Draw Media

دابەشكردنی پۆستەكانی هەرێم چۆن‌و بە چ میكانیزمێك دەبێت؟ 

دابەشكردنی پۆستەكانی هەرێم چۆن‌و بە چ میكانیزمێك دەبێت؟ 

2018-12-18 09:39:37


راپۆرت: محەمەد رەئوف

ئەمڕۆ وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستانی بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان لە كابینەی نوێی حكومەتدا سەردانی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی كرد لە سلێمانی.

پارتی چەندجارێك جەختی لەسەر ئەوە كردووە كە دابەشكردنەكە بەپێی "ئیستحقاقی هەڵبژاردن" دەبێت‌و "فیفتی بە فیتفی" نابێت‌و "گفتوگۆی هەر سێ سەرۆكایەتیيەكەی هەرێم پێكەوە دەكرێت"، لەبەرامبەردا یەكێتی داوای "شەراكەتی راستەقینە" دەكات‌و دەیەوێت "پێش پێكهێنانی حكومەت" رێككەوتنی سیاسی بكرێت.

پۆستەكانی پارتی
پارتی دیموكراتی كوردستان كە (45) كورسی پەرلەمانی هەیە، دەیەوێت بەشی زۆری پۆستەكان بۆ خۆی ببات، بەر لە گفتوگۆی لایەنەكان پۆستی سەرۆكی هەرێم‌و حكومەتی بۆخۆی یەكلاكردوەتەوەو كاندیدیشی بۆیان دیاریكردووە، پارتی دەیەوێت ئەم پۆستانە ببات بۆ خۆی:
• سەرۆكی هەرێمی كوردستان 
• سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان 
• جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان 
• وەزیرە سیادیيەكان، لەوانە (سامانە سروشتیيەكان)و (ناوخۆ)و (دارایی)
•11 وەزارەت‌و دەستە 

 

پۆستەكانی یەكێتی  
یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە (21) كورسی پەرلەمانی هەیە، دەیەوێت شەریكی راستەقینەی حكومەتبێت‌و چاوی لە كۆمەڵێ پۆستی باڵایە، لەوانە:
• سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان 
• جێگری سەرۆك وەزیران 
• جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان 
• وەزیری پێشمەرگە 
• 7 وەزارەت‌و دەستە 

پۆستەكانی گۆڕان
بزوتنەوەی گۆڕان كە خاوەنی (12) كورسیيە لە پەرلەمانی كوردستان مەیلی بەلای بەشداریكردنی حكومەتەو چاوی لە كۆمەڵێك پۆستە، لەوانە:
• جێگری دووەمی سەرۆكی حكومەت (ئەگەر جێگرێك بۆ حكومەت زیاد بكرێت) 
• جێگری سەرۆكی هەرێم (ئەگەر جێگرێك بۆ حكومەت زیاد نەكرا) 
• جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان
• وەزارەتێكی سیادی 
• 3 وەزارەت‌و دەستە 

پارتی لەگەڵ ئەوەدایە پێش سەری ساڵ رێككەوتن بكرێت‌و سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت، دواتر دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارابكرێتەوەو لە پەرلەمانەوە نێچیرڤان بارزانی سوێندی یاسایی بخوات، پاشان مەسرور بارزانی رابسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەڵام یەكێتی لەگەڵ ئەوەیە پێشتر رێككەوتنێك بكرێت بۆ چوار ساڵی داهاتوو لەسەر تەواوی پرسەكان‌و پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت، هەروەها دوای 40%ی پۆستەكان دەكات دوای ئەوەی بۆی رونبووەوە پارتی بە "فیفتی بە فیفتی" رازی نابێت، بەڵام بەپێی زانیاریيەكان، پارتی رەزامەندی رێژەی 30%ى پۆستەكان بۆ یەكێتی داوە، ئەوەش لەدوای پێدانی پۆستەكان بە هێزەكانی دیكە.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand