نادیە موراد نەخۆشخانەیەك لە شەنگال بونیاتدەنێت
2018-12-15 10:37:32
(درەو میدیا):
نادیە موراد باڵیۆزی نیازپاكی نەتەوە یەكگرتووەكانو براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی 2018 بڕیاریدا پارەی خەڵاتەكەی تەرخان بكات بۆ بنیادنانی نەخۆشخانەیەكی تایبەت بە قوربانیانی دەستدرێژی سێكسی.
ئەو نەخۆشخانەیەی كە بڕیارە نادیە موراد دروستی بكات، لە قەزای شەنگال دەبێت.
نادیە موراد كە خۆی یەكێكە لە قوربانیانی دەستدرێژی سێكسی لەلایەن چەكدارانی "داعش"ەوە، لە وتەیەكدا لەبەردەم هاوشارییەكانی لە شەنگال وتی: بەو پارەیەی كە دەستمكەوتووە نەخۆشخانەیەك بۆ هەموان دروست دەكەم، بەتایبەتی بێوەژنو ئەو كچانەی كە روبەڕووی دەستدرێژی سێكسی بونەتەوە.
نادیە سوپاسی حكومەتی عێراقو هەرێمی كوردستانی كرد كە رەزامەندییان لەسەر پلانەكەی دەربڕیوەو ئاماژەی بەوەكرد، بەمزوانە لەگەڵ رێكخراوە مرۆڤدۆستەكاندا دەست دەكات بە بنیادنانی نەخۆشخانەكە.
نادیە موراد وەكو یەكێك لە قوربانییانی ئێزدی بەهاوبەشی لەگەڵ (دینیس مكۆیگی) كە پزیشكێكی ئەفریقییە، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی 2018ی وەرگرت، بەهای خەڵاتەكە (ملیۆنێك دۆلار)ی ئەمریكییە.
نادیە موراد یەكێك لەو (7) هەزار كچو ژنە ئێزیدییانە بوو كە ساڵی 2014 رێكخراوی "داعش" دەستبەسەریكردن، بەڵام دوای سێ مانگ نادیە توانی لەدەستی چەكداران هەڵبێت، دوای هەڵاتنی نادیە رووی كردە ئەڵمانیاو لەوێوە هەڵمەتێكی بۆ پشتیوانیكردنی ژنانی ئێزدی دەستپێكرد.