گۆڕان دەستی پارتی شكاندەوە ؟
2018-12-17 12:58:10
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت حەمە - محەمەد رەئوف
چوار ساڵ لەمەوپێش كاتێك ناكۆكی كەوتە نێوان بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، پارتییەكان دەیانوت "گۆڕان هیچ كارێكی بەوە نییە سەرۆك لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت یاخود نا، تەنیا بۆ دەستشكاندنەوەی پارتی ئەو بابەتەی قوتكردوەتەوە"، ئێستا پارتی قایل بووە بە خواستى گۆڕان (هەڵبژاردنی سەرۆك لەناو پەرلەمانەوە)، ئایا بزوتنەوەی گۆڕان دواجار یارییەكەی لە پارتی بردەوەو "دەستی پارتی شكاندەوە"؟
پارتی بڕیاریداوە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارابكاتەوە بە جۆرێك سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێرێت، ئەمە ئەو پرسە هەستیارە بوو كە پارتی دوو ساڵ پەرلەمانی كوردستانی بەهۆیەوە پەكخستو بزووتنەوەی گۆڕانی لە حكومەت وەدەرنا.
پارتی چۆن رازی بووە بەوەی سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێتو سیستمی حوكمڕانیش لە هەرێم بكرێت بە سیستمێكی پەرلەمانی كە چوار ساڵی رابردوو شەڕی گەورە لەدژكردووە؟ ئایا بزوتنەوەی گۆڕان دواجار دەستی پارتی شكاندەوەو ناچاری كرد بە ملدان بە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە لەبری هەڵبژاردنی لەناو خەڵكەوە؟ ئەمە دوو پرسیاری گرنگە كە روبەرووی پارتی دەبێتەوە، دەكرێت هەر لە ئێستاشەوە وەڵامی هەردوو پرسیارەكە بدرێتەوە.
پارتی چۆن سەرۆكایەتی هەرێم كارا دەكاتەوە؟
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی باڵاوە دەستیكەوتووە، لە كۆبونەوەی ئەمدواییەی مەكتەبی سیاسی پارتی لەگەڵ هەریەك لە یەكێتی نیشتمانیو بزوتنەوەی گۆڕان، وەفدی پارتی بەڕوونو راشكاوی بە وەفدی یەكێتیو گۆڕانی وتووە كە "ئەوان دەیانەوێت پێش پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارابكرێتەوە".
وەفدی پارتی وەكو موجامەلەیەك بە وەفدی هەردوو حزبیان راگەیاندووە كە ئەوان دەیانەوێت سەرۆكی هەرێم (بۆ ئەم خولە) لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت، واتا بەوشێوازەی كە پێشتر بزوتنەوەی گۆڕانو یەكێتی نیشتمانیو لایەنەكانی تر داكۆكیان لێدەكرد.
وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی ئایا پارتی چۆن رازی بووە بەوەی كە سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت نەك لەناو خەڵكەوە، راستەوخۆ پەیوەندی بە چەند هۆكارێكەوە هەیە لەوانە:
• دوای كشانەوەی مەسعود بارزانی بۆ كوڕەكەی (مەسرور بارزانی)، نێچیرڤان بارزانی پۆستی سەرۆكی حكومەتی بۆ مەسرور بارزانی جێهێشتو خۆی بێ پۆست مایەوە، كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم هێندەی بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی بنەماڵەی بارزانیو دۆزینەوەی كارە بۆ نێچیرڤان بارزانی، هێندە لە روانگەی بەگرنگ تەماشاكردنی دەزگاكەوە نیە.
• هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو خەڵكەوە بەوشێوازەی كە پێشتر پارتی داوای دەكرد لە ئێستادا كارێكی ئاسان نیە، بەتایبەتی دوای ئەوەی نەتوانرا لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا بكرێت.
• پارتی وەك ئەوەی باسی كردووە تەنها بۆ ئەم خولە سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت، واتا بابەتەكە لای پارتی ئەوەندەی تەكتیكە، ئەوەندە ستراتیژ نیە، چەند بەرپرسێكی پارتی بەمدواییە بە ئاشكرا ئەوەیان راگەیاند كە لە دەستوری هەرێمدا سیستمی حوكمرانی دەكەن بە سیستمێكی "سەرۆكایەتی".
پارتیو گۆڕان.. سیستمی حوكمڕانی
پارتی لە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەماندا دەیەوێت پاسێك بە بزوتنەوەی گۆڕان بداتو وای نیشان بدات كە لەسەر داوای گۆڕان سەرۆك لە ناو پەرلەمانەوە هەڵدەبژێرێت، گۆڕانیش لە قۆناغێكی دیاریكراودا دەتوانێت ئەمە وەك دەستكەوتێك بۆ خۆی لێكبداتەوە، بەڵام راستییەكەی ئەوەیە كە لە دوور مەودادا (دوای ئەم خولە) پارتی دەگەڕێتەوە سەر بەزمەكەی جارانی خۆیو سیستمی حوكمڕانی بەوشێوەیە لێدەكات سەرۆك بەشێوەی راستەوخۆ لەناو خەڵكەوە هەڵبژێرێتو پەرلەمان مافی لێپرسینەوەی نەبێت لێی.
وا دەردەكەوێت هەندێك لە سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لەم چیرۆكە بێ ئاگا نەبن، چونكە پەسەندكردنی پرۆژە یاساكەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ "هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم" لە پەرلەمانی كوردستان، هەرزوو ئەو گومانەی دروستكرد كە گۆڕانو پارتی رێككەوتنی پێشوەختەیان كردووە لەبارەی پرسی سەرۆكایەتی هەرێمەوە.
رەنگە چیرۆكی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لە ناو پەرلەمانەوە هیچ نەبێت جگە لە دەرمانێكی بێهۆشكەری كاتی كە پارتی دەرخواردی گۆڕانی دەداتو بۆ ماوەیەكی كاتيی وای لێ دەكات هەست بە سەركەوتنو شكاندنەوەی دەستی پارتی بكات.
دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم!
هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە، پێویستی بە دەركردنی یاسای نوێو هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەیە، ئەو یاسایەی كە لە چوارساڵی رابردوودا خاڵی سەرەكی ناكۆكی نێوان لایەنەكان بوو.
خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كە تائێستا دانیشتنێكی كردووەو ئەو دانیشتنەشی بەكراوەیی بەجێی هێشتووە، پێویستە لەسەری بە یاسایەك كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم رابگەیەنێت، كارەكە لێرەدا تەواو نابێت، پەرلەمان دەبێت هاوكات كاركردن بە یاسای "دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم"یش رابگرێت، دوای ئەمەش هێشتا كارەكە ماویەتیو دەبێت یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 2005ی پەرلەمانی كوردستان هەموار بكاتەوە، بەتایبەتی ماددەی (دووەم)ی یاسای سەرۆكایەتی كە دەڵێت" سەرۆكی هەرێم بە دەنگدانی گشتیو نهێنیو راستەوخۆ هەڵدەبژێردریت" دەبێت هەموارەكە بە جۆرێك بێت كە سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەماندا بۆ (یەك خولی داهاتوو) هەڵدەبژێردرێت.
سەربای ئەمە ئەوانەی كە بۆ چوار ساڵی داهاتوو دەبن بە شەریكی پارتی لە دەسەڵات، دەبێت لە پەرلەمانی كوردستان ملكەچی خواستەكانی پارتی بن لەبارەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمو بەپێی خواستەكانی پارتی هەندێك لە دەسەڵاتەكان بگەڕێننەوە بۆ نێچیرڤان بارزانی، ئەوەی تائێستا بە ناڕوونی ماوەتەوە ئەوەیە ئایا پارتی هەموو دەسەڵاتەكانی پێشتری مەسعود بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم دەگەڕێنێتەوە بۆ نێچیرڤان بارزانی لە هەمان پۆستدا، یاخود بەشێكی زۆری ئەو دەسەڵاتانە ئەگەر بەشێوەیەكی كاتیش بێت هەر لەلای سەرۆك وەزیران (مەسرور بارزانی) دەهێڵێتەوە؟