Draw Media

یەكێتی خاڵی لاوازی پارتی دۆزیوەتەوە

یەكێتی خاڵی لاوازی پارتی دۆزیوەتەوە

2018-12-19 14:30:23


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
یەكێتی خاڵی لاوازی پارتی گرتووە‌و دەیەوێت لەو رێگەیەوە لە دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا چۆك بە پارتی دابدات، لەناوخۆی یەكێتیش ماڵباتی تاڵەبانی هەوڵی گەڕاندنەوەی مەلا بەختیار دەدەن بۆ ناو یارییەكە.
پارتی دیموكراتی كوردستان یەكەم هەنگاوی كردەیی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم هەڵگرت، وەفدی دانوستانكاری پارتی لە سلێمانی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و بزوتنەوەی گۆڕان كۆبوەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ یەكێتی، وەفدی دانوستانكاری پارتی سەركردەكانی یەكێتیی ئاگاداركردووە لەوەی سێ پۆستی باڵا لە هەرێم بە یەكێتی دەدرێت كە ئەم پۆستانەن:
•    سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان
•    جێگری سەرۆك وەزیران
•    جێگری سەرۆكی هەرێم
لەبارەی پۆستی جێگری سەرۆك وەزیرانەوە، وەفدەكەی پارتی ئاماژەی بەوەكردووە، جێگری دووەم بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران زیاد دەكرێت‌و دەدرێت بە مەسیحییەكان، جێگری یەكەمی سەرۆك وەزیرانیش بۆ یەكێتی دەبێت.
لەبەرامبەردا هەر لە كۆبونەوەكەدا وەفدی دانوستانكاری یەكێتی بە وەفدەكەی پارتییان وتووە" لەمەودوا پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لەبەرامبەر پۆستی سەرۆكی هەرێمدا نییە، چونكە پارتی كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار هەبووە‌و كاندیدەكەی دەرنەچووە"، واتا یەكێتی لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت چیتر وەكو پێشتر پۆستی سەرۆكی هەرێم بۆ پارتی بەجێناهێڵێت.
یەكێتی لە كۆبونەوەكەدا داوای لە وەفدی دانوستانكاری پارتی كردووە، بەر لە دابەشكردنی پۆستەكان، رێككەوتنێك لە نێوان هەردوولا ئیمزا بكرێت.
خاڵی لاوازی پارتی!
تاوەكو جەلال تاڵەبانی سكرتێری یەكێتی لە ژیاندا بوو، پارتی هەمیشە لە دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەتدا لە هەرێمی كوردستان خاڵی لاوازی یەكێتی بە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دەگرت، وەكو نەوشیروان مستەفا لە یاداشتەكانی خۆیدا باسی دەكات، پارتی لە حەزی لەڕادەبەدەری تاڵەبانی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار تێگەیشتبوو، بۆیە لە بەرامبەر پێدانی ئەو پۆستە بە تاڵەبانی، داوای پۆستی سەرۆكی هەرێم‌و سەرۆكی حكومەتی دەكرد بەیەكەوە، ئێستا ئیتر تاڵەبانی باوك لە ژیاندا نەماوە، یەكێتیش بەبێ دانوستان‌و رێككەوتنی پێشوەختە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی بردەوە (بەرهەم ساڵح)، بۆیە هاوكێشەكە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە.
گەڕی یەكەمی دانوستانەكانی پارتی لەگەڵ یەكێتی دەریخست، ئەمجارە یەكێتی خاڵە لاوازی پارتی گرتووە‌و دەیەوێت لە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێدا كاری لەسەر بكات‌و لەڕێگەیەوە پشكی خۆی لە كێكی دەسەڵات زیاتر بكات.
یەكێتی دوو خاڵی لاوازی پارتی دۆزیوەتەوە‌و ئەگەر تا كۆتایی كاریان لەسەر بكات، رەنگە دواجار لەسەر مێزی دانوستانەكان پارتی بە چۆكدا بهێنێت.
یەكەم خاڵی لاوازی پارتی
پرسی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم دیارترین خاڵی لاوازی پارتی دیموكراتی كوردستانە لەسەر مێزی دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەت.
پارتی لە پڕێكدا پرسی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی هێنایەپێش كە هیچ یەكێك لە لایەنە سیاسییەكانی هەرێم پێشبینی ئەوەی نەكردبوو.
دوای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بە یاسا لە ناو پەرلەماندا، پێشبینی دەكرا پارتی لە دەستوردا چارەسەری پرسی سەرۆكایەتی هەرێم بكات‌و هەر لەڕێگەی دەستوری هەرێمەوە ئەو دامەزراوەیە كارابكاتەوە، بەڵام كشانەوەی مەسعود بارزانی بۆ مەسرور بارزانی كوڕی، پرۆسەكەی ئاڵۆز كرد، مەسعود بارزانی بەبێدەنگی لە دەسەڵات كشایە دواوە‌و مەسرور بارزانی كوڕی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی حكومەت كاندیدكرد‌و كۆتایی بە (17) ساڵ تەمەنی نێچیرڤان بارزانی برازای هێنا لە پۆستی سەرۆك وەزیراندا، بارزانی دەبوو هاوكات كارێكیش بۆ نێچیرڤان بارزانی برازای بكات كە رێگری بكات لە تێكچوونی شیرازەی بنەماڵەكەی، بۆ ئەوەش هیچ ئۆفەرێكی لەبەردەستدا نەبوو، جگە لە كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم‌و كاندیدكردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم. 
یەكێتی بە باشی لە هەوڵی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم لەلایەن پارتییەوە تێگەیشتووە‌و دەزانێت ئەمە خاڵی راگرتنی پارسەنگی بنەماڵەی بارزانییە، بۆیە دەیەوێت كاری لەسەر بكات‌و رەنگە ئەمەش هۆكارەكە بوبێت كە وەفدی دانوستانكاری یەكێتی بە پارتییان وتووە" چیتر پۆستی سەرۆك كۆمار لەبەرامبەر پۆستی سەرۆكی هەرێمدا نییە".
دووەم خاڵی لاوازی پارتی
"كات" بووە بە خاڵێكی لاوازی تری پارتی لە گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا، پارتییەكان دەیانەوێت لەماوەیەكی زەمەنی دیاریكراودا كابینەی نوێ پێكبهێنرێت، بۆ ئەوەی نیشانەی پرسیار نەخرێتەسەر تواناكانی مەسرور بارزانی كە یەكەمین ئەزمونی كاركردنیەتی لە سەرۆكایەتی حكومەتدا.
یەكێتی لە هەستیاری پارتی لە پرسی پەلەكردن لە پێكهێنانی حكومەت تێگەیشتووە، بۆیە پەلەی نییە‌و دەیەوێت بە كاتكوشتن پارتی ناچاربكات مل بە خواستەكانی بدات.
مەلا بەختیار دەگەڕێتەوە !
لەدوای هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح وەكو كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، مەلا بەختیار كە بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسییە، لە یەكێتی زویر بووە، ئەو ماوەیەك چووە دەرەوەی وڵات‌و ئێستا گەڕاوەتەوە، بەڵام لە ماڵەوە دانیشتووە‌و بەشداری كۆبونەوەكانی مەكتەبی سیاسی‌و ئەنجومەنی سەركردایەتی ناكات.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، دوێنێ شەو بافڵ تاڵەبانی كارەكتەری ژمارەی یەكی ماڵباتی تاڵەبانی (هاوكات زاوای مەلا بەختیارە) سەردانی مەلا بەختیار كردووە لە ماڵەكەی خۆی لە گردی عەلی ناجی لە شاری سلێمانی.
پێشتریش شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لێپرسراوی ناوەندی دەرەوەی یەكێتی كە یەكێكی ترە لە كارەكتەرە كاریگەرەكانی ماڵبات، سەردانی مەلا بەختیاری كرد.
پێدەچێت ماڵباتی تاڵەبانی هەستیان بە مەترسی گەورەبوونی هەژمونی كۆسرەت رەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی كردبێت، بەتایبەتی لەسەروبەندی پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت‌و دابەشكردنی پۆستەكاندا.
پێشتر كۆسرەت رەسوڵ لە زۆر پرسدا لەگەڵ مەلا بەختیار هاوڕابوو، بەتایبەتی لە پرسی ریفراندۆم‌و گفتوگۆكردن لەگەڵ پارتی‌و هەندێك لە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی، بەڵام لە پرسی هەڵبژاردنی كاندیدی سەرۆك كۆماردا، كۆسرەت رەسوڵ عەلی پشتی مەلا بەختیار بەردا، ئەمە جۆرێك لە ساردوسڕی لەنێوان هەردووكیان دروستكرد، دوای گەڕانەوەی بۆ كوردستان، كۆسرەت رەسوڵ سەردانی مەلا بەختیاری كرد بەهیوای چاككردنەوەی پەیوەندییەكانیان، بەڵام پێناچێت جارێكی تر جۆگەلەكان بچنەوە سەر رێڕەوی خۆیان، مەلا بەختیار دەگەڕێتەوە بۆ ناو گۆڕەپانە سیاسییەكە، بەڵام بەشێوازێكی جیاوازتر. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand