Draw Media

توركیا "ویلایەتی باشور" بۆردومان دەكات 

توركیا "ویلایەتی باشور" بۆردومان دەكات 

2018-12-14 10:33:40


راپۆرتی: محەمەد رەئوف
شەوی رابردوو فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا شەنگال و مەخموریان بۆردومانكردو بەهۆیەوە چوار هاوڵاتی مەندەنی شەهید بوون, كە سێ ژن و منداڵێكی كچ-ن، و سیانیان ئەندامی یەك خێزانن ئەوانیش ( ئاسیا عەلی محەمەد – ٧٣ ساڵ،  نارنج فەرهان قاسم – ٢٦ ساڵ (كچی ئاسیا عەلی)،  ئەڤین كاوە مەحمود - ١٤ ساڵ ( نەوەی ئاسیا عەلی)،  ئەیلەم محەمەد عەمەر – ٢٣ ساڵ ).

بە وتەی خولوسی ئاكار، وەزیری بەرگری توركیا " پێگەكانی پەكەكەیان لە شەنگال و چیای قەرەچوغ" بۆردومانكردووە، دەشڵێت "لە چوارچێوەی هێرشەكەدا كە لەشێوەی هەڵكوتانەسەر ئەنجامدرا، زیاتر لە 30 پێگە خاپووركران، ناوچەی چیای قەرەچووخ بۆ یەكەمجار كرایە ئامانج. لەم ئۆپەراسیۆنەدا لە باكوری عێراق، زیاتر لە 20 فڕۆكەی جەنگی هەر‌وەها ژمارەیەك فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و فڕۆكەی گواستنەوەی سووتەمەنیش تێیدا بەشدارییان كردووە"
توركیا هەر كات ویستبێتی هێرش و پەلاماری سەربازی بۆسەر باشوری كوردستان ئەنجامداوە بەبێ گوێدانە بڕیارە نێودەوڵەتییەكان و هەڵوێستی حكومەت و سەروەری خاكی عێراق، تەنانەت هێرشەكانی بەجۆرێك ئەنجام ئەدات وەك ئەوەی باشوری كوردستان ویلایەتێكی توركیا بێت، بەو پێیەی لە دواین ئۆپەراسیۆنی فرۆەكانیدا خاكی باشوری كوردستان و عێراقی بە قوڵایی زیاتر لە 300كم بەزاندووە، كە ئەمەش پێشێلكاری سەروەری خاكی عێراق و هەرێمە. 

توركیا خۆی بە خاوەن ماڵ دەزانێت
توركیا هەر كات ویستبێتی بە بەبێ گوێدانە هەڵوێستی بەرپرسانی هەرێم و عێراق ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجامداوەو خاكی عێراقی بەكار هێناوە بۆ هێرش و پەلامار( لەشكركێشی سەربازی ، هێرشی فڕۆكە، سنوربەزاندن ، دانانی بنكەی سەربازی) ئێستا سوپای توركیا لە باشوری كوردستان زیاتر لە 30 بنكەی سەربازی هەیە بەسەدان تانك و زرێ پۆش و چەكی قورس و فڕۆكەخانەی سەربازی هەیە، بۆیە توركیا باشوری كوردستانی وەك ویلایەتێكی سەربە توركیا بینیوەو مامەڵەی كردووە، هەر كات ویستبێتی ئۆپەراسیۆنی سەربازی و لەشكركێشی و هێرشی فرۆكەی سەربازی بەكار هێناوە، كە بەپێی هەموو یاسایەكی نێودەوڵەتی ئەمە پێشێلكاری نێودەوڵەتیە، بێدەنگی بڕیاربەدەستان و ناوەندە سیاسیەكانی هەرێم و عێراق تەواو رێگەی خۆشكردووە بۆ تروكیا هەر كات بیەوێت ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجامبدات.  

ویلایەتی باشور 

توركیای سەردەمی ئەردۆغان چاوی بڕیوەتە باشوری كوردستان و زۆرجار وەك ویلایەتێكی توركیا مامەڵەی لەگەڵ كردووە. پێی وایە لە سەردەمانێكدا سەربە ویلایەتی موسڵی دەوڵەتی عوسمانی بووە(ویلایەتی موسڵ یەكێكە لە ویلایەتەكانی دەوڵەتی عوسمانی و لە ساڵی 1879 دامەزراو هەریەك لە سلێمانی و هەولێر و كەركوكی لەخۆدەگرت و روبەرەكەی ( 75700 كم2 ) بووەو روبەرەكەی لە ساڵی 1885 دا ( 300280 ) كەس بووە).
ئێستا توركیا وێرای بونی زیاتر لە 30 بنكەی سەربازی و هەواڵگری لە هەرێمی كوردستان و لەروی ئابوریشەوە ساڵانە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێم و توركیا زیاتر لە 10 ملیار دۆلارەو نزیكەی 3 هەزار كۆمپانیای توركیا لە هەرێم كاردەكەن و رۆژانە نزیكەی 350 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم بە توركیادا تێپەردەبێت بۆ جیهان بۆیە توركیا لەرووی ئابوری و سەربازی و تەنانەت سیاسیشەوە هەرێمی كوردستانی كۆنترۆڵكردووە و خەریكە دەبێتە بەشێك لە توركیا. 

رێكکەوتنی توركیا و عێراق بۆ بەزاندنی سنور
رێككەوتنی نێوان توركیا و عێراق نوێ نیە و مێژووەكە بۆ سەردەمی رژێمی بەعس دەگەڕێتەوە بەو پێیەی عێراق و توركیا لە ساڵی 1982 دا رێكەوتنێكیان ئیمزاكردووە كە بۆ پاراستنی ئەمنیەت و ئاساییشی وڵاتەكانیان ئەتوانن 20 كیلۆمەتر سنوری خاكی یەكدی ببڕن بەتایبەتیش دژ بە گروپە چەكداریەكانی نەیاریان بەتایبەتیش پەكەكە، ئەم رێكەوتنەی 1982  لە ساڵی  2007   لەسەردەمی هۆشیار زێباری وەزیری ئەوكاتی دەرەوەی عێراق نوێكرایەوە بەڵام بەزاندنی سنوری یەكتریان لە  20 كیلۆمەتر زیادكرد بۆ 25 كم، ئەمیش زیاتر لەسەر رەزامەندی توركیا بوو، بۆ ئەوەی بتوانێت دژ بە پارتی كرێكارانی كوردستان سنوری عێراق و باشوری كوردستان ببەزێنێت.
بەڵام حكومەتی توركیا بە سودوەرگرتن لە دۆستایەتی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بەتایبەتیش لەسەردەمی شەڕی ناوخۆ توانی بەتەواوی هەژمونی خۆی لە هەرێمی كوردستان فراونبكات و سنوری عێراق ببەزێنێت بە فیعلی بنكە و  بارەگای سەربازی و هەواڵگری بكاتەوە، ئەوەبوو لەدوای 1995 ەوە لە چوارچێوەی ( PMF  ) هێزی ئاشتی پارێزدا بنكە و بارەگای خۆی لە هەرێمی كوردستان كردەوە، لە دوای روداوەكانی  31ی ئابی 1996 ەوەو لە چوارچێوەی بانگهێشتنامەی پارتی دیموكراتی كوردستان دژ بە هێزەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بنكە سەربازیەكانی زیاتر كرد، دواتریش بەهۆی شەڕی داعشەوە بنكەی تری لە هەرێمی كوردستان كردەوە، كە ئێستا نزیكەی 18 بنكەی سەربازی و هەواڵگری توركیا لە هەرێمی كوردستاندان.
ئەو سنوربەزاندنە سەربازیانەی توركیا بەتەواوی پێشێلكاریە خۆ ئەگەر رێكەوتنەكەیان بۆ 25 كم بێت بەڵام هێرشەكەی شەوی رابردووی فرۆكەكانی توركیا بۆ سەر مەخمور بە قوڵایی زیاتر لە 300 كم بوو. 

بنكە سەربازییەكانی توركیا لە باشووری كوردستان
لە باشوری كوردستان نزیكەی 18 بنكەی سەربازی و هەواڵگری ئاشكراو نهێنی توركیا لە هەرێمی كوردستاندا بوونی هەیە، نوێترنیان سنوربەزاندنەكانی ناوچەی ئامێدی و گوندی بەرمیزە بوو كە لەو ناوچەیە زیاتر لە 12 بنكەیان دامەزراندووە، بەڵام زۆرترین هێنانی هێزی سەربازی توركیا بۆ باشیك بوو لە ساڵی 2016 بەبیانووی روبەرووبونەوەی چەكدارانی داعش و راهێنانی سەربازی لەوێ دوو بنكەی سەربازی كردۆتەوە، كە 1200 سەرباز، 50 تانك، 50 هەمەر، 15 تۆپی دوورهاوێژ و ، 50 هاوەنی بچووك و دەیان چەكی بچوكو  70 ئۆتۆمبێلی سەربازی لەو ناوچەیە جێگیركراون، لەگەڵ چەند بنكەیەكی هەواڵگری لە پارێزگای دهۆك.
بەپێی راپۆرتێكی تۆڕی ناڕەزایەتییەكانی باشوور كە لە مانگی كانونی یەكەمی 2015، ژمارەی هێزەكانی ئەو وڵاتە لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا (٣٢٣٥) ئەفسەر و سەرباز و ژەندرمەی سوپای توركیایە لەگەڵ چەندین جۆر چەك و تەقەمەنی، بەپێی راپۆرتەكە توركیا  (٥٨) تانك، (٢٧)  زرێپۆش، (٣١) تۆپ‌و (٢٦) ھاوەن، (١٧) ئاڕبیجی‌و (١٠) دۆشكە، (٤٠) ئۆتۆمبیلی سەربازیی.
بەپێی راپۆرتەكە سوپای توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستان بەسەر (١٣) بنكەو بارەگای سەربازیدا لەناوچە سنورییەكانی پارێزگای دهۆك جێگیركراون، كە لەناو هەموو بنكە سەربازیەكاندا بەشی هەواڵگریان تێدایە.
1.گەورەترین بنكە و بارەگای سەربازی توركیا لەڕووی ژمارەی سەربازەوە، لە ناحیەی (كانی ماسی)یە. لەو بنكەیەدا (٥٨٠) سەرباز و (٩١) ئەفسەر و (٢٤٠) جەندرمە و  (٣٤٠) هێزی لێدان هەیە.
2.گەورەترین بنكەی سەربازی توركیا لەڕووی لۆجستییەوە، سەربازگەی (بامەڕنی)یە دەكەوێتە بەرامبەر ‌ناحیەی بامەڕنی‌. لەناو ئەو بنكە سەربازییەدا گەورەترین یەكەی هەواڵگری سەر بە سوپا هەیە. هەروەها (٣٠) تانك، (٨) زرێپۆش، (٦) هاوەن، (٦) ئۆتۆمبێلی سەربازی تێدایە، جگە لەبوونی ئامێرێكی پێشكەوتووی دەنگگرتن كە بۆ كاری سیخوڕی بەكاریدە هێنن.
3.سەربازگەی باتوفا سریەیەكی تایبەتی هەواڵگری لێیە كە لە (٢٠) كەس پێكهاتووە. بنكەی سەربازی ناحیەی باتوفە گەورەترین سەربازگەی هەواڵگریە و دەكەوێتە سنوری ئیداریی قەزای زاخۆوە، (٤٠٠) سەرباز و (٦) تانك و (٢١) زرێپۆش و (١٤) ئۆتۆمبێلی سەربازیی و سێ نازووری تێدایە.
4.بنكەی سەربازی (كریبی) لە سنووری قەزای زاخۆ (٤١٤) سەرباز، (٦) تانك، (١٥) ئاڕبیجی، (٢) دۆشكە، (٦) زرێپۆش، (١١) تۆپ، (١٤) ئۆتۆمبێلی سەربازی، و چەندان چەكی سوك و مامناوەندی لێیە.
5.سەربازگەی (سینكی) (٨٠) سەرباز و تۆپێكی (١٢٠) ملمی تێدایە.
6.سەربازگەی (سیریی) لە سنووری قەزای ئامێدێیە، (٧٥) سەرباز، (٦) تانك، سێ دۆشكا، (٦) هاوەن، (٤) زرێپۆش هەیە.
7.سەربازگەی (كوبكی) لە سنووری قەزای ئامێدی. (١٣٠) سەربازی جێگیركردووە لەگەڵ دوو تانك.
8.سەربازگەی (قومری) لە ناوچەی مەتینا 70 سەربازی تێدا جێگیر كراوە لەگەڵ ژمارەیەك كەرەستە و كەلوپەلی سەربازی .
9.سەربازگەی كوخی سپی 70 سەربازی تێدا جێگیر كراوە لەگەڵ ژمارەیەك كەرەستە و كەلوپەلی سەربازی.
10.سەربازگەی دەرەی داواتیا لە هەفتانین 70 سەربازی تێدا جێگیر كراوە لەگەڵ ژمارەیەك كەرەستە و كەلوپەلی سەربازی.
11.سەربازگەی (سەری زیری) (٦٠) سەربازی جێگیركردووە.
12.سەربازگەی گەلی زاخۆ (34) سەربازی جێگیركردووە.
13.سەربازگەی ئامێدی (٤٥) سەرباز بە تەواوی چەك و تفاقی سەربازییەوە جێگیركراون.
14. بارەگای دەزگای سیخوری میت لە ناوەندی قەزای ئامێدییە.
15. بارەگای دەزگای سیخوری میت لە ناوەندی ناحیەی باتوفە.
16.بارەگای دەزگای سیخوری میت لە قەزای زاخۆ لە گەڕەكی بێداری.
17.بارەگای دەزگای سیخوڕی میت لە ناوەندی قەزای دهۆك لە گەڕەكی گرێباسی.
18. بنكەی سەربازی توركیا لە باشیك.

 بوونی ئەو بنكەو بارەگایانەی سوپای توركیا لە هەرێمی كوردستان تەنها لە پێناو پاراستنی ئاسایشی توركیا و كۆكردنەوەی زانیارییە لەسەر باشوری كوردستان و بەتایبەتیش لەسەر پارتی كرێكارانی كوردستان، بونی ئەو هێزە هیچ سودێكی بە هەرێم نەگەیاندووە بە جۆرێك لە كاتی هاتنی هێرشی داعش بۆسەر هەولێر توركیا ئامادە نەبوو هێز رەوانە بكات، تەنانەت ئامادە نەبوو هێزی ئەو بنكە سەربازیانەش بەكاربهێنێت لە كاتێكدا بنكەی سەربازی بامەڕنێ فڕۆكەخانەی سەربازیە و توركیا دەیتوانی لەوێوە پەلاماری داعش بدات..
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand