رۆژنامەكانی ئەڵمانیا: داهاتووی سوریا لە دەستی مۆسكۆ و ئەنكەرە و تاراندایە
2018-04-05 20:47:58
توركیا و ئێران و روسیا چوار ئەم مانگە بەڵێنیاندا هەوڵەكان خێرابكەن بۆ ئەوەی سەقامگیری باڵ بەسەر سوریادا بكێشێت و جەختیانكردەوە لەسەر پابەندبوونە هاوبەشەكانیان بەرامبەر ئەو وڵاتە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لە ئاماژەیدا بۆ هاوكاریكردنی كوردەكانی سوریا لەلایەن ئەمریكاوە رایگەیاند یەكگرتوویی خاكی سوریا پشتدەبەستێت بە دووركەوتنەوە لە هاوكاریكردنی سەرجەم رێكخراوە تیرۆریستییەكان.
ئێران و روسیا بە تەواوەتی پشتیوانی لە بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا دەكەن، بەڵام ئەنكەرە هاوكاری ئۆپۆزسیۆن دەكات بۆ رووخاندنی ، هێشتا ئەو سێ وڵاتە لەسەر ئەرزی واقیع ناكۆكن سەرەڕای هەماهەنگی و هاوكارییان بە ئامانجی نەهێشتنی توندوتیژی، لەو چوارچێوەیەدا ماڵپەڕی گۆڤاری " دێرشپیگڵ"ی ئەڵەمانی دەربارەی كۆبوونەوەی سێ قۆڵی ئەنكەرە نوسیوێتی:" ئەو گروپە سێ قۆڵییە لە ساڵی هەشتمی جەنگدا گفتوگۆیان كرد كە چۆن دۆخەكە لە سوریا بەردەوام دەبێت، بڕیارەكەشیان جێبەجێكردنی بنەمای " پەرت بكە و زاڵ بە " بوو، هەرسێ وڵاتە لە رێگەی بریكارەكانیانەوە دەیانەوێت لە ناوچە جیاوازەكانی سوریا بمێننەوە و دەشیانقۆزنەوەبۆ خزمەتكردنی بەرژەوەندییەكانیان.. ئێستا روحانی لە ئەنكەرەوە رایدەگەیەنێت كە داهاتووی سوریا پێویستە سورییەكان بڕیاری لێبدەن نەك حكومەتە بیانییەكان، ئەوە بۆ سورییەكان وادەردەكەوێت كە وەك گاڵتەپێكردن و بەكەم زانین بێت".
هەرسێ سەرۆكی توركیا و ئێران و روسیا لە بەیاننامە هاوبەشەكەیاندا دووپاتیانكردەوە لەسەر پابەندبوونیان بە هاوكاریكردن لە پێناوی گەیشتن بە ئاگربەستێكی هەمیشەیی لە نێوان لایەنە ناكۆكەكاندا لە سوریا بەوە چارەنوسری سوریا لەدەستی ئەو سێ وڵاتەدا دەبێتم هەروەكا چۆن رۆژنامەی " دی تسایت" لە ماڵپەڕی ئەلیكترۆنی خۆی ئاماژەی پێداوە و نوسیوێتی:" پرسێك ئەو سێ وڵاتە دەبەستێت بە یەكەوە، ئەوەش هەنگاوەكانی داهاتوو لە سوریا دیاریدەكات، بەهۆی تێبینی ئەوروپا لەسەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، و بەهۆی ناڕوونی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا و دۆناڵ ترەمپی سەرۆكی بۆشاییەكی دیپلۆماتی دەركەوت، رێكخستنەوەی دۆخی سوریا لە داهاتوودا ئێستا لە دەست روسیا و ئێران و توركیادایە ... ئایا ئەو گروپە سێ قۆڵییە دەتوانن بگەنە لێكتێگەیشتن لە نێوان خۆیاندا؟ ئەمە هێشتا روون نییە، بەڵام ئەوەی كە زۆر ئاشكرایە، ئەوەیە كە روسیا و ئێران و توركیا بە بەردەوامی كاریگەرییان دەبێت."
هەروەها دەبارەی ئەو كۆبوونەوە سێ قۆڵییە رۆژنامەی " دی تاگستسایتۆنگ" دەڵێت:" پۆتین و رۆحانی ئێستا تاكە كەسن كە بتوانن ئەردۆغان لە هێرشكردنە سەر كوردەكات لە سوریا لابدەن، بەهای ئەوەش ئەوەیە كە واز لە پارێزگای ئیدلب بهێنن بۆی كە هەموو چەكدارە نەیارەكانی ئەسەدی وەك ناوچەیەكی پارێزراو تێدا كۆبوونەتەوە، لە بەرامبەر ئەوەش ئەردۆغان ئامادەیە چەند لێكتێگەیشتنێك لەگەڵ كورددا قبوڵ بكات و لە كۆنگرە رۆژنامەوانییە هاوبەشەكەی ئەنكەرەدا هیچ وشەیەك دەربارەی داهاتووی دیكتاتۆری سوریا بەشار ئەسەد نەوترا، وادەردەكەوێت كە ئەردۆغان ئامادەیە قایل بێت كە ئەسەد لە دەسەڵاتدا بەردەوام بێت ئەگەر روسیا و ئێران گرەنتی ئەوەی بدەنێ لەبەرامبەردا هێزەكانی ئەسەد واز لە ئیدلب بهێنن و ئەوەش لانیكەم لەوانەیە ئاگربەستێكی كاتیی بهێنێتەدی."
رۆژنامەی " بەرلینەر تسایتۆنگ" دەربارەی " هاوپەیمانێتی نوێ بە بێ ئەوروپا" بڕوای وایە كە كۆبونەوەكەی ئەنكەرە ئاماژەیەكە كە بۆ ئەوروپییەكانی كە كێشەیان لەگەڵ كرملن و ئەنكەرە هەیە بەهۆی هێرشە ژەهراوییەكەی سالزبۆری و هەژموون و ستەمكاری ئەردۆغانەوە".
رۆژنامەكە دەشڵێت" ئاماژەكە لەوانەیە بەو واتایە بێت كە دەربارەی بابەتێك لەگەڵماندا مشتومڕ مەكەن چونكە هەتا ئێستا ئەوروپا ناتوانێت دەستبەرداری وزەی روسیا بێت و توركیاش پرسی پەنابەرانی لە بەرژەوەندی ئەوروپا لە ئەستۆ گرتووە و بەرامبەر پارە لە ئەوروپییەكان ئاوارەكانی سوریای داڵدەداوە.