانی رژێمی پێشووەوە لەگەڵ منداڵەكانیدا لە عەممانی پایتەختی ئوردن دەژی و میوانی خێزانی شاهانەی ئوردنە
•    زۆر سەرسامە بە كەسایەتی باوكی، سەددام كاتێك لە زیندان بووە چەندینجار نامەی بۆ رەغد ناردووە
•    تاكە ئەندامی خێزانی سەددام حسێنە كە لەدوای روخانی رژێمی پێشووەوە چالاكی سیاسی كردووە

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand