سەرۆكی لیستی یەكێتی لە سەرۆك لیستی و كاندید بوون كشایەوە
2018-04-05 18:51:37
محەمەد عوسمان ناسراو بە حەمە سور دووشیوانی، كە سەرۆكی لیستی یەكێتی نیشمانی كوردستانە لە پارێزگای كەركوك بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كشانەوەی خۆی لە سەرۆك لیستی و كاندیدی رایگەیاند.
محەمەد عوسمان لە راگەیەنراوێكدا لە ئەكاونتەكەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیەتی : " من (محەمەد عوسمان ) ناسراو بە حەمە سور دووشیوانی ، بەهۆی هەندێك هۆكارەوە بڕیاری كشانەوەی خۆم ڕادەگەیەنم لە سەرۆك لیستی و كاندیدبوون لە لیستی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە كەركوك ، وە لێرەوە بە پێویستی دەزانم كە سوپاسی سەرجەم هەڤاڵانی یەكێتی بكەم كە ئەو متمانەیەیان بە من بەخشی، دڵنیاش بن زیاتر لە جاران لە هەوڵی خزمەتكردنی یەكێتیەكەی سەرۆك مام جەلال دەبم و كار بۆ سەرخستنی لیستی یەكێتی دەكەم لە كەركوك وە ھەر چۆن لە یەكەم ڕۆژەوە بەجێمان نەھێشتون دڵنیا بن قەت بەجێتان ناھێڵین."
بە گوێرەی زانیارییەكان كشانەوەكەی پەیوەندی بە هاوكارینەكردنی ناوبراوەوە هەیە لەلایەن سەركردایەتی یەكێتیەوە، چونكە پێشتر مەرجی هەبووە كە ئەگەر هاوكاری نەكەن و داواكارییەكانی جێبەجێنەكەن لە سەرۆك لیستی دەكشێتەوە، زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە بەشێكی تری دەستلەكار كێشانەوەی بەرچاو رون نەبووە لە رێكخستنەكانی یەكێتی لەو شارە كە بەسەر كوتلە و باڵەكان دابەش بوون و هاوكات لیستەكەی د. بەرهەم ساڵیحیش لە كەركوك كە لەگەڵ گۆڕان و كۆمەڵ پێكەوەن، زیانی بە پێگەی یەكێتی گەیاندووە وئەمانە بەشێك لە هۆكارەكانی كشانەوەی محەمەد عوسمانن لە كاندیدی و سەرۆكی لیستی یەكێتی لە پارێزگای كەركوك .
هەندێك لە زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەكەن كە خودی محەمەد عوسمان لە ماوەی رابردوودا سەردانی زۆری ناوچە و شارۆچكەكانی كەركوكی كردووە و هەستی كردووە بەدەمەوەهاتنی خەڵكی بۆ یەكێتی لە ئاستی پێویستدا نیە و چاوەڕواندەكرێت دەنگی یەكێتی لەو پارێزگایە زۆر كەمبكات، بۆیە محەمەد عوسمان نایەوێت ئەو هەرجۆرە كەمكردنی دەنگ یان شكست بخاتە ئەستۆی خۆی ، بۆیە كشاوەتەوە.
بیرهێنانەوە
لە هەڵبژاردنی 30/4/2014 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای كەركوك لە كۆی (570795 ) دەنگدەری ئەو پارێزگایە كە 12 كورسی هەبوو ، یەكێتی ( 209964 ) دەنگی هەبووە 6 كورسی و پارتی ( 63076 ) دەنگی هەبووە 2 كورسی بەدەستهێناوە.