Draw Media

پارتی ماڵباتی تاڵەبانی لە دەسەڵات دووردەخاتەوە

پارتی ماڵباتی تاڵەبانی لە دەسەڵات دووردەخاتەوە

2018-12-16 13:44:21


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف

پارتی دەیەوێت پێگەی ماڵباتی تاڵەبانی لە حكومەتی داهاتوو لاواز بكات، یەكێتیش دەیەوێت بەر لە دەستپێكردنی دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەت، رێككەوتن لەگەڵ گۆڕان بكات‌و لە چەند رۆژی رابردوودا هەندێك كۆبوونەوە لەنێوان سەركردەكانی یەكێتی‌و گۆڕاندا كراوە.
زیاتر لە دوو مانگ‌و نیو تێپەڕێوە بەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا، هێشتا پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن بەجددی لەگەڵ لایەنەكان باسی لە چۆنیەتی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت‌و دابەشكردنی پۆستەكان نەكردووە.
پارتی یاری بە كات‌و كارتی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتەوە دەكات بۆ پەرتكردنی دۆخی ناوخۆیی لایەنە سیاسییەكانی بەرامبەری‌و شەكەتكردنیان لەسەر مێزی دانوستانەكان.
وا دەردەكەوێت لە یاریكردن بە كارتی كاتەوە، پارتی بە پلەی یەكەم ئامانجی ماندووكردنی یەكێتی بێت، بەتایبەتی لەكاتێكدا سەركردەكانی پارتی بەڕوونی دابەشبوونی ناوخۆیی یەكێتی‌و شەڕكردنیان لەسەر بەشە كێكی حكومەتی داهاتوو دەبینن.

یارییەكەی پارتی لەگەڵ یەكێتی!
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستیكەوتووە، یەكێتی نیشتمانی دەیەوێت لە كابینەی داهاتوودا رێژەی (40%)ی پۆستەكانی پێبدرێت‌و لەبەرامبەردا پارتی وەكو براوەی یەكەم رێژەی (60%)ی پۆستەكان ببات،  ئەمەش دوای دەركردنی پشكی ئەو لایەنانەی تر لە بەشداری لە حكومەت دەكەن (بزوتنەوەی گۆڕان).
لەبەرامبەردا پارتی دەیەوێت دوای دەركردنی پشكی لایەنەكانی تر (بزوتنەوەی گۆڕان)، رێژەی (30%)ی پۆستەكان بە یەكێتی بدات‌و رێژەی (70%)ی پۆستەكان بۆخۆی ببات.
ئەمەش لەكاتێكدایە پارتی بەبێ هیچ دانوستانێك لەگەڵ یەكێتی‌و لایەنەكانی تر، پرسی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی هێناوەتە پێشەوە‌و لە كۆی سێ پۆستی سەرۆكایەتی، دوو پۆستی سەرۆكایەتی بۆ خۆی یەكلاكردوەتەوە (سەرۆكایەتی هەرێم‌و سەرۆكایەتی حكومەت).

ماڵباتی تاڵەبانی پەراوێز دەخات!
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پارتی دەیەوێت لە كابینەی نوێی حكومەتدا پێگەی ماڵباتی جەلال تاڵەبانی‌و ئیبراهیم ئەحمەد لاواز بكات.
رۆژی 11ی ئەم مانگە لە هەولێر مەكتەبی سیاسی پارتی‌و یەكێتی كۆبوونەوە، ئەو كۆبوونەوەیە لەسەر داوای یەكێتی بوو، بڕیار بوو لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەڕێوەبچێت، بەڵام دواتر كۆبوونەوەكە برایە ماڵی نێچیرڤان بارزانی.
بەپێی زانیارییەكان هۆكاری گواستنەوەی شوێنی كۆبوونەوەكە لە مەكتەبی سیاسی یەكێتییەوە بۆ ماڵی نێچیرڤان بارزانی، رێگریكردن بووە لە بەشداریكردن ئەندامانی ماڵباتی تاڵەبانی لە كۆبوونەوەكەدا، بەڵام بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی ریسەكەی لێكردن بە خوری‌و دواجار خۆی كرد بە كۆبوونەوەكەی ماڵی نێچیرڤان بارزانیدا، ئەوەش لەكاتێكدایە بافڵ تاڵەبانی هیچ پۆستێكی فەرمی لەناو یەكێتیدا نییە.
دیمەنی سڵاوكردنی بافڵ تاڵەبانی لە ئەندامانی وەفدی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی لە ماڵی نێچیرڤان بارزانی، ئەو راستییەی ئاشكراكرد، كە وەفدەكەی یەكێتی بەبێ هەماهەنگی چونەتە ناو كۆبوونەوەكەوە.


رۆژی هەینی قوباد تاڵەبانی كوڕە بچوكی جەلال تاڵەبانی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، تویتێكی كرد‌و تێدا نوسی "ئەگەر كەتنێكی گەورە نەكەین، دۆخی ئابوری كوردستان باشتر دەبێت"، پارتییەكان وا لێكیاندایەوە مەبەست لە وشەی "كەتن" ریفراندۆمەكەی ساڵی رابردوو بێت كە مەسعود بارزانی سەرۆكاتی كرد‌و هەرێمی روبەڕووی گەمارۆی ئابوری‌و سیاسی كردەوە، بەوهۆیەشەوە پارتی لەسەر ئاستی سەركردەكانی بە زمانێكی توند وەڵامی قوباد تاڵەبانی دایەوە.
ئەم شەڕە قسەیەی سەركردەكانی پارتی لەگەڵ قوباد تاڵەبانی لەسەروبەندی دەستپێكردنی دانوستانەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، مانای سیاسی خۆی هەیە، بەتایبەتی بەرامبەر بە قوباد تاڵەبانی كە تاكە نوێنەری ماڵبانی تاڵەبانی دەبێت لە كابینەی نوێدا‌و بڕیارە پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت وەربگرێتەوە.
(درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەناو پارتی‌و یەكێتی زانیویەتی، پارتی دەیەوێت لەكابینەی نوێدا یەكێتی لە ماڵباتی تاڵەبانی جیابكاتەوە‌و ئەندامانی ماڵبات لە حكومەت دوربخاتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو بێ متمانەییە كە لە دوای رووداوەكانی "16ی ئۆكتۆبەر"ەوە لەنێوان هەردوو ماڵباتی بارزانی‌و تاڵەبانیدا دروستبووە.
بەگوێرەی زانیاری (درەو میدیا)، پارتی دەیەوێت شوێنی ئەندامانی ماڵباتی تاڵەبانی لە كابینەی نوێدا بە كەسانی سەربە كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی‌و مەلا بەختیار ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی پڕبكاتەوە.

گۆڕان .. خاڵی پارسەنگ
بزوتنەوەی گۆڕان لەدوای كۆچی دوایی رێكخەرەكەی (نەوشیروان مستەفا) ژمارەی دەنگەكانی بەرێژەی (61%) كەمیكرد، بەڵام قوڵبونەوەی ناكۆكی نێوان پارتی‌و یەكێتی، پێگەی سیاسی گۆڕانی بەهێزكردووە.
پێگەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان ئێستا بەهێزترە لەو كاتەی كە كابینەی هەشتەمی حكومەت لە 2014دا پێكهێنرا‌و هێشتا نەوشیروان مستەفا لە ژیاندا بوو، ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان بووەتە خاڵی پارسەنگی ململانێكانی پارتی‌و یەكێتی، رەنگە جیاوازییەكە ئەوەبێت، نەوشیروان مستەفا وەكو سیاسییەكی قاڵبوو لە گۆڕەپانی دانوستاندا رێگەی نەدەدا هیچ یەكێك لە پارتی‌و یەكێتی خۆی‌و بزوتنەوەكەی لەدژی یەكتر بەكاربهێنن، بەڵام سەركردەكانی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان بوون بە بەشێك لە ناكۆكییەكانی نێوان ئەو دوو پارتە دەسەڵاتدارە، ئەمەش گوڕێكی بە بزوتنەوەكە داوە لە زەمەنی داكشانی دەنگەكانیدا.
پارتی ئامانجی سەرەكی لە راكێشانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ناو حكومەت ئەوەیە، كۆتایی بهێنێت بە هاوكێشەی دابەشكردنی پۆستەكان لەگەڵ یەكێتی بەشێوەی (50+50)، چونكە ئەگەر گۆڕان بەشدار بێت، پشكی یەكێتی دەبات، بەپێچەوانەوە ئەگەر گۆڕان بەشدار نەبێ لە حكومەت، مۆركی دوو ئیدارەیی بەسەر كابینەی نوێی حكومەتەوە دیار دەبێت‌و هاوشێوەی رۆژانی دوو ئیدارەیی، یەكێتی لە سنوری قەڵەمڕەوی خۆی باڵادەست دەبێت‌و پارتیش لە قەڵەمڕەویی خۆی.

یەكێتی لە یارییەكە تێگەیشتووە؟
هەندێك لە سەركردەكانی یەكێتی نیشتمانی بەڕوونی لە گەمەكەی پارتی بۆ بەشداریپێكردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت تێگەیشتوون، بۆیە دەیانەوێت بە هەر بەهایەك بێت بەر لە دەستپێكردنی دانوستانەكان بۆ دابەشكردنی پۆستەكان، گۆڕان لەژێر باڵی پارتی بهێننە دەرەوە.
(درەو میدیا) زانیویەتی، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق‌و جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی پرۆژەیەكی داوەتە مەكتەبی سیاسی حزبەكەی سەبارەت بە بارودۆخی ناوخۆی یەكێتی‌و كوردستان، یەكێك لە خاڵەكانی ئەو پرۆژەیە تایبەتە بە لێكنزیككردنەوەی یەكێتی‌و گۆڕان‌و زیندووكردنەوەی رێككەوتنە سیاسییەكەی نێوانیان.
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەسەر بنەمای ئەو پرۆژەیەی بەرهەم ساڵح،  یەكێتی دەیەوێت رێخۆشكەری بكات بۆ سازدانی گفتوگۆ لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان‌و لە چەند رۆژی رابردوودا لەسەر ئاستی كەسیی هەندێك دیدار لەنێوان سەركردەكانی هەردوولا هەبووە.
یەكێتی بەپلەی یەكەم ئامانجی لەم نزیكبونەوەیە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەیە، پارتی لە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا بەشداری گۆڕان بۆ لێدان لە پێگەی یەكێتی بەكارنەهێنێت‌و هەردوولا وەكو دوو هێزی ناوچەی سلێمانی پێكەوە لەبەرامبەر پارتی بوەستنەوە.
بەڵام پێناچێت بزوتنەوەی گۆڕان پێش پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت ئامادەی هیچ كۆبونەوەیەكی فەرمی بێت لەگەڵ یەكێتی، چونكە ئەمە بەتەواوەتی كارتی گۆڕان لای پارتی دەسوتێنێت، سەرباری ئەمە هەندێك لە سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە ماوەی رابردوودا ئەوەیان ئەزمون كردووە، یەكێتی جددی نییە لە رێككەوتن لەگەڵ گۆڕان‌و هەرجارێك هەوڵی گفتوگۆی دابێت، بۆ ئەوە بووە گۆڕان لە پارتی دوربخاتەوە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand