Draw Media

  176 كاندید دورخراونەتەوە

  176 كاندید دورخراونەتەوە

2018-04-07 09:31:32


بەپێی ئاماری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لیستی كاندیدی حزب و هاوپەیمانێتییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران كە بڕیارە رۆژی 12ی ئایار بەڕێوەبچێت، پەسەندكراوە.
بەمەبەستی وردبینیكردن لە ناوی كاندیدەكان، كۆمسیۆن لیستی كاندیدی هەموو لایەنە بەشدارەكانی هەڵبژاردنی ئاڕاستەی دەستەی لێپرسینەوە و دادوەری و بەڵگەی تاوان و وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆ و خوێندنی باڵا و توێژنەوەی زانستی و پەروەردە كرد، پەسەندكردنی لیستی كۆتایی كاندیدەكان دوای گەڕانەوەی ناوی كاندیدەكان هات لەلایەن ئەو دەستە و وەزارەتانەوە.
ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لەبەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد، ژمارەی ئەو كاندیدانەی كە پەسەندكراون گەیشتوەتە (6 هەزارو 986) كاندید، لەم ژمارەیە (4 هەزارو 972) كاندیدیان پیاو و (2014) كاندید ژنن.
ژمارەی ئەو كاندیدانەی كە رێوشوێنەكانی دەستەی لێپرسینەوە و دادوەری گرتونیەتەوە گەیشتوەتە (337) كاندید، لەم ژمارەیە لیست و هاوپەیمانێتییەكان ناوی (220) كاندیدیان گۆڕیوە، (21) كاندیدیش تانەیان پێشكەشكردووە و تانەكانیان پەسەندكراوە، بەشێوەیەكی گشتیش (96) كاندید بەهۆی رێوشوێنەكانی دەستەی لێپرسینەوە و دادوەرییەوە دورخراونەتەوە و لەلایەن لیست و هاوپەیمانێتییەكانیانەوە بەر لە دورخستنەوەیان نەگۆڕدراون.
ژمارەی ئەو كاندیدانەی كە كارمەندی وەزارەتی ناوخۆ بوون و بەوهۆیەوە دورخراونەتەوە (43) كاندید بووە، (2) كاندیدیش لە وەزارەتی بەرگری، (35) كاندیدیش بەهۆی نەبوونی بڕوانامەی خوێندن دورخراونەتەوە.
بەشێوەیەكی گشتی ژمارەی ئەو كاندیدانەی كە بەهۆكارە جیاجیاكان دورخراونەتەوە گەیشتوەتە (176) كاندید. 
(54) كاندیدیش خۆیان لە پرۆسەی هەڵبژاردن كشاونەتەوە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand