Draw Media

دوای پەیوەندیە تەلەفۆنیەكەی لەگەڵ ئەردۆغان، ترەمپ بڕیاری كشانەوەیدا

دوای پەیوەندیە تەلەفۆنیەكەی لەگەڵ ئەردۆغان، ترەمپ بڕیاری كشانەوەیدا

2018-12-19 18:12:15


راپۆرتی: نامیق رەسوڵ
دوای دوو رۆژ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، دۆناڵد ترەمپ بڕیاریدا بە كشانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە رۆژئاوای کوردستان و هێزەكانی سوریای دیموكرات، ئەو بڕیارەی ترەمپ بە ناپاكی لە قەڵەم دەدات و دەڵێت:" ئەوە خەنجەر دانە لە پشتی ئێمە"، روسیاش خۆشحاڵە بەو بڕیارە.
لەگەڵ كۆنترۆڵكردنی رووبەرێكی بەرفراوان لە خاكی عێراق و سوریا لەلایەن داعشەوە، ئەمریكا هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژ بەو رێكخراوە تیرۆریستییە پێكهێنا و بۆ هاوكاریكردنی هێزەكانی سوریا دیموكرات، لە رۆژئاوای كوردستان و باكور و خۆرهەڵاتی سوریا، هێزی سەربازی رەوانەی سوریا و رۆژئاوای كوردستان كرد و لە چەند رۆژی رابردوودا هێزەكانی سوریای دیموكرات شارۆچكەی "هەجین" یان لە پارێزگای دێرزور كۆنترۆڵكرد كە دوا پێگەی چەكدارەكانی داعش بوو لە سوریا.
دوای ئەو ئۆپەراسیۆنە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، گریمانەی مانەوەی درێژخایەنی هێزەكانی وڵاتەكەی لە سوریا كۆتایی پێهێنا و بڕیاریدا سەرجەم هێزەكانی لە سوریا پاشەكشێ‌ پێ بكات.
ترەمپ ئەمڕۆ چوارشەممە لە تویتێكدا دەڵێت:" شەڕی دژ بە دەوڵەتی ئیسلامی - داعش- تاكە هۆكاری بوونی هێزەكانی ئەمریكا بوو لە سوریا و ئێستا داعش شكستپێهێنراوە".
ترەمپ مانگی ئازاری رابردوو بەڵینیدا بوو بە كشانەوەی زۆر خێرای هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا و پێدەچێت ئیتر هەنگاوی پراكتیكی بۆ ئەو پرۆسەیە دەستپێبكات، هەرچەندە برێت مەكگۆك نوێنەری ترەمپ لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە "داعش" چەند رۆژێك لەمەوبەر وتی:" كەس ناڵێت چەكدارەكانی داعش دیارنامێنن، هیچ كەسێك نییە ئەوەنە سانابێت، لەبەرئەوە دەمانەوێت بمێنینەوە، تاوەکو گرەنتی بەردەوامی سەقامگیری بكەین لەو ناوچانەدا".

قۆناغێكی نوێ‌
دوابەدوای تویتەكەی ترەمپ، سارە ساندەرز وتەبێژ بەناوی كۆشكی سپی ئەمریكا رایگەیاند، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەستیكردووە بە گەڕاندنەوەی هێزەكانی لە سوریاوە بۆ نیشتمان و هەڵمەتی دژ بە رێكخراوی داعش دەچێتە قۆناغێكی نوێوە.
ساندەرز لە بەیاننامەیەكدا وتیشی:" ئەو سەركەوتنانەی لە سوریا بەسەر داعشدا بەدەستهاتوون، ئاماژەنادەن بە كۆتایی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هەڵمەتەكەی، دەستمان كردووە بە كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمریكا بۆ نیشتمان و دەچینە قۆناغی دواتری هەڵمەتەكە.

" پرۆسەی كشانەوە دەستیپێكردووە"
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا " پێنتاگۆن" رایگەیاند، پرۆسەی كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا دەستیپێكردووەو ئەمریكا لە هەڵمەتیدا دژ بە داعش دەچێتە قۆناغێكی نوێوە.
دانا وایت، وتەبێژ بە ناوی پێنتاگۆن لە بەیاننامەیەكدا وتی:" هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەو شوێنانەی ئازادكرد كە داعش كۆنترۆڵی كردبوون، بەڵام هەڵمەتەكە كۆتایی نەهاتووە و پرۆسەی گەڕاندنەوەی هێزەكانی ئەمریكامان بۆ نیشتمان دەستپێكردووە لەگەڵ چوونە ناو قۆناغی دواتری هەڵمەتەكە".
وتەبێژەكەی پێنتاگۆن ئاماژەی بەوەشدا كە لە پێناوی پاراستنی هێزەكان و بەهۆكاری تایبەت بە ئاسایشی ئۆپەراسیۆنەكان، هیچ وردەكارییەكی تر ئاشكراناكەن و لەكاركردن لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانەكانیان بەردەوام دەبن بۆ شكستپێهێنانی "داعش" لە هەر شوێنێك كە چالاك بێت.
پرۆسەكە چەند دەخایەنێت؟
ئاژانسی رۆیتەرز لەسەر زاری بەرپرسێكی ئەمریكییەوە رایگەیاند لە چوارچێوەی خشتەیەكی زەمەنیدا هێزەكانی ئەمریكا لە ماوەی ( 60 بۆ 100 رۆژ) لە سوریا دەكشێنەوە.
ئەو بەرپرسەی ئەمریكا راشیگەیاندووە لە دوای تەواوبوونی قۆناغی كۆتایی ئۆپەراسیۆنی دژ بە "داعش" سەرجەم هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا دەكشێنەوە و لە ماوەی 24 كاتژمێریدا سەرجەم فەرمانبەرانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سوریا بەجێدەهێڵن

بە وتەی بەرپرسەی ئەمریكا  بڕیاری كشانەوە لە سوریا دوای پەیوەندییەكی تەلەفۆنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و رەجەب تەیب ئەردۆغان هاوتا توركییەكەی درا و وتی:" هەموو شتێك دوای ئەوە روویدا،  ئەوە لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتەندایە كە لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا كراوە".

هێزەكانی ئەمریكا ژمارەیان چەندە و لە كوێن؟
بە گوێرەی نوێترین زانیاری بەرپرسانی سەربازیی ئەمریكا، ژمارەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا نزیكەی " 2 هەزار"  سەربازە و لە چەند ناوچەیەكی رۆژئاوای كوردستان و باكور و خۆرهەڵاتی سوریا جێگیركراون و زۆرینەیان لە ناوچەی " مەبروكە"ی باكوری خۆرئاوای شاری حەسەكەن، ئەمەش گرنگترین بنكە سەربازییەكانی ئەمریكایە لە سوریا:
•    بنكەی رمێلان: دەكەوێتە فڕۆكەخانەی رمێلان لە خۆرهەڵاتی قامیشلۆی نزیك سنوری عێراق و تشرینی یەكەمی 2015 بونیادنراوە و یەكەمین بنكەی سەربازی ئەمریكایە لە سوریا.
•    بنكەی مەبروكە: لە خۆرئاوای شاری قامیشلۆ.
•    بنكەی مەنبەج.
•    بنكەی خەراب عشق:  لە شاری عەین عیسا.
•    بنكەی عەین عیسا: بە گەورەترین بنكە سەربازی سوپای ئەمریكا لە سوریا دادەنرێت لەڕووی رووبەرەوە.
•    بنكەی عەین عەرەب: لە ریفی باكوری حەڵەب.
•    بنكەی تەل بیدەر: لە باكوری پارێزگای حەسەكە و قامیشلۆ، و شارۆچكەیەكی سنورییە.
•    بنكەی گرێ‌ سپی: لەسەر سنوری سوریا- توركیا.
•    بنكە  تەنەف: لە نزیك سنوری عێراق- ئوردن
•    بنكەی زەكف:  دەكەوێتە 70 كیلۆمەتری باكوری خۆرهەڵاتی تەنەف، حوەزیرانی 2017  ئەم بنكەیە چۆڵكرا و بەوتەی چەند سەرچاوەیەكی ئۆپۆزسیۆن ئەمریكا بە رێككەوتن لەگەڵ روسیا ئەم بنكەیەی چۆڵكردووە
.

هەسەدە ئەمریكا بە خیانەتكار ناودەبات 
هێزەكانی سوریای دیموكرات كشانەوەی سوپای ئەمریكا لە سوریا. بەخیانەتكردن لە خوێنی هەزاران جەنگاوەری دادەنێت و دەڵێت:" ئەمریكا خەنجەری لەپشتەوە لێداون".
هێزەكانی سوریای دیموكرات راشیانگەیاندووە: ئەگەر ئەمریكا هێزەكانی لە سوریا بكشێنێتەوە. ئەوا خەنجەر لێدانە لە پشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات و یەكینەكانی پاراستنی گەل. كە رۆڵی كاریگەرو كارایان بینیوە لە شەڕی تێكشكاندنی چەكدارانی رێكخراوی "داعش".

" ترەمپ سیاسەتی ئۆباما پەیڕەودەكات"
بڕیاری كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە، كاردانەوە و ناڕەزایەتی لێكەوتەوە، بە گوێرەی رۆژنامەی نیویۆرك تایمز، بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا " پێنتاگۆن" هەوڵدەدەن ترەمپ لەو بڕیارە پاشگەزبكەنەوە، هەتاوەکو جارێكی تر چەكدارە توندڕەوەكان نەتوانن خۆیان كۆبكەنەوە و بێنەوە.
ئەو بەرپرسانە دەڵێن:" كشاندنەوەی سەربازانی ئەمریكا لە سوریا سازشكردن و چۆکدادانی تەواوەتییە بۆ هەژموونی روسیا و ئێران و هاوپەیمانەكانی بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا.
هاوكات لیندسی گراهام، سیناتۆری كۆماریی ناڕەزایەتی خۆی بۆ كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا راگەیاندو وتی:" ئەو بڕیارەی ترەمپ هەڵەیەكی گەورەیە و هاوشێوەی سیاسەتەكانی باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشووتری ئەمریكایە".
گراهام لە بەیاننامەیەكدا باس لەوەدەکات" پاشەكشێی ئەمریكا لەم كاتەدا، سەركەوتنێكی گەورە دەبێت بۆ داعش و ئێران و بەشار ئەسەد و روسیا، دەترسم ئەوە ئەنجامی وێرانكەری بۆسەر نەتەوەكەمان و ناوچەكە و هەموو جیهانی لێبكەوێتەوە".
ئەو سیناتۆرە كۆمارییە كە بەوە ناسراوە بەردەوام بەرگری لە ترەمپ دەكات وتیشی:" ئەو بڕیارە پشتبەستن بە هاوبەشەكانمان لە داهاتوودا قورس دەكات بۆ روبەڕوبونەوەی ئیسلامی رادیكاڵ و ئێران و لایەنە شەڕەنگێزەكانی تر، ئەوە وەك بەڵگەی لاوازی ئەمریكا دادەنرێت لە هەوڵەكانیدا بۆ سنورداركردن و نەهێشتنی هەژمونی ئێران".

"هەڵەیەكی مەترسیدارە"
هاوكات ماركۆ رۆبیۆ، سیناتۆری كۆمارییەكان  رایگەیاند بەخێرایی كشانەوە لە سوریا دەبێتە هۆی ئەوەی كورد و هێزەكانی سوریای دیموكرات شەڕ دژی داعش كۆتایی پێبهێنن و سوریا بدەنە دەست گەورەترین دوژمنی ئیسرائیل".
رۆبیۆ بڕیارەكە بە "هەڵەیەكی مەترسیدار" وەسفدەكات و دەڵێت "ئەنجام و كاردانەوەی خراپی بۆ ئەمریكا و ئیسرائیل دەبێت. تەنیا داعش، ئێران و حیزبوڵا قازانج دەكەن".
"ترەمپ هەڵەیە"
تۆبیاس ئیلوود وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی بەرگری بەریتانیاش لە كاردانەوەیدا بەرامبەر بەو بڕیارەی ئەمریكا رایگەیاند ترەمپ هەڵەیە لەو قسەیەدا كە دەڵێت داعش لە سوریا شكستپێهێنراوە.
ئیلوود لە تویتێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی:" زۆر لەگەڵ ترەمپدا جیاوازم، داعش خۆی گۆڕیوە بۆ جۆرێكی تر لە توندڕەویی و هەڕەشەكەی بەوپەڕی بەهێزییەوە بەردەوامە".
 روسیا خۆشحاڵە
وەزارەتی دەرەوەی روسیاش پێشوازی لەو بڕیارەی ئەمریكا كرد و لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند ئەو بڕیارە ئاسۆی چارەسەری سیاسی بۆ كێشەی سوریا دەكاتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی روسیا راشیگەیاند بە باوەڕی مۆسكۆ ئەو بڕیارەی ئەمریكا كاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر پێكهێنانی لیژنەی دەستوری سوریا و دۆخی ناوچەی تەنەفی نێوان سوریا و ئوردن.
ئاماژەیبەوەشدا  ویلایەتە یەكگرتووەكان دركی بەوە كردووە دژایەتیكردنی ئەو هەوڵانەی لە پرۆسەی ئەستانە لە نێوان روسیا و توركیا و ئێران دەربارەی سوریا دەدرێن، زیان بە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا دەگەیەنن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand