Draw Media

بەغداد بەمەرج رازیە بە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك 

بەغداد بەمەرج رازیە بە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك 

2018-04-06 20:12:23


درەو میدیا 
ئەمریكیەكان فشار لە حكومەتی عێراقی دەكەن بۆ گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ كەركوك لە پێناو یەكخستنی تواناكان بۆ روبەروبونەوەی داعش لەو ناوچانە، لەگەڵ ئەوەی حكومەتی عێراق تا ئاستێك رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان كە پێشتر عەبادی چەند جارێك رایگەیاندوە دەبێت ئەو ناوچانە بە هاوبەشی بەرێوەببرێن، بەڵام مەرجی هەیە بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە،  لەو بارەیەوە  واسق هاشمی  سەرۆكی گروپی عێراقی بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی عێراق  بە غەد پرێسی راگەیاندووە:  لە كۆبوونەوەی ئەمرۆ هەینی ئەنجومەنی وەزاری بۆ  ئاساییشی نیشتیمانی عێراق كە  بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی كۆبۆتەوەو تیایدا گفتوگۆ لەسەر گەڕانەوەی پێشمەرگە كراوە بۆ كەركوك، كە حكومەتی فیدراڵی دەیەوێت ناوچە جێناكۆكەكان لەلایەن هەموو پێكهاتەكانەوە بەرێوەببرێت بە هێزی پێشمەرگەشەوە، بەڵام بە مەرجێك فەرمادەیی و ئیدارەی هێزی پێشمەرگە لەژێر فەرماندەیی دەسەڵاتی فیدراڵی عێراقدا بێت و لەژێر دەستی فەرماندەیی هێزە چەكدارەكانی عێراقدا بێت. 
ئەم رەزامەندیەی حكومەتی عێراقی دوای فشارەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكان هات بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە، كە چەند رۆژێكە گفتوگۆی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ كەركوك گەرمە تەنانەت هەندێك سەرچاوە ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەمریكیەكان ژمارەیەك پێشمەرگەیان بردۆتەوە كەركوك، لەو بارەیەوە بەرپرسێكی باڵا وەزارەتی بەرگری ئەمریكا "پێنتاگۆن" رایگەیاند چەند گروپێكی سەر بە هێزی پێشمەرگە بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی عێراق گەڕِاونەتەوە پارێزگای كەركوك. ئەمەش بەوتەی پەیامنێری " ئەلحوڕە". ئەو لێپرسراوەی پێنتاگۆن كە داوایكرد ناوی ئاشكرانەكرێت، وتیشی ئەو ژمارەیە لە هێزی پێشمەرگە كە گەڕاونەتەوە بۆ كەركوك زۆر بەوردی هەڵبژێردراون و زۆرینەشیان سەر بە یەكێتی نیشتمانی كوردستانن.هاوكات رێبوار تەها پەرلەمانتاری عێراق  دەڵێت: نیمچە رێكەوتن هەیە لە نێوان پێشمەرگەو هێزی فیدراڵی بۆ گەرانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك . بەڵام جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: هیچ رێكەوتن و لێتێگەیشتنێك لەنێوان پێشمەرگەو سوپای عیراق نییە بەمەبەستی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە دابڕێنراوەكان.
لەلایەن خۆشیەوە جەمال ئیمینكی سوپا سالاری پێشمەرگە بێئاگایی خۆی لە گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ كەركوك دەردەبڕیت و  دەڵێت : هەر رێكەوتنێك بەبێ ئاگاداری وەزارەتی پێشمەرگەو حكومەتی هەرێم بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك رەتدەكەنەوە.


هەواڵی گەرانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك لەلایەن زۆرینەی بەرپرس و فەرماندە ئەمنیەكانەوە رەت دەكرێتەوە، عەلی كەمال بەڕێوەبەری پۆلیسی كەركوك رەتیكردەوە پێشمەرگە گەڕابێتەوە بۆ كەركوك و لە لێدوانێكیدا بۆ " رادیۆ سەوا" وتی "  تەنها هێزەكانی سوپا و پۆلیسی فیدراڵی و دژە تیرۆری عێراق لە كەركوكدان.
راكان سەعید پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت بە غەدپرێسی راگەیاندووە كە هیچ رێكەوتنێك نەكراوە بۆ بڵاوەپێكردنی هێزی پێشمەرگە لە پارێزگای كەركوك ئاماژەی بەوەشداوە كە پەیوەندی بە حەیدەر عەبادیەوە كردووە و ئەویش تویەتی ئەو زانیاریانە راست نین، راكان سەعید دەشڵێت: بڵاوەپێكردنی هێزی پێشمەرگە لە شاری كەركوك بەتەواوی رەتدەكەینەوە 
 

 هاوكات بەپێی راپۆرتێكی سایتی نیقاشی ئەڵمانی لە ئێستادا حكومەتی‌ عێراقی‌و هەرێمی كوردستان لەگفتوگۆدان بۆ دانانی‌ پلانێك بۆ رووبەرووبوونەوەی‌ داعش ئەوەش بەگەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ پارێزگای كەركوكو ناوچە جێناكۆكەكان.پلانەكەش خۆی‌ لەوەدا دەبینێتەوە هێزەكانی پێشمەرگە لەدەوروبەری‌ ئەو شارانەدا جێگیربكرێت كە مەترسی‌ هێرشی‌ توندڕەوەكانیان لەسەرە، چاودێرانی بواری ئەمنیش پێیان وایە ئەم هەنگاوە بێدەسەڵاتی‌ هێزە ئەمنییەكانی عێراق‌و پەلەیی هێزە كوردییەكان دەسەلمێنێت بۆ گەڕانەوەی ئەو ناوچەنەی  لە سێ ساڵی رابردوو تێدا باڵادەست بوون.
سەبارەت بە پێكهاتەكانی كەركوكیش بەجۆرێك لە جۆرەكان پێكهاتەی عەرەبی بێدەنگی هەڵبژاردووە لەسەر ئەو پرسە لەچاو بەرەی توركمانی كە بە توندی دژی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەیە بۆ كەركوك، هەروەك  ئەرشەد ساڵحیی، سەرۆكی بەرەی توركمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "بەپێی یاسا پێشمەرگە هێزی پاراستنی سنوورەكانی عێراقە، بۆیان نییە بێنە ناو شارەكان، هەرگیز ڕێگا نادەین هێزەكانی پێشمەرگە بێنە كەركوك، جگە لە پۆلیسی فیدراڵی، هەر هێزیكی تر بێتە كەركوك نایاساییە".
زانیاریەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە گفتوگۆو لێكتێگەیشتن هەیە بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە بگەرێتەوە كەركوك بەر لە هەڵبژاردنەكان، چونكە ئەو ناوچەیە تا ئێستاش مەترسی گروپە توندەرەوەكانی لەسەرەو حكومەتی عێراقیش دەیەوێت بە پرۆرسەی هەڵبژاردن بە ئارامی بەرێوەبچێت بۆیە چاوەڕوان دەكرێت، بەشێك لە هێزی پێشمەرگە بەلەژێر چاودێری و فەرماندەیی دەسەڵاتی عێراق و سەرپەرشتی ئەمریكیەكان بگەڕێنەوە كەركوك، بەڵام نەیاری ئەم هەنگاوە تا ئێستاش لەناو لایەنە عێراقیەكان زۆرە، چونكە تا ئێستاش تەپوتۆزی روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری رابردوو لەسەر بارودۆخی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان ماوە، كە بەهۆی ئەو روداوەوە هێزی كورد ( 44330 كم2 ) خاكی ناوچەی جێناكۆكی لەدەستدا كە دەكاتە 51.4%ی كۆی خاكی باشوری كوردستان كە ناوچە جێناكۆكەكان لە 44 ناحیە و 16 قەزا پێكهاتووە. 


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand