Draw Media

رۆژئاوای كوردستان هەڵمەتی سەرتاسەری دژی توركیا راگەیاند

رۆژئاوای كوردستان هەڵمەتی سەرتاسەری دژی توركیا راگەیاند

2018-12-13 13:23:41


راپۆرتی: نامیق رەسوڵ
توركیا هێز بەرەو سنورەكانی رۆژئاوای كوردستان دەجوڵێنێت و دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاواش داوا لە حكومەتی سوریا دەكات هەڵوێستی رەسمی خۆی بەرامبەر بە هەڕەشەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان رایدەگەیەنێت و وەزارەتی بەرگری ئەمریكاش هۆشداری دەداتە توركیا لەهەر هێرشێكی تاكلایەنە بۆسەر رۆژئاوای كوردستان.
ئەنكەرە هێز كۆدەكاتەوە
دوای راگەیاندنەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا بۆ ئەنجامدانی هێرش لەدژی ناوچەكانی خۆرهەڵاتی فورات" رۆژئاوای كوردستان"، سوپای توركیا دەستیكردووە بە رەوانەكردنی هێز و چەكی قورس بۆ سنورەكانی رۆژئاوای كوردستان.
بە گوێرەی میدیاكانی توركیا و رۆژئاوای كوردستان، لە كاروانێكی سەربازی كە لە 200 ئۆتۆمبیل پێكهاتبوون، لە شاری كیلیسەوە لە باكوری كوردستان چونەتە جەرابلوس لە هەرێمی شەهبای باكوری سوریا.
بە گوێرەی زانیارییەكان، ئەو كاروانە سەربازییە چەندین تانك و زرێپۆشی لەخۆگرتووە و جگە لەوەش سوپای توركیا لە ناوچەكانی عەفرین و مارع و باب و جەرابلوس و ئەختەرین و عەزاز و راعی دەستی بە جموجوڵ كردووە و ماوەی دوو رۆژە لەو ناوچانە باری نائاسایی راگەیاندووە.
سەرچاوە هەرێمییەكان راشیانگەیاند، سوپای توركیا جموجوڵی سەربازی و گواستنەوەی سەرباز و ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی لە ناوچەی عەلۆك و تەل خەلەف تاوەكو نەستەلە دەستپێكردووە و جاروباریش دەنگی تەقە لە ناوچەکە دەبیسترێت و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیش بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕێنەوە.
.
واشنتۆن هۆشداریدەدات
لە كاردانەوەیدا بەرامبەر بە هەڕەشەكانی ئەرۆدغان بۆسەر رۆژئاوای كوردستان، وەزارەتی بەرگری ئەمریكا " پێنتاگۆن" رایگەیاند هەر كردەوەیەكی تاكلایەنە لە باكوری سوریا جێگەی نیگەرانییەكی زۆر و قبوڵنەكراوە.
شۆن رۆبەرتسۆن، وتەبێژی پێنتاگۆن لە بەیاننامەیەكدا وتی:" ئەنجامدانی هەر كردەوەیەكی سەربازی تاكلایەنە لە باكوری خۆرهەڵاتی سوریا و بە تایبەتی لە سایەی بوونی هێزەكانی سوپای ئەمریكا لەو ناوچانە جێگەی نیگەرانییەكی زۆر و هەر جۆرە كردوەیەكی لەو شێوەیە بەلای ئێمەوە قبوڵنەكراوە".
وتەبێژەكەی پێنتاگۆن ئاماژیبەوەشدا كە ئەمریكا پابەندی ئاسایشی سنورەكانی توركیایە، بەڵام شەڕی دژ بە داعش تەواونەبووە و هێزەكانی سوریای دیموكرات،  هاوبەشێكی بەردەوام و پابەندی ئەمریكان لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو رێكخراوە توندڕەوەدا"

هەڵمەتی سەرتاسەری
لە بەرامبەر هەڕەشەكانی توركیا و كۆكردنەوەی هێز لە سنورەکان، دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان هەڵمەتی سەرتاسەری دژی توركیا راگەیاند.
دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان لە بەیاننامەیەكدا كە ئاراستەی رای گشتی جیهانی كردووە داوا لە حكومەتی سوریا دەكات هەڵوێستی رەسمی بەرامبەر ئەو هەڕەشانەی توركیا هەبێت و هەموو ئامادەكارییەكیشی بۆ رووبەڕبوونەوەی هێرش و پەلاماری توركیا راگەیاند.
هاوكات دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان لە بەیاننامەكەیدا داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی  بە تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دەكات " هەڵوێستیان لە دژی پلانە دوژمنكارییەكانی ئەردۆغان " هەبێت.
"هەڕەشەكانی ئەردۆغان بە جدی وەردەگرین"
زوبێر ئایدار ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان " كەنەكە" رایگەیاند، هێز و رێكخراوە كوردییەكان لە وڵات و دەرەوەی وڵات رۆژی ١٥ی كانونی یەكەمی ٢٠١٨ لە برۆكسل كۆدەبنەوەو لە دژی بڕیارەكەی ئەمریكا بەرامبەر بە ٣ بەڕێوەبەری پەكەكە هەڵوێستی نەتەوەیی دەخرێتەڕوو، هەروەها لێكدانەوە بۆ هەڕەشەكانی ئەردۆغان بۆ هێرشكردنە سەر باكور و رۆژهەڵاتی سوریا دەكرێت.
سەبارەت بە هەڕەشەكانی توركیا، ئایدار لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی " فوراتنیوز" وتیشی:" ئێمە هەوڵەكان و لێدوانی لەو جۆرەی  بە جدی وەردەگرین. هێشتا ئەمریكا لە هەوڵدایە هاوسەنگی لەگەڵ توركیا دروست بكات و ئەوەش بوێری بە توركیا دەدات".
جەختیشیكردەوە كە ئەوان هەڕەشەكانی دەوڵەتی توركیا بە جدی وەردەگرن و پێویستە هەموو كەسێكیش ئەو هەڕەشانە بە جدی بزانێت و هەڵوێستی لە دژی ئەو هەڕەشانە هەبێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand