پارێزەرەكەی ترەمپ بە سێ ساڵ زیندانیكردن حكومدرا
2018-12-12 20:28:50
( درەو میدیا):
دادگایەكی ئەمریكا سزای 36 مانگ زیندانیكردنی بەسەر مایكڵ كوهین، پارێزەری پێشووی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكادا سەپاند، كە جارێك وتبووی ئەوەندە دڵسۆزی ترەمپە ئامادەیە لەبری ئەو بمرێت و لەجیاتی ئەو خۆی دەداتە بەر فیشەكێك.
كوهین یەكەم ئەندامی بازنەی نزیكی ترەمپە كە بەهۆی لێكۆڵینەوەكان لە دەنگۆی دەستێوەردانی روسیا لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ساڵی 2016ی ئەمریكا بە زیندانیكردن سزادەدرێت.
هەروەها كوهین لەلایەن دادگای نیویۆركەوە بە چەند تاوانێكی وەك پێشێلكردنی یاسای سپۆنسەری هەڵمەتەكانی بانگەشەی هەڵبژاردن و خۆدزینەوە لە باج و درۆكردن لەگەڵ كۆنگرێس تاوانباركرا.
بە گوێرەی میدیاكانی ئەمریكا كوهینی تەمەن 52 ساڵ لەبەردەم دادگادا رەخنەی لە ترەمپ گرتووەو بە دادوەر ولیام پۆلی وتووە " ترەمپ هۆكاری ئەوە بووە لە جیاتی رێگایەكی رۆشن رێگایەكی تاریك بگرێتەبەر".
هەروەها وتوشیەتی:" لاوازیی بەهۆیەوە ئەوەبووە كە كوێرانە گوێڕایەڵی ترەمپ بووە و ئەوەش وایكردووە كە هەست بەوەبكات ئەركی سەرشانییەتی كارە قێزەونەكانی بۆ پەردەپۆش بكات".
یەكێك لەو تۆمەتانەی كە ئاراستەی پارێزەرەكەی ترەمپ كراوە، ئەوەیە پارەی بە دوو ژن داوە بەرامبەر بە بێدەنگ بونیان، كاتێك لە میانی كەمپەینی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا هەڕەشەی ئەوەیان لە كردبوو كە پەیوەندی سێكسی خۆیان لەگەڵ ترەمپ ئاشكرادەكەن.
لە ماوەی رابردوو ترەمپ دانینا بەوەی كە پارەی داوە، بەڵام رەتیكردنەوەی هیچ پەیوەندییەكی سێكسی هەبوبێت و ئەوە پارەدانەشی وەك مامەڵەیەكی تایبەتی لە دەرەوەی چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردن وەسفكرد.
مایكڵ كوهین جگە لەسزای 36 مانگ زیندانیكردن، دوو مانگی تریش سزای زیندانی تری بەسەردا سەپێندران بە تۆمەتی درۆكردن لە بەردەم كۆنگرێسدا دەربارەی پرۆژەی " تاوەری ترەمپ" لە مۆسكۆ، ئەو تۆمەتەشی لەلایەن راوێژكاری یاسایی تایبەت رۆبەرت مۆلەرەوە ئاراستەكراوە.
جگە لە سزای زیندانیكردن دادگای نیویۆرك بڕیاریدا بەدەستبەسەراگرتنی نزیكەی دوو ملیۆن دۆلار و لەكاتی هاتنەدەرەوەشیدا لە دادگا كوهین هیچ قسەیەكی رۆ رۆژنامەنوسان نەكرد.