كێ دەبێتە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان؟
2018-12-01 14:13:13
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
بەهێزترین سیناریۆ بۆ پڕكردنەوەی پۆستی سەرۆكی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان ئەوەیە یەكێتی نیشتمانی ئەو پۆستە وەربگرێت، قوباد تاڵەبانی لەناو یەكێتیدا چارەنوسی كاندیدی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان یەكلادەكاتەوە.
ئەمڕۆ (25) رۆژ تێدەپەڕێت بەسەر سوێندخواردنی ئەندامانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، تائێستا پەرلەمانی نوێ هیچ كۆبونەوەیەكی نەكردووەو دەستەی سەرۆكایەتی هەڵنەبژاردووە.
پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردنو خاوەنی زۆرترین كورسی پەرلەمان، لەدوای یەكەم دانیشتنی پەرلەمانەوە یەكجار بەشێوەی فەرمی لەگەڵ لایەنەكان (یەكێتیو گۆڕان) گفتوگۆی كردووە سەبارەت بە پێكهێنانی كابینەی نوێ.
یەكێتی نیشتمانی كوردستانو بزوتنەوەی گۆڕان لە گەڕی یەكەمدا لەگەڵ پارتی گفتوگۆیان كردووە بۆ بەشداریكردن لە كابینەی (9)ی حكومەت، كۆمەڵی ئیسلامیش تائێستا خۆی یەكلانەكردوەتەوە، سێ لایەنیش (جوڵانەوەی نەوەی نوێ- یەكگرتووی ئیسلامی- حزبی شیوعی) یەكلابونەتەوە بۆ ئەوەی چوار ساڵی داهاتوو ئۆپۆزسیۆن بن.
گەڕی یەكەمی دانوستانی پارتی لەگەڵ لایەنەكان باسكردن بوو لەسەر هێڵە گشتییەكان، نەك چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستە باڵاكان.
سەرۆكی پەرلەمانو چەند ئاڵنگارییەك!
پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان یەكێكە لە پۆستە هەستیارەكان، لە خولی چوارەمی پەرلەماندا ئەو پۆستەو دامەزراوەی پەرلەمان دوچاری قەیران هاتن.
ئەو كەسەی بۆ چوار ساڵی داهاتوو سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان دەكات روبەڕووی ژمارەیەك ئاڵنگاری دەبێتەوە، هەندێك لەو ئاڵنگارییانە هی خولی چوارەمی پەرلەماننو بۆ خولی پێنجەم ماونەتەوە لەوانە:
• یاسای سەرۆكایەتی هەرێم
• دەستوری هەرێم
• پرۆژەی چاكسازی
• بودجە
سیناریۆ بەهێزەكە !
سیناریۆی بەهێز بۆ پڕكردنەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان ئەوەیە یەكێتی نیشتمانی ئەو پۆستە ببات، چونكە پارتی دیموكراتی كوردستان سەرباری ئەوەی پۆستی سەرۆكی حكومەت دەبات، دەیەوێت لەماوەیەكی دیاریكراوی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارابكاتەوەو پۆستی سەرۆكی هەرێمیش بۆخۆی ببات.
یەكێتی كێ دەكاتە سەرۆكی پەرلەمان؟
لەناو یەكێتی نیشتمانی ژمارەیەك كەس چاویان لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانە:
كاندیدی یەكەم/ قوباد تاڵەبانی
قوباد تاڵەبانی سەرۆكی لیستی یەكێتی بوو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەیلولی ئەمساڵ، سەرباری ئەوەی زۆرترین دەنگی لەسەر ئاستی كاندیدو سەرۆك لیستەكان بەدەستهێنا، بەڵام لەدوای هەڵبژاردنەوە بیدەنگەو لە میدیاكانەوە كەمتر دەردەكەوێت.
قوباد تاڵەبانی چاوی لە وەرگرتنەوەی پۆستی جێگری سەرۆك وەزیرانە، بەڵام لەدوو ئەگەردا ئەو پۆستە وەرناگرێتو رەنگە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەرگرێت:
• ئەگەری یەكەم: لە كابینەی نوێدا جێگری دووەم بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران زیاد بكرێت.
• ئەگەری دووەم: مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی كابینەی نوێی حكومەت بكات، نەك نێچیرڤان بارزانی.
كاندیدی دووەم/ رێواز فایەق
رێواز فایەق لەدایكبووی ساڵی 1977ی ناحیەی (پێباز)ی سەربە قەزای كەلارە، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتییەو بڕوانامەی (دكتۆرا)ى هەیە لە (یاسا)دا.
لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا كاندید بوو بۆ وەرگرتنی پۆستی سكرتێری پەرلەمان (دوای كشانەوەی فەخرەدین قادر)، بەڵام دواجار لەبەرژەوەندی بێگەرد تاڵەبانی كشایەوە، پێناچێت ئەمجارە رێواز فایەق گۆڕەپانەكە بۆ بێگەرد تاڵەبانی چۆڵ بكات.
ئەگەر قوباد تاڵەبانی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت وەرگرێت، رێواز فایەق چانسی گەورەی دەبێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، چونكە ئەگەر ماڵباتی تاڵەبانی پۆستی جێگری حكومەت ببەن، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ كەسێكی نزیك لە كۆسرەت رەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی دەبێتو رێواز فایەق بە كەسێكی نزیك لە كۆسرەت رەسوڵ دادەنرێت.
لەدوو حاڵەتدا، رێواز فایەق چانسی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی نابێت:
حاڵەتی یەكەم: قوباد تاڵەبانی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت وەرنەگرێت
حاڵەتی دووەم: قوباد تاڵەبانی خۆی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێت
كاندیدی سێیەم/ بێگەرد تاڵەبانی
بێگەر تاڵەبانی لەدایكبوونی ساڵی (1978)ی گوندی (كەلكان)ی سەربە قەزای دوكانە، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتییەو بڕوانامەی (بەكالۆریۆس)ی هەیە لە (بایۆلۆجی)دا.
لە نیوەی دووەمی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستانەوە سكرتێری پەرلەمان بوو.
بەپێچەوانەی رێواز فایەق، بێگەر تاڵەبانی كاتێك چانسی بەهێز دەبێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، كە قوباد تاڵەبانی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت وەرنەگرێت، چونكە ئەوكات پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ ماڵباتی تاڵەبانی دەبێتو بێگەر تاڵەبانیش كاندیدی بەهێزی ماڵباتە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان.
بێگەر تاڵەبانی لە دوو حاڵەتدا چانسی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی نابێت:
حاڵەتی یەكەم: قوباد تاڵەبانی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت وەربگرێت
حاڵەتی دووەم: قوباد تاڵەبانی خۆی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێت
جێگرەكانی سەرۆكی پەرلەمان
مانگی (7)ی ئەمساڵ خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان بەرلەوەی وادەكەی تەواو ببێت، پەیڕەوێكی نوێی بۆ پەرلەمان پەسەندكرد، بەپێی پەیڕەوە نوێیەكە پۆستی (سكرتێر)ی پەرلەمان لابراو پۆستی جێگری (دووەم)ی سەرۆكی پەرلەمان لە شوێنی دانرا.
سیناریۆی بەهێز بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكانی هەردوو جێگری سەرۆكی پەرلەمان ئەوەیە پارتی پۆستی جێگری یەكەم وەرگرێتو بزوتنەوەی گۆڕانیش پۆستی جێگری دووەم.
كاندیدەكانی پارتی بۆ پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان:
• هێمن هەورامی
• ڤالا فەرید
كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان:
• عەلی حەمەساڵح
ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری كابینەی نوێی حكومەت نەكات، پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان دەدرێت بە پێكهاتەكانو رەنگە لەناو پێكهاتەكاندا بدرێت بە پێكهاتەی توركمانو (ئایدن مەعروف) پۆستەكە وەربگرێت.