سەركردەیەكی داعش زانیاری لەسەر پێشمەرگە دیلەكان ئاشكرادەكات
2018-12-01 12:50:10
(درەو میدیا):
سەركردەیەكی باڵای رێكخراوی تیرۆریستی داعش زانیاری لەسەر ئەو پێشمەرگانە ئاشكرادەكات كە ساڵی 2015 لە حەویجە بەدیلگیران.
دەزگای هەواڵگری عێراق ئێوارەی پێنجشەممە دەستگیركردنی سەركردەیەكی باڵای رێكخراوی تیرۆریستی داعشی راگەیاند بەناوی جەمال خەلیل تەها زناد مەشهدانی ناسراو بە ئەبوحەمزە كوردی.
دەزگای هەواڵگری عێراق بەشێك لە دانپێدانانەكانی ئەو سەركردەیەی داعشی راگەیاند كە ماوەیەك والی حەویجە و كەركوك بووە لە ریزی ئەو رێكخراوەدا.
ئەبوحەمزە كوردی لە دانپێدانانەكانیدا دەڵێت: " هێزەكانی پێشمەرگە لە پێشڕەویدا بوون بەرەو موسڵ لەبەرئەوە فەرمانێك دەرچوو بۆ كردنەوەی بەرەیەكی نوێ لەدژی هێزی پێشمەرگە و لەو شەڕەدا 18 پێشمەرگەمان بەدیل گرت و پێشتریش سێ دیلی ترمان لابوو، پاشان فەرماندەركرا بۆئەوەی دیلەكان لە قەفەزی ئاسنیندا بەناو حەویجەدا بگەڕێنرێن".
ئەبو حەمزە كوردی ئاشكراشیدەكات، پاشان لەترسی دابەزینی هێزی ئەمریكی یان عێراقی بۆ ناو حەویجە، فەرماندەركرا بۆئەوەی پێشمەرگە دیلەكان بگوازرێنەوە بۆ دەستەی دیل و شەهیدان لە موسڵ.
بە گوێرەی دانپێدانانی، مەشهەدانی، ساڵی 1973 لە بەغدا لە دایكبووە و ساڵی 1992 كۆلێژی ئاسایشی نیشتمانی تەواوكردووە و ساڵی 2006 لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە دەستگیركراوە و هەفتەیەك پێش ئازادكردنی كەسێكی بەناوی " ئەبو زەید" ناسیوە و رێككەوتون لەسەرئەوەی پەیوەندی بە داعشەوە بكەن.
مەشهەدانی سەرەتا نازناوی ئەبو سەفای پێبەخشراوە و ساڵی 2015 لە ویلایەتی كەركوكەوە گواستراوەتەوە بۆ سوریا و نازناوەكەی گۆڕدراوە بۆ " ئەبوحەمزە كوردی" و چەندین پۆستی باڵای لەو رێكخراوەدا پێدراوە و دواتر دوای چڕبوونەوەی هێرشە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆسەر داعش مەشهەدانی روویكردوەتە توركیا و پاشان گەڕاوەتەوە بەغدا دەستگیركراوە.