Draw Media

 كێكی حكومەت، ناكۆكییە قوڵەكانی یەكێتی و پارتی كۆتایی پێدەهێنێت؟  

 كێكی حكومەت، ناكۆكییە قوڵەكانی یەكێتی و پارتی كۆتایی پێدەهێنێت؟  

2018-12-15 20:50:12


راپۆرتی: نامیق رەسوڵ

یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، لە دوا كۆبوونەوەیاندا ئاماژەیان بە رەوینەوەی گرژییەكانی نێوانیاندا كە لەدوای ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی 2017 و روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە دروست ببوو، بەڵام شەڕی میدیای و لێدوانی ئاگرینی نێوانیان بەردەوامە، تویتێكی قوباد تاڵەبانی پشكۆی ناكۆكییەكانی نێوان ئەو دوو حزبە دەگەشێنێتەوە، ئەم دوو هێزە ئەگەرچی لە راگەیاندنەكانەوە باس لە باشبونی پەیوەندییەكانیان دەكەن، بەڵام لە جەوهەردا ئەم دوو هێزە ناكۆكی قوڵیان هەیە.

 
قوباد تاڵەبانی كەتنی نایەوە
هەفتەی رابردوو وەفدی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر كۆبوونەوە، دوای كۆبوونەوەكەش سەعدی پیرە وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆبوونەوەكەی بە ئیجابی وەسفكرد و رایگەیاند" سەرەتایەك بوو بۆ گەرمكردنەوەی پەیوەندییەكان" ی ئەو دوو حزبەی كە لە سەرجەم كابینەكانەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوپەیمان و پشتیوانی یەكتربوون.
دوای ئەو هەنگاوەی یەكێتی و پارتی بۆ گەرمكردنەوە و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان، تویتێكی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێم، نیگەرانی و كاردانەوەی پارتی لێكەوتەوە و جارێكی تر شەڕە لێدوان لە نێوان بەرپرسانی ئەو دوو حزبەدا دەستیپێكردەوە.
قوباد تاڵەبانی لە تویتەكەیدا دەڵێت:" پێم وایە كە ئەگەر بەردەوام بین لەسەر چاكسازییەكانمان، رێکكەوتنمان لەگەڵ بەغداد تێك نەچێت، نرخی نەوت زۆر دانەبەزێت و كەتنێكی گەورە نەكەین پێشبینی دەكەم دۆخی ئابووری كوردستان باشتر ببێت"
هەرچەندە تاڵەبانی كوڕ لە تویتەكەیدا روونی نەكردوەتەوە مەبەستی لە كەتنی گەورە چییە، بەڵام بەشێك لە بەرپرسانی پارتی بە ئیزتفزاز لێكیاندایەوەو پێیان وابوو " كەتنە گەورەكە"ی قوباد تاڵەبانی مەبەستی " ریفراندۆمە" كە پارتی بە موڵكی خۆی دەزانێت، عەلی عەونی ئەندامی سەركردایەتی پارتی لە پۆستێكیدا  زۆر بە رەقی وەڵامی قوباد تاڵەبانی دایەوە و دەڵێت:" كەتنی هەرە گەورەی بەناو كورد كردبێتی, خیانەتی شانزەی ئۆكتۆبەر بوو, ئەم خیانەتە بووە هۆی ئەوەی نیوەی كوردستان رادەستی حەشد و عەرەبی داگیركەر بكرێت، كاك قوباد راست دەكات, ئەگەر براكەی و دایكی و پوری و ئامۆزاكانی هیچ كەتنێكی دیكەی گەورە نەكەن, بارودۆخمان زۆر باش باش دەبێت."
دوای بڵاوبوونەوەی ئەم لێدوانە توندەی عەلی عەونی جارێكی تر قوباد تاڵەبانی تویتێكی كردووە و دەڵێت :" رەحمەت لە پێشینانمان كە وتوویانە: "دار هەڵبڕە سەگی دز دیارە" 

نەبوونی متمانە
ئەگەرچی ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەبەردەم پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستاندان، بەڵام نەبوونی متمانە لە نێوان ئەم دوو هێزەدا وایکردووە كە نەتوانن پەیوەندیەكانیان درێژە پێبدەن هەموو رووداوو گۆڕانكارییەك پەیوەندیەكانیان نێوانیان ئاڵۆز دەكات.
ئەم دوو هێزە تا ئێستاش لەسەر زۆربەی پرسەكان ناكۆكن، فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە میدیای حزبەكەی راگەیاندوە هەموو ئاماژەكان بەو ئاراستەیەن كە پێكهێنای حكومەتی هەرێمی كوردستان دوا دەكەوێت، دەشڵێت ” ئەو ماوەیەی ئەم كابینەی تێیدا پێكدەهێنرێت، رەنگە درێژترین ماوە بێت لە مێژووی هەموو كابینەكانی حكومەتی هەرێم”.
راشیدەگەیەنێت چەند بابەتێك دانوساندنەكانی پێكهێنانی حكومەتی ئاڵۆزكردوە‌و پێشی وایە بەشی زۆریشی پەیوەندی بە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە هەیە، دەشڵێت ” ئەو حزبە لەپڕێكداو بەبێئەوەی پرس بەهیچ لایەنێك بكات، مەسەلەی سەرۆكایەتی هەرێمی هێنایە ئاراوەو كاندیدەكەی خۆیشی دیاریكرد، ئەمەش مانای تایبەتی خۆی هەیە”.
تا ئێستاش ئەو دوو خزبە ناكۆكن لەسەر:
-    پارتی و یەكێتی ناكۆكن لەسەر شێوازی حوكمرانی لە هەرێمی كوردستان 
-    یەكێتی و پارتی ناكۆكن لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان و شێوازی دابەشكردنیان
-    یەكێتی و پارتی ناكۆكن لەسەر پۆستەكانی بەغداو بەتایبەتیش دانانی سەرۆك كۆمار
-    یەكێتی و پارتی ناكۆن لەسەر پرسی كەركوك و پارێزگاری كەركوك 
-    یەكێتی و پارتی ناكۆكن لەسەر پەیوەندی هەرێمایەتی بەتایبەت توركیا و ئێران 
-    یەكێتی و پارتی لەسەر مامەڵە و لێدوانی كارەكتەرەكانی نێوانیان ناكۆكن
-    یەكێتی و پارتی ناكۆكن لەسەر دابەشكاری پۆستی سەرۆكی هەرێم و حكومەت 

سەرەرای هەموو ناكۆكییەكان ئەم دوو هێزە ناتوانن بەبێ یەك حكومەت و پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان درێژە پێبدەن، چونكە تا ئەمڕۆش بە دیفاكتۆ هەرێمی كوردستان ( دوو ئیدارە)یە و دوو زۆنی جیاوازە ( سەوز و زەرد )، بۆیە سەرەرای ناكۆكییەكانیان بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوری و حزبیەكانیان ناچاریان دەكات ناكۆكییەكانیان وەلا بنین و بەناچاری پێكەوە شان بدەنە بەر پێكهێنانی حكومەت. 

رێكەوتن و پەیوەندیەكی لەرزۆك
بە درێژایی ئەو هاوپەیمانێتی و رێكکەوتنانەی كە یەكێتی و پارتی پێكەوەبوون، هەمیشە پەیوەندیەكانیان بەرزی و نزمی بەخۆیەوە بینیوەو لێدوانی ئاگرینیان بەرامبەر یەكتر داوە، بەڵام دواتر بەناچاری چونەتەوە سەر مێزی گفتوگۆو پەیوەندییەكانیان ئاساییكردوەتەوە بۆ ماوەیەك، ناكۆكی و لێدوانی نێوان ئەو دوو هێزە مێژوویەوە لەرابردووشدا لێدوانە ئاگرینەكانیانی نێوانیان شەڕی براكوژی لێكەوتوەتەوە.  
 رەنگە ئێستا لێدوانەكەی قوباد تاڵەبانی بە توندترین لێدوان دابنرێت بۆسەر پارتی چونكە پارتی بە پیشاندانی كێكی حكومەت زۆرێك لە حزبەكانی ناچاركردووە كە بێدەنگی هەڵبژێرین و بەشێك لە كارەكتەرە توندەكانی بەرامبەریشی ناچاركردووە لەم دۆخەدا بێدەنگی هەڵبژێرن.
ئەگەرچی قوباد تاڵەبانی بە لایەنگری پێكەوەبوون لەگەڵ پارتی و كارەكتەری لێكنزیکبوونەوەی نێوان ئەو دوو هێزەدادەنرێت، بەو پێیەی خۆی  لە دابەشكردنی كێكی حكومەتدا ئەگەری پێدانی پۆستی باڵای هەیە، بەڵام تویتەكەی بە تویتێكی تر پینەدەكات و لە دوایین تویتیدا دەنوسێت" هەركاتێك پێكەوە دیالۆگ لەسەر كێشەكان یان بابەتێك بكەین، دێنە سەر هێڵ و لەسەر وشەیەك دەیكەن بەهەرا، دەزانن بۆ ؟ چونكە دەیانەوێت پردی نێوانمان بڕوخێنن و لەیەك دوورمانبخەنەوە" 
ئەگەرچی كێكی حكومەت لە توێتەكەی قوباد تاڵەبانی شیرینترە و پێكەوە كێكەكە لەتدەكەن، بەڵام ناكۆكیە قوڵەكانی نێوانیان بە ئاسانی سارێژنابێت.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand