Draw Media

سلێمانی: لە دوو رۆژدا 100 گەنجی "وڵاتپارێز" دەستگیركراون 

سلێمانی: لە دوو رۆژدا 100 گەنجی "وڵاتپارێز" دەستگیركراون 

2018-12-22 11:53:41


( درەو میدیا): 

لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا لەناو شاری سلێمانی هێزەكانی ئاسایش (100) گەنجیان دەستگیركردووە، دەستگیركراوەكان"گەنجانی وڵاتپارێز)ن كە رێكخراوێكی سەربە پارتی تەڤگەری ئازادییە.

دەستگیركراوەكان تۆمەتبارن بە هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان لە شەقامی (سەهۆڵەكە)ی شاری سلێمانی دژ بە گۆشەگیری سەر (عەبدوڵا ئۆجەلان) رێبەری دەستبەسەركراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە).

دەستگیركردنی گەنجانی سەربە (پەكەكە) لە سلێمانی دوای ئەوەدێت لە سەرەتای ئەم مانگەدا دەسەڵاتدارانی یەكێتی بارەگاكانی پارتی تەڤگەری ئازادی كوردستانیان داخست، كە باڵی سیاسی پەكەكەیە لە هەرێمی كوردستان.
لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا)، بێریڤان محەمەد ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری تەڤگەری ئازادی كوردستان راگەیاند، لە كۆی ئەو (100) كەسەی كە دەستگیركراون (30) كەسیان ژنن.

بێریڤان وتى: "دەستگیركراوان لە زیندانەكاندا ئەشكەنجەدراون، دەستگیركردنی ئەوان لەكاتێكدایە ئێستا لە پەرلەمانی توركیا مانگرتنی پەرلەمانتاران بەردەوامە دژ بە گۆشەگیری رێبەر ئاپۆ". 

ئاماژەی بەوەكرد" دەستگیركردنی ئەو چالاكوانانە تەنها لە شوێنی چالاكییەكە نەبووە، بەڵكو لە شوێنی دوور لە شوێنی چالاكییەكەش خەڵك دەستگیركراوە، لەناو دەستگیركراوەكاندا چەندین كەسی خوار تەمەن ١٨ ساڵ هەن، بەبێ گوێدان بە كەمی تەمەنیان دەستگیركراون، هەروەها لەناو دەستگیركراوەكاندا ڕۆژنامەنووسان، ئەندامانی ڕێكخراوی گەنجانی وڵاتپارێزو ژنانی گەنجی تێكۆشەرو كۆمەڵەی كرێكارانی میزۆپۆتامیاو ژنانی چالاكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان هەن".

یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەكو دەسەڵاتداری یەكەمی زۆنی سەوز ماوەیەكە هەوڵێكی دەستپێكردووە بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیا، پێشبینی دەكرێن سنورداركردنی جموجوڵەكانی (پەكەكە) لە سنوری سلێمانی بەشێك بێت لەو هەوڵانە.

توركیا لە دوای ریفراندۆمەكەی ساڵی رابردووی هەرێمی كوردستانەوە ئاسمانی خۆی بەڕووی فڕۆكەخانەی سلێمانیدا داخستووە، ئەوە لەكاتێكدایە پێشتر سزای لەسەر فڕۆكەخانەی هەولێر هەڵگرت.
دەسەڵاتدارانی توركیا دەڵێن یەكێتی زۆنی سەوزی بەڕووی جموجوڵی (پەكەكە)دا دژ بە توركیا كردوەتەوە، بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ یەكێتی، ژمارەیەك مەرجیان هەیە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand