Draw Media

بژاردەكانی كورد لە رۆژئاوای كوردستان بۆ قۆناغی داهاتوودا چین؟

بژاردەكانی كورد لە رۆژئاوای كوردستان بۆ قۆناغی داهاتوودا چین؟

2018-12-22 15:07:25


نوسینی: گونای یەڵدز/ بی بی سی     
وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ    

بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ كشاندنەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە سوریا (رۆژئاوای كوردستان- وەرگێڕ)، چەندین پرسیاری لێكەوتوەتەوە دەربارەی ئەوەی چی بەسەر كورددا دێت كە هاوپەیمانی سەرەكی ئەمریكایە لە زومین هەروەها پرسیاری ئەوەش هاتوەتەگۆڕێ‌ كە ئایا توركیا چ پێشنیارێكی بۆ ترەمپ خستوەتەڕوو لەبەرامبەر كشانەوەی لە سوریا؟
بڕیارەكەی 19ی ئەم مانگەی ترەمپ بۆ كشاندنەوەی 2000 سەربازی ئەمریكی لە باكوری خۆرهەڵاتی سوریا (رۆژئاوای كوردستان)، دیارییەكە بۆ هەریەك لە توركیاو بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا.
ئەمریكا لەڕێگەی پاڵپشتیكردنی هێزەكانی سوریای دیموكراتدا، بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ نیوەی سەرچاوە ستراتیژییەكانی سوریای كۆنترۆاڵكردبوو، لەوانەش چەندین بەنداو و كێڵگەی نەوت‌و زۆرینەی زەوییە كشتوكاڵییە بەپیتەكانی ناوچەكە، جگە لە زیادبوونی رۆڵ‌و هەژمونی لە گفتوگۆو دانوستانەكان دەبارەی حكومەتەكەی ئەسەدو هاوپەیمانەكانی "روسیاو ئێران" دەربارەی داهاتووی ئەو وڵاتە.
بەڵام ئێستا هێزەكانی سوریای دیموكرات كە یەكینەكانی پاراستی گەل "یەپەگە" زۆرینەی پێكدەهێنن لەبەردەم دوو بژاردەی چاوەڕوانكراودایە.
ئەنكەرە دەڵێت یەكینەكانی پاراستی گەل "یەپەگە" درێژكراوەی پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە"یەو رێكخراوێكی "تیرۆریستی"یەو رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا هەفتەیەك پێش بڕیارەكەی ترەمپ رایگەیاند، سوپای توركیا لە ئامادەباشیدایە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆسەر خۆرهەڵاتی فورات كە لە ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكراتدایە.


پێنتاگۆن لەكاردانەوەیدا لەبەرامبەر ئەو لێدوانەی ئەردۆغان، هۆشداریدایە ئەنكەرە لە هەر هەنگاوێكی تاكلایەنەوەو جەختیكردەوە كە مایەی قبوڵكردن نییە، پاشان ئەردۆغان رایگەیاند لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا پلانەكەی لەگەڵ ترەمپ تاوتوێكردووەو هەڵوێستی ئیجابی بووە.
كاتێك سەرەتای 2018 سوپای توركیاو گروپە چەكدارە سورییە هاوپەیمانەكانی هێرشیانكردە سەر كانتۆنی عەفرین، یەكینەكانی پاراستی گەل بۆ ماوەی دوو مانگ بەرگرییانكرد، پاشان بڕیاریاندا بكشێنەوە بۆ ئەو ناوچانەی كە هێزەكانی ئەمریكای لێیە، بەڵام ئەمجارە ئەگەر توركیا هێرشبكاتەوە، هیچ شوێنێكی تر نییە پەنای بۆ ببەن.


هێزەكانی سوریای دیموكرات 30%ی رووبەری سوریایان بەدەستەوەیەو زیاتر لە 60 هەزار شەڕڤانی هەیە، بەڵام لەگەڵ نەمانی هەڕەشەی ئەمریكا بۆسەر ئەنكەرە، ئەردۆغان متمانەی بۆ شەڕكردن لە دژی هێزەكانی سوریای دیموكرات‌و دوورخستنەوەیان لە سنورەكان زیاتر دەبێت.
هێزی ئاسمانی توركیا خاڵی كاریگەری سوپای توركیایە لە هەر شەڕێكدا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان، وەك ئەوەی لە عەفرین روویدا، هەروەها لانیكەم 15 هەزار چەكداری گروپە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریاشی لە بەردەستدایە كە لە خۆرئاوای فورات لە عەفرین‌و چەند شارێكی سنوریی جێگیربوون.
ئەردۆغان باوەڕی وایە دەتوانێت چەكدارە عەرەبەكانی ناو هێزەكانی سوریای دیموكرات قایل بكات بەشداری شەڕو ململانێی كوردو توركیا نەكەن‌و دەستبەرداری "هەسەدە" بن.
سیناریۆی دووەم ئەوەیە كە پێشبینی دەكرێت هێزەكانی سوریا دیموكرات هەوڵی رێككەوتنێك بدات لەگەڵ حكومەتی سوریاو ئەگەری ئەوەش هەیە ئەسەد لە كۆتاییدا قایل ببێت بە هەماهەنگی‌و هاوپەیمانی لەگەڵ هێزەكانی سوریا دیموكرات، لەبەرئەوەی ئەوان كەمتر لە بوونی توركیا لە باكوری سوریا مەترسیدارن، هەروەها لەبەرئەوەی سوپای سوریا ژمارە زیاتری چەكدارو هێزی سەربازیی پێویستی نیە كە بتوانێت بەتەنها ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان كۆنترۆڵ بكات. 
هێزەكانی سوریا دیموكرات لە رابردوودا هەمیشە ئامادەبووە دانوستان لەگەڵ حكومەت سوریادا بكات، نوێنەرانی فەرمیی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ئەمساڵ دووجار لەگەڵ نوێنەرانی دیمەشق كۆبوونەوە، هەرچەندە ئەو دانوستانە هیچ ئەنجامێكی گرنگی لێنەكەوتەوە.
هەروەها پێشبیندەكرێت گۆڕانكاری لە هەڵوێستی حكومەتی سوریادا روبدات لەگەڵ داڕمانی پەیوەندییەكانی روسیاو ئێران‌و توركیا كە بەیەكەوە كاریانكردووە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لە سوریاو دۆزینەوەی رێگەچارەی سیاسی بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگی ناوخۆی ئەو وڵاتە، چونكە كشانەوەی ئەمریكا لە سوریا مەیلی روسیاو ئێران بۆ پەسەندكردنی پلانەكانی توركیا لاوازدەكات.
هەڵوێستی مۆسكۆ لە رابردوودا بۆ پشتیوانیكردنی روسیاو دژایەتیكردنی كورد تائاستێكی زۆر پەیوەست بوو بە هەوڵەكانی بۆ بێبەشكردنی ئەمریكا لە هاوپەیمانی نێوخۆیی‌و درزخستنە نێوان هێزەكانی ناتۆو چاندنی جۆرێك لە ناكۆكی لە نێویاندا.
هەروەك چۆن پشتیوانی ئەمریكا بۆ هێزەكانی سوریای دیموكرات، هێزە كوردییەكانی كرد بە هێزێكی سەرەكی لە سوریا، بەڵام بۆ چەند دوژمنێكی بەهێزیش جێیاندەهێڵێت. 
راگەیاندنی واشنتۆن لە كانونی یەكەمی 2017 بۆ پێكهێنانی هێزێكی پاسەوانی سنوری 30 هەزار چەكداری لە باكوری خۆرهەڵاتی سوریا، كە كۆڵەكەی بچنینەیی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەبن، بووە هۆكاری ئەوەی توركیا هێرشبكاتە سەر عەفرین، لەو ماوەیەی دوایشدا لێدوانە دووبارەكانی ئیدارەی ترەمپ دربارەی مانەوەی ئەمریكا لە سوریا هەتها چونە دەرەوەی هێزەكانی ئێران، هانی وەزیری دەرەوەی روسیا " سێرگی لاڤرۆڤ"ی دا كوردەكان‌و هاوپەیمانەكانیان بە جوداخواز تۆمەتباربكات.
رەنگە مۆسكۆ هەست بەوە نەكات كە پێویستی بە لە قاڵبدانی هەژمونی كورد دەبێت لە خۆرهەڵاتی سوریا، ئەگەر ئەمریكا لە دەرەوەی گۆڕەپانەكە بێت، رەنگیشە ببێتە پرسێك ئەگەر توركیا لە بەرامبەر كشانەوەی ئەمریكا شتێكی پێشكەشكردبێت كە پەیوەندی بە هەڵوێستی داهاتووی روسیاوە هەبێت.
بڕیاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و دەربڕینی رەزامەندی بۆ فرۆشتنی سیستمی بەرگری دژە موشەكی " پاتریۆت" بە توركیا كە هاوكات بوو لەگەڵ بڕیاری كشانەوە لە سوریا ئاماژەیەكە بۆ ئەگەری بوونی جۆرێك لە هەماهەنگی لە نێوان واشنتۆن و ئەنكەرە.
لە هەموو حاڵەتەكاندا بە دووردەزانرێن كە ئەردۆغان لە داهاتوویەكی نزیكدا پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكا ببڕێت بۆئەوەی لەگەڵ سیاسەتەكانی ترەمپ دژ بە ئێران یەكبگرێتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand