ئاڵای كوردستان لە نێو پرسیار و گومانەكاندا ؟
2018-12-16 20:20:06
راپۆرتی: درەو میدیا
رۆژی 17ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێك بە رۆژی ئاڵای كوردستان دیاریكراوە و پەرلەمانی كوردستان بە بڕیاری ژمارە 48 ی رۆژی 19/6/2004 ئەو رۆژەی دیاریكردووە و ساڵی 1999ش یاسای ژمارە 4 بۆ ئاڵای كوردستان پەسەندكراوە و پێكهاتەی ئاڵای كوردستان رونكراوەتەوە.
شێوەی ئاڵای كوردستان گۆڕاوە
لە یاسای ژمارە ( 14 ) ساڵی 1999ی یاسای ئاڵای هەرێمی كوردستانی عێراق كە پەرلەمانی كوردستان پەسەندیكردووە، ئاماژە بەوە كراوە ئەو ئاڵایەی ئێستای هەرێمی كوردستان " سەركردەی نەمر قازی محەمەد بەر لە شەهیدبوونی ئەو ئاڵایەی تەسلیم بەسەركردەی روحی هەمیشە زیندووی نەتەوەی كورد مستەفا بارزانی كردووە" بەڵام كێشەكە لێرەوە دەستپێدەكات، چونكە ئەو ئاڵایەی ئێستا زۆر جیاوازە لە ئاڵاكەی قازی محەمەد كە لە سەردەمی دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە مهاباد لە 16/12/1945 هەڵكراوە و لە بری خۆرەكەی ئێستا دوو گوڵە گەنم و قەڵەم و خۆرێكی تیایە و بەدەستكاریەكی كەمەوە لە ئاڵای سەردەمی پاشایەتی ئێران وەرگیراوە و قازی محەمەد تەنها شێرو خورشیدەكەی ناوی گۆڕیوە بۆ دوو گوڵە گەنم و قەڵەم و خۆرێك، ئەگەرنا تەختی ئاڵاكەو رەنگەكانی هەمان ئاڵایە، بەڵام ئەو ئاڵایەی ئێستا زۆر جیاوازە لەو ئاڵایەی قازی محەمەد.
هەژاری موكریانی ( 1921 – 1991 ) لە شیعری ئاڵای كوردستاندا كە لە ژمارەی یەكی رۆژنامەی كوردستاندا لە 11/1/1946 بڵاوكراوەتەوە لە وەسفی ئاڵای كوردستاندا دەڵێت:
بێ ببینێ ئەو كەسەی پێی وایە كورد سەرناكەوێ
كێ بوو پێی وابوو تەمی نەگبەتی لەسەرمان ناڕەوێ
داری ئاڵاكەم وەكو چقڵێكە بۆ چاوی عەدوو
هەر دڵێ خۆشی نەوێ رەبی وەبەر خەنجەر كەوێ
پارچەكەی سێ رەنگی خۆی دەنوێنێ رەنگی سور دەڵێ
تا تنۆكێ خوێنی كورد مابێ قەدی من نانەوێ
سپییەكەی مژدەی بەیانی بەختی كورد كرد بەیان
رۆژی بەختی كوردی پەیدا بوو نەما پەردەی شەوێ
دوو گوڵی گەنمی دەڵێ ئاگات لە رزقی خۆت بێ
خۆت كە برسی بوو چی دوژمن پێی بژین لێرەو لەوێ
پێو دەڵێ نوكی قەڵەم گەر ژینی خۆش و پێی دەوێ
غەیری من دەست ناكەوێ بورجی تەرەقی پێش رەوێ
رەنگی سەوزی یانی دایكی ( نیشتمان) لەو رۆكەوە
جوان و سەرسەوزە وەرگیری كەوتەوە عومری نوێ
لاوەكان ناموسی نۆ ملیۆنە ئەو ئاڵایەمان
گیان بدەن بۆ حیفزی ئەو ناموسەتان لەمنوكەوێ
بە هەموو پێوەرێك ئەو ئاڵایەی ئێستای هەرێمی كوردستان، تەواو جیاوازە لەو ئاڵایەی سەردەمی قازی محەمەد لە ساڵی 1946 كە لە كۆماری كوردستان لە مهاباد هەڵكراوە، بۆیە ئێستا پرسیارەكە لەسەر ئەوەیە كە ئایا ئەو ئاڵایە ئەگەر ئاڵاكەی سەردەمی قازی محەمەدە بۆچی دەستكاری كراوە، كێ دەستكاری كردووە، " ئەگەر قازی محەمەد بە ئەمانەت داویەتیە دەست مستەفا بارزانی" بۆچی ئەو ئاڵایەی ئێستا نیە، لەگەڵ ئەوەی بەپێی زۆربەی سەرچاوە مێژووییەكان لەسەردەمی كۆتایی كۆماری كوردستان و دەستگیركردنی قازی محەمەد هیچ جۆرە بینینێك لە نێوان مستەفا بارزانی و قازی محەمەد روینەداوە و قازی محەمەد لە 23/12/1946 دەستگیركراوەو دوای زیاتر لە سێ مانگ لە 31/3/1947 لە سێدارە دراوە، لەو كاتانەشدا مستەفا بارزانی و بارزانییەكان لە مهاباد نەبوون لە شنۆ و نەغەدە نیشتەجێبوون، تەنانەت ( عەقید بەكر حەوێزی) كە ئەفسەر بووە لە سوپای كۆماری كوردستان و خەڵكی كۆیەیە لە كتێبەكەیدا بەناوی ( گەشتێك بە كۆماری مهاباددا) ئاماژە بەوە دەكات كە دواینجار كە پێكەوە لەگەڵ مەلا مستەفا، قازی محەمەدیان بینیوە، هیچ ئەمانەتێكی نەداوە بە مەلا مستەفا تەنها بە منی ئەوی وتوە " ماشێنەكەی من بەرن و سودی لێ وەربگرن، منیش وتومە چاوم بەرایی نادات ماشێنی تۆ بەكاربهێنم و بۆ خۆت بیسوتێنە" بۆیە گەڕاندنەوەی ئەم ئاڵایەی ئێستا هەرێمی كوردستان بۆ ئاڵاكەی سەردەمی كۆماری كوردستان گومان و پرسیاری زۆر هەڵدەگرێت.
ئاڵای كوردستان لە هەرێمی كوردستان
ئاڵای كوردستان لەهەرێمی كوردستانن ساڵی 1999 لەلاین پەرلەمانەوە كە ئەو كات تەنها پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەماندا بوو بە یاسایی كرا.
بەپێی یاسای ژمارە ( 4 ) ساڵی 1999ی یاسای ئاڵای هەرێمی كوردستانی عێراق كە لە پەرلەمانی كوردستان دەركراوە، لە مادەی یەكەمی یاساكەدا ئاماژە بەوە پێكهاتەی ئاڵای كوردستان كراوە كە :
هەرێمی كوردستانی عێراق ئاڵایەكی دەبێت بە شێوەی لاكێشەیی كە پانیەكەی دوو لەسەر سێی درێژیەكەی دەبێت و دابەشكراوە بەسەر سێ لاكێشەی ئاسۆیی یەكسان لە درێژی و پانیدا و پێكهاتەكەی بەم شێوەیە دەبێت:
1- لاكێشەی سەرەوە رەنگی سورە هێمای شەهیدانی بزاڤی رزگاری خوازی كوردە.
2- لاكێشەی ناوەرسات رەنگی سپی دەبێت هێمای ئاشتی و ئازادی و دیموكراسی و لێبوردنە كە خەڵكی كوردستان ئاواتە خوازیەتی.
3- خۆرێكی زەرد دەكەوێتە ناوەراستی لاكێشە سپییەكەوە چەقەكەی خاڵی یەكتربڕینی تیرەی لاكێشە سپیەكە دەبێت و تیرەی خۆرەكە ئەوەندەی پانایی لاكێشە سپیەكە دەبێت و ( 21 ) تیشكی لێوە دەردەچێت بە شێوەی سێ گۆشەی دولای یەكسان، خۆرە زەردەكە هێمای بەردەوام بونی ژیان و زانست و هێواو ئومێدەو 21 تیشكەكەشیش هێمای جەژنی نەورۆزە.
4- لاكێشەی خوارەوە سەوز دەبێت و هێمای كشتوكاڵ و سروشت و ژینگەی كوردستانە.
لە مادەی سێیەمیشدا ئاماژە بەوە كراوە كە هەڵكردنی ئاڵاكە لە كاتی خۆرهەڵاتندا دەبێت و هاتنە خوارەوەشی لەكاتی خۆرئاوابووندا دەبێت.
جیاوازی لەسەر ئاڵای كوردستان
ئەگەرچی لە هەرێمی كوردستان ئەم ئاڵایەی ئێستا بە یاسایی كراوەو لە رۆژهەڵاتی كوردستانیش بەكاردەهێنرێت، بەڵام ئەو ئاڵایە لە رۆژئاوا و باكوری كوردستان بەكارناهێنرێت و لەوێ زیاتر ئاڵای سەردەمی ماد بەكاردەهێنن كە سێ رەنگە ( زەرد و سور و سەوز) بەو پێیەش كورد لە چوار پارچەكەی كوردستان لەسەر شێوازی ئاڵایەك رێكنەكەوتوون و جیاوازیان هەیە.
پۆلێن كردنی مێژووی ئاڵای كورد:
1- ئاڵای كورد لە سەردەمی دەوڵەتی ماد (700 ساڵ پێش زایین): لە سێ رەنگ پێكهاتووە (زەرد و سور و سەوز)
2- ڕاپەڕینی بەتلیس لە ساڵی 1914 ئاڵایەكی هەبوو بە قوماشێكی زێڕین دروستكرابوو ئایەتێكی قورئانی تێدا بوو.
3- ئاڵای سەردەمی شێخ مەحمود لە ساڵی 1919 لەسەر باڵەخانەی ئەفسەری سیاسی بەریتانیا هەڵكرا كە بریتی بوو لە مانگێكی سور و ڕووبەرێكی سەوز.
4- ئاڵای سەردەمی شۆڕشەكەی سمكۆی شكاك لە ساڵی 1922 هەڵكرا تیایدا نوسرا بوو كوردستانی ئازاد .
5- شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە ساڵی 1925 ئاڵایەكی هەبوو ڕەنگی سەوز بوو ڕۆژێك لە ناوەڕاستیدا بوو.
6- ئاڵای كورد لە كۆماری ئارارات 1927 – 1930: لە سێ رەنگی ( سور و سەوز و سپی و ناوەڕاستەكەشی بازنەیەكی زەردو و شاخێكی تیایە).
7- لەسەردەم كۆمەڵەی هیوا لە ساڵی 1937 ئاڵایەكیان هەبوو، ئەندامانی ئەم كۆمەڵەیە بە قورئان و خەنجەر و ئاڵا دەبوو سوێندبخۆن.
8- حزبی ئازادی كوردستان لە ساڵی 1938 دەمەزرا، ئاڵایەكەیان بریتی بوو لە دوو خەنجەر و سێ ئەستێرە.
9- بۆ یەكەمجار لەسەردەمی دامەزراندنی كۆماری كوردستاندا لە مهاباد لە رۆژی 16/12/1945 لە گۆڕەپانی چوارچرا یەكەمین ئاڵا هەڵكرا تاوەكو ئێستا وەك ئاڵای كورد ماوەتەوە.
10- ئێستاش ئاڵای كوردستان بەرەسمی لە پەرلەمانی كوردستان بە یاساییكراوەو لە رەنگەكانی ( سور و سپی و سەوز ) پێكهاتووەو ناوەڕاستەكەشی خۆرێكی تیایە.
ئاڵای كوردستان لە شیعری كوردیدا
ئاڵا یەكێكە لەو هێما نەتەوەییانەی كە شاعیرانی كورد بایەخێكی فراوانیان پێداوە و لەروانگەی جیاوازەوە لە شیعرەكانیاندا بەرجەستەیان كردووە. لێرەدا بە كورتی و چەند نمونەیەك ئاماژە پێدەدەین:
عەلی هەریری (1530 – 1600):
سەبیدی حەق نەزەر ڤێرا
د ئیقلیمان عەلەم گیرا
ئەحمەدی خانی (1650– 1707:
من دی عەلەما كەلامێ مەوزون
عالی بكرا ل بانی گەردوون
مەلای جزیری (1567 -1640):
رایەتا فەتحی بە نەسرا (لم یرل) مەنشوور بوو
شەهسواری فەردێ سوبحانی عەلەمدارێ تەبی
(مستەفا بەگی كوردی 1809 – 1849)
دڵ بوو؟ بردی ، عەقڵ ودین و ئابڕوو بوو ؟ لێی سەندم
بۆیە، نابووت، تەپڵی، تەپڵی سەر، لە دەس ئاڵا دەكا
خانای قوبادی (1704 – 1778):
مەهدی لە مەككەیێ دەردێ
ئاڵای تەبیبی لە بۆدێ
نالی (1797 – 1855):
وا چاكە خەیاڵت لەگەڵ ئەسراری هودابێ
نەك بەحسی سروور و عەلەمی بادی هەوا بێ
حاجی قادری كوێی (1815 -1897):
بەشیر و خامە دەوڵەت پایەدارە
ئەمن خامەم هەیە شیر نادیارە
نە بەیداغی هەیە نە تەپڵ و كورسی
ئەمەندەی پێ كرا بێ چارەنووسی
ئاڵا لە شیعری نوێی كوردیدا:
شێخ نوری شێخ ساڵح (١٨٩٦- ١٩٥٨) لەشیعری (شیوەنی شێخ مەحمودی سەرۆك)دا دەڵێ:
هەزاران روحی جۆشانی وەتەن خواهانی كوردستان
لەسەر تابووتەكەی وەستاوە بۆ تەشیعی جوسمانی
بەسەر سەیارەوە بەیداخی رەش ئەشنێتەوە دایم
جلی ڕەش بوەتە مۆدە بۆ هەموو خەڵقی سلێمانی
كانی (١٧٩٧- ١٩٧٥):
بەشەر ئیللا بە كۆشش بەرز ئەكا بەیداغ و رەمزی خۆی
موحەققەق تەمبەڵی و سستی پەشیمانی لەگەڵ دایە
قانیع (١٨٩٩- ١٩٦٥)، لە ساڵی ١٩٤٦ و لەكاتی هەڵكردنی ئاڵای كۆماری كوردستان، نامە شیعرێك دەهۆنێتەوە و بۆ(بێكەس)ی شاعیری دەنێرێت، كە تیایدا دەڵێت:
ئەلحەمدولیلا ئاڵا هەڵكرا
ماوەی ئەهلی دڵ ئەمڕۆكە درا
هەركەس لەهەرلا وڕ و سەرسامە
راكا ئەم ئاڵا كۆگای مەرامە
جگەر خوێن (١٩٠٣- ١٩٨٤):
وەرە خوشكێ تو زوو ڕابە دشەڕدا رەنگێ شێرابە
بەری ئاڵا مەیە رەنگن ل سەر شاخان تە هلدا بی
دڵداری شاعیر (1918 -1948) كە خاوەنی سرودی نەتەوەیی (ئەی ڕەقیب)ە و هەر لەنێو ئەو سرودەدا باس لە ئاڵای كوردستان) دەكات و دەڵێت:
كەس نەڵێ كورد مردووە كورد زیندووە
زیندووە قەت نانەوێ ئاڵاكەمان
سەید كامیلی ئیمامی " ئاوات " (1903 – 1989) لە شیعرێكدا بەناوی (ئاڵا) دەڵێ:
لەو پارچە سێ ڕەنگەی وەك باڵی هومای ئاڵا
هەودایەكی لێ بووە، فەوری لە ملم ئاڵا
تەعریفی نییە ئاڵا، ئاڵایەكی ڕەنگینە
سوور و سپی و سەوزە، ڕۆح حازرە بەسەودا
كامەران موكری (1929 – 1986) لە شیعرێكیدا بە نێوی (بۆ قازی محەمەد) دوای لەسێدارەدانی پێشەوا بە حوزنێكی قوڵەوە لەو كارەساتە دەدوێت و ئاوا باس لە(ئاڵا) دەكات:
ئاڵای كورد لە دڵ و چاوا
لە كەژا جۆگەی خوێناوا
بۆ ئەم گەلەی هی تۆ و منە
وردە وردە كەوتە شنە
عەبدوڵڵا پەشێو لە (دوازدە وانە بۆ منداڵان)دا، وانەی یازدەمی تایبەت كردووە بەئاڵا و دەڵێت:
مناڵەكان! ئەی بێلانە ژین تاڵەكان،
شەو لە خەوما ڕێبوارێك بووم
بۆ بارەگای (یوتان) دەچووم
كە دەروازەكەی قووتی دام
ڕەشم بینی ـ ئاڵای هەبوو،
سپیم بینی ـ ئاڵای هەبوو،
هەرچیم بینی ـ ئاڵای هەبوو،
قیژاندییان:
“ئەی بێ وڵات، بۆ دەرەوە!
ئەی بێ ئاڵا، بۆ دەرەوە!”
منیش گوتم:
“مەقیژێنن!
كە دەچمەوە،
ئەم چیرۆكە بۆ منداڵان دەگێڕمەوە!