حكومەتی هەرێم مانگانە 185 ملیۆن دۆلار قەرز دەداتەوە
2018-04-05 20:30:39
ئامادەكردنی: محەمەد رەئوف
رۆژ لەدوای رۆژ نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە و حكومەتی هەرێمیش ئاستی هەناردەی نەوت بەرزدەكاتەوە، بەڵام وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی مانگانە تەنها 375 ملیار دینار دەداتە وەزارەتی دارایی بە وتەی وەزیری دارایی حكومەتی هەرێم، واتا پوختەی داهاتی نەوت مانگانە ( 375 ملیار دینار)ە، بەو پێیەی حكومەتی هەرێم مانگانە :.
یەكەم/ مانگانە بڕی 125 ملیۆن دۆلار دەداتەوە بە قەرزی كۆمپانیاكانی نەوت، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان، پارەی پێشەكی لێوەرگرتوون.
دووەم/ مانگانە بڕی 35 ملیۆن دۆلار قەرزا دەداتەوە بە حكومەتی توركیا لەبەرامبەر ئەو قەرزەی لێی كردووە، كە دەوترێت 4 ملیار دۆلارەو مانگانە حكومەتی هەرێم دەیداتەوە و مانگانە سوودی زۆری دەچێتە سەر.
سێیەم/ مانگانە بڕی 25 ملیۆن دۆلار خەرجی گواستنەوەی نەوتە .
بەڵام سەرەرای ئەو پارەیەی كە حكومەتی هەرێم وەك خەرجی و قەرز دەیداتەوە، دەبێت داهاتی نەوتی زیاتر بێت لەو بڕەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەیداتە وەزارەتی دارایی كە ( 375 ملیار دینارە) بۆ نمونە:.
بەپێی ئامارەكانی سایتی ( تانكەر تراكەرز) كە تایبەتە (بە بەدواداچونی هەناردە و فرۆشتنی نەوت لە رێگەی كەشتیەوە) بڵاویكردوەتەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە مانگی ئازاردا ( 1/3/2018 تا 1/4/2018 ) رۆژانە بڕی (324 هەزار 496 ) بەرمیل نەوتی لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە هەناردە كردووە، بەو پێیەش كۆی گشتی دەكاتە( 10 ملیۆن و 148 هەزار و 319 )بەرمیل تەنها لە مانگی ئازاردا.
ئێستا نرخی یەك بەرمیل نەوتی برێنت لە بازارەكانی جیهاندا ( 69 دۆلار)ە نەوتی هەرێم بە ( 10 دۆلار) كەمتر دەفرۆشرێت، ( هەروەك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم وتی) بەو پێیەش كۆی داهاتی نەوتی مانگی ئازاری هەرێم كە (10 ملیۆن و 148 هەزار و 319 ) بەرمیل بووە دەكاتە ( 599 ملیۆن دۆلار ) دۆلار كە دەكاتە ( 718 ملیار دینار )ی عێراقی،خۆ ئەگەر مانگانە ( 125 ملیۆن دۆلار قەرزی كۆمپانیاكان و 35 ملیۆن دۆلار قەرزی توركیاو 25 ملیۆن دۆلار خەرجی گواستنەوە ) كە دەكاتە ( 185 ملیۆن دۆلار) واتا ( 222 ملیار دینار) بەو پێیەیش لەكۆی ( 718 ملیار دینار - 222 ملیار دینار = 496 ملیار دینار) واتا 496 ملیار دیناری داهاتی نەوت بەسافی بۆ حكومەت دەمێنێتەوە، بەلام ئەوان دەڵێن ( 375 ملیار دینار) واتا لەو نێوەندەدا زیاتر لە 120 ملیار دینار ونە.