Draw Media

ئەردۆغان‌و رۆحانی لەسەر پەكەكە‌و پژاك رێككەوتن

ئەردۆغان‌و رۆحانی لەسەر پەكەكە‌و پژاك رێككەوتن

2018-12-21 13:59:24


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا دوێنێ لە ئەنكەرەی پایتەختی وڵاتەكەی میوانداری حەسەن رۆحانی سەرۆكی ئێرانی كرد.
دیداری ئەو دوو سەرۆكە دوای چەند كاتژمێرێك هات لە بڕیاری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ كشاندنەوەی هێزە سەربازییەكانی لە رۆژئاوای كوردستان (سوریا).
پەیوەندی ئابوری‌و هەڵگرتنی ئەو بەربەستانەی كە بەهۆی سزا ئابورییەكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران لە پەیوەندی هەردوو وڵاتدا دروستبووە، تەوەری سەرەكی كۆبونەوەی نێوان ئەردۆغان‌و رۆحانی بوو.
سەرۆكی هەردوو وڵات رێككەوتنیان كرد لەبارەی بەردەوامیدان بە هەماهەنگی نێوانیان لە سوریا‌و كاركردنی هاوبەش لەدژی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)‌و پارتی ژیانی ئازاد (پژاك).
هەردوو وڵات لە بەیاننامەی هاوبەشی خۆیاندا دوای كۆبونەوەی ئەردۆغان‌و رۆحانی رایانگەیاند" سود لەو پەیوەندییەی نێوانیان وەردەگرن بۆ روبەڕووبونەوەی گروپە چەكدارەكانی كورد (پەكەكە‌و پژاك)".
میدیاكانی ئێران پێشوازییەكەی ئەردۆغانیان لە حەسەن رۆحانی بە پێشوازییەكی "گەرم‌و دۆستانە" ناوبرد.


هەماهەنگی لە زەمەنی سزاكاندا
ئەردۆغان‌و رۆحانی دوای كۆبونەوەی دوو قۆڵی نێوانیان بەشدارییان لە پێنجەمین كۆبونەوەی ئەنجومەنی باڵای پەیوەندییە ستراتیژییەكانیان نێوان توركیا‌و ئێران كرد.
ئەو ئەنجومەنە لەسەردەمی ویلایەتی یەكەمی دەسەڵاتی حەسەن رۆحانیدا دروستكرا‌و ئامانج لێی فراوانكردنی پەیوەندی ئابوری نێوان هەردوو وڵات بۆ نزیكەی (30) ملیار دۆلار.
دوای كۆبونەوەی ئەنجومەنی باڵای پەیوەندییە ستراتیژییەكان، هەردوو وڵات بەیاننامەیەكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە‌و تێیدا جەختیان كرد لەسەر " پاراستنی رێككەوتنی ئەتۆمی‌و هاوكاری دولایەنە‌و هەماهەنگی هەرێمایەتی".
لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی هاوبەشی بەر لە بەڕێوەچوونی كۆبونەوەی ئەنجومەن، ئەردۆغان وتی: ئەنكەرە‌و تاران سورن لەسەر زیادكردنی هاوكارییەكانی نێوانیان"، رۆحانیش رایگەیاند" لەگەڵ ئەردۆغان رێككەوتوین لەسەر پەیوەندییە ئابورییەكانی نێوانمان بەتایبەتی لەناوچەی ترانزێت".
وەكو ئاماژەیەك بۆ ئەمریكا، رۆحانی وتی" هیچ وڵاتێكی سێیەم ناتوانێت پەیوەندی هاوسێیەتی‌و برایەتی‌و دۆستایەتی نێوان ئێران‌و توركیا تێكبدات"، پاڵپشتی هەڵوێستی ئەردۆغانیشی كرد لەبارەی سزاكانی ئەمریكاوە بۆسەر ئێران.
توركیا یەكێكە لە هاوبەشە سەرەكییەكانی ئابوری ئێران، رۆژی 6ی نۆڤێمبەری رابردوو واتە رۆژێك دوای گەڕانەوەی تەواوەتی سزاكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران، ئەردۆغان سزاكانی ئەمریكای بە كارێكی "هەڵە" ناوبرد‌و وتی:" توركیا پابەەند نابێت بەو سزایانەوە".
توركیا زیاتر لە نیوەی پێداویستی نەوتی خاوی خۆی لە ئێرانەوە هاوردە دەكات.
رۆحانی هەر لە سەردانەكەیدا بۆ توركیا، لەبارەی سزا ئابورییەكانی ئێرانەوە ئاماژەی بەوەكرد" هەنگاوەكانی ئەمریكا بەرامبەر بە ئێران سەد لە سەد تیرۆرستییە، چونكە بە ترساندن وا لە كۆمپانیاكان دەكات بازرگانی ئازاد لەگەڵ ئێران نەكەن".
لەم سەردانەدا بۆ ئەنكەرە، ژمارەیەك لە گەورە بەرپرسانی ئێرانی هاوڕێیەتی رۆحانیان دەكرد، لەوانە، محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوە، بێژەن زەنگەنە وەزیری نەوت، رەزا رەحمانی وەزیری پیشەسازی، مەحمود واعیزی بەرپرسی نوسینگەی سەرۆك كۆمار، فەرهاد دژپەسەند وەزیری ئابوری، رەزا ئەردكانیان وەزیری وزە.


هاوكاری سێ قۆڵی
ئەردۆغان‌و رۆحانی لەبارەی كێشەكانی ناوچەكەوە جەختیان كرد لەسەر بەردەوامیدان بە هاوكاری نێوان توركیا‌و ئێران‌و روسیا لە سوریا.
كۆبونەوەكەی نێوان ئەردۆغان‌و رۆحانی دوای دوو رۆژ هات لە گفتوگۆی وەزیرانی دەرەوەی ئێران‌و توركیا‌و روسیا بەمەبەستی دروستكردنی كۆمیتەیەك بۆ نوسینەوەی رەشنوسی دەستورێكی نوێ بۆ سوریا، بەڵام كۆبونەوەكەیان بەبێ ئەنجام كۆتایی هات.
لە قەیرانی سوریادا، ئێران‌و روسیا پشتیوانی رژێمی دەسەڵاتداری سوریا (بەشار ئەسەد) دەكەن، توركیاش پشتیوانی نەیارەكانی ئەسەد دەكات، بەڵام لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لەبارەی سوریاوە پێكەوە هەماهەنگی دەكەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand