لەماوەی سەرۆكایەتی ترەمپدا چەندین بەرپرس دەستیان لەكاركێشاوەتەوە
2018-12-22 16:56:57
( درەو میدیا):
لە دوای دەستلەركاركێشانەوەی وەزیری بەرگری ئەمریكا، برێت مەكگۆرك نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ جەنگی دژی داعش دەستی لەكار كێشایەوە، لەماوەی تەنها دوو ساڵ سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپدا ژمارەیەكی بەرچاو لە وەزیر و بەرپرسی باڵای تری حكومەت دەستیان لەكاركێشاوەتەوە یان لەسەركارلابراون.
هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی ئەو وەزیر و بەرپرسانە بۆئەوە دەگەڕێتەوە كە لە شێوازی بەڕێوەبردنی ئەمریكا لەلایەن ترەمپەوە ناڕەزاین و بەشێك لەوانەش بە ئاشكرا ناڕەزایەتیان بەرامبەر ئەو بڕیارە كتوپڕانەی ترەمپ دەربڕیوە كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەرەوە بڵاویاندەكاتە.
نوێترین دەستلەكاركێشانەوە دەستلەكار كێشانەوەی برێت مەكگۆركە لەدوای جیمس ماتیس وەزیری بەرگری بوو، كە دوای ئەوەی ترەمپ لە تویتەرەوە كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمریكای لە سوریا راگەیاند، دەستیلەكاركێشایەوە.
ماتیس لە نامەیەكیدا بۆ ترەمپ دەڵێت:" مافی خۆتە كە وەزیرێكی بەرگریت هەبێت بە شێوەیەكی باشتر بیروبۆچوونەكانی هاوشێوەی بیروبۆچونەكانت بێت، باوەڕم وایە كە دروستترە بۆمن دەستبەرداری پۆستەكەم بم."
ماتیس رەخنەشی لە ستراتیژی ترەمپ گرتووەو نوسیویەتی " پێویستە بەرێزەوە مامەڵە لەگەڵ هاوپەیمانەكاندا بكەیت".
ئەو وەزیر و بەرسانەی كە لە ئیدارەی ترەمپدا دەستیان لەكاركێشاوەتەوە:
• جیمس ماتیس: وەزیری بەرگری، تا شوباتی داهاتوو لە پۆستەكەیدا دەمێنێتەوە.
• رایان زینك: وەزیری ناوخۆ بەوتەی ترەمپ سەرەتای ساڵی نوێ دەستبەرداری پۆستەكەی دەبێت.
• جۆن كیلی: ئەمینداری گشتی كۆشكی سپی، سەرەتای ساڵی نوێ دەستبەرداری پۆستەكەی دەبێت.
• جیف سێشنز: وەزیری داد، لەسەر داواكاری ترەمپ، تشرینی دووەمی رابردوو، دەستیلەكاركێشایەوە.
• نیكی هەیلی: باڵیۆزی ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان، سەرەتای تشرینی یەكەمی رابردوو دەستیلەكاركێشایەوە.
• سكۆت برۆیت: وەزیری ژینگە، 5ی تەمووزی رابردوو دەستلەكاركێشانەوەی لەلایەن ترەمپەوە پەسەندكرا.
• ریكس تیلەرسۆن: وەزیری دەرەوە، 13ی ئازاری رابردوو لە پۆستەكەی دوورخرایەوە.
• گاری كوهین: راوێژكاری ئابوریی, 6ی ئازاری رابردوو بەهۆی ناكۆكییەوە لەگەڵ ترەمپ دەستیلەكاركێشایەوە.
• ستیف بانۆن: شارەزای ستراتیژی, 18ی ئابی 2017 دەستیلەكاركێشایەوە.
• مایكڵ فلین: راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی, تەنها 22 رۆژ لە پۆستەكەیدا بوو، 13ی شوباتی 2017 دەستی لەكاركێشایەوە.
• ئێچ ئاڕ ماكماستەر: راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی: جێگەی مایكڵ فلینی گرتەوە، بەڵام دوای چەند مانگێك دەستیلەكاركێشایەوە و پۆستەكەی رادەستی جۆن بۆڵتۆن كرد.
برێت مەكگۆرك نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ جەنگی دژی داعش