Draw Media

سروە عەبدلواحید: پەیوەندییەكانی هەرێم‌و بەغداد بەمیزاج بەڕێوەدەبرێن

سروە عەبدلواحید: پەیوەندییەكانی هەرێم‌و بەغداد بەمیزاج بەڕێوەدەبرێن

2018-12-01 10:49:21


(درەو میدیا):

سروە عەبدولواحید ڕایدەگەیەنێت، سەردانەكەی مەسعود بارزانی بۆ بەغداد لەسەر داوای ئێرانییەكان بووەو، پەشیمانبوونەوەی لە ڕیفراندۆم پێ ڕاگەیاندوون، دەشلێت، ئامانجی لە پێدانی وەزارەتێكی عێراق بە گۆڕان، بۆ بچوكردنەوەیەتی.
سەرۆكی پێشوی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا بە (درەومیدیا)ی ڕاشگەیاند: "سەردانەكەی بارزانی بۆ بەغدا چەند ئامانجێكی كاتی دەپێكێ‌و، هیچ ئامانجێكی ستراتیژی لەدواوە نیە، وەكو هەموو جارەكانی دیكە دوای ماوەیەكی دیكە كێشەكان سەرهەڵدەداتەوە، سەردانەكە هیچ نییە‌و هیچ گرنگەیەكیشی نەبوو، چونكە پەیوەندیەك نیە لەسەر بنەمای دامەزراوەیی دروست كرابێت، بەپێی مەزاجی مەسعود بارزانی‌و پارتییە، رەنگە ئەو پەیوەندییانە بۆ دوو مانگ، شەش مانگ هێمن‌و ئاسایی بێت بەڵام دواتر بەهۆی لێدوانێكی مەسعود بارزانی یان سەركردەیەكی عێراق تێکدەچێتەوە". 
دەشلێت"سەردانەكە لەسەر داوای  ئێرانیەكان بووەو، رەدی سەردانی بەشێك لە سەركردە عێراقییەكان بووە بۆ هەولێر، ئەگینا هیچ ڕێككەوتنێكی بەدوادا نەهاتووەو، هیچ لایەنێكی عێراقیش جورئەتی ئەوەی نەكردووە ڕێككەوتن لەگەڵ پارتی بكات".
بەوتەی سروە عەبدولواحید، بارزانی لە سەردانەكەیدا بۆ لای (موقتەدا سەدر) "هەوڵیداوە ناوبراو ڕازیبكات تا (فالح فەیاز) ببێتە وەزیری ناوخۆ، ئەوەش لەسەر داوای ئێرانییەكان، چونكە بارزانی ئێستا لەگەڵ ئێرانەو دژی ئەمریكایە، ئەو سیاسەت ناكات عەشایەرێتی دەكات".
لەبارەی کاتی سەردانەكەشەوە، وتی:" هەر تەوقیتی سەردانەكە ئەوە هەڵدەگرێت كە بارزانی پەشیمانبوەتەوە لە ڕیفراندۆم‌و، خۆشی باش دەزانێت هەڵەی چی كردووە، بۆیە باسی ڕاستكردنەوەی هەڵەكانی ڕابردوی كرد".
وتیشی:" لە بەغداد زۆرباسی ئەوەكرا كە ئەوە یەكەمجارە بارزانی بەقات‌و بۆینباخەوە بێتە بەغدادو بەجلی كوردییەوە نەیەت، ویستیوتی بەوە ئەو پەیامەیان پێبگەیەنێت كە جلە كوردییەكانی داكەندووەو، ئێستا بووە بە عێراقییەكی دەرجە یەك".
سەرۆكی پێشوی فراكسیۆنی گۆڕان لەبەشێكی تری لێدوانەكەیدا بۆ (درەو میدیا) ڕایگەیاند:"بارزانی سەرۆكی حزبێكەو، هیچ پۆستێكی ڕەسمی نییە، ئەوانەشی دەڵێن مەرجەعی كوردە، ئەوانە ماستاوچین‌و دەیانەوێ پۆستیان دەستبكەوێت".
لەبارەی ململانێكانیش لەسەر وەزارەتەكانی بەغداد وتی:"پارتی پێیوایە یەكێتی نابێت وەزارەتی بەربكەوێت، دەیەوێ مساوەمە لەسەر ئەو وەزارەتە بكات‌و، ڕێككەوتن بكات لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ئەوەی ئەو وەزارەتەی بداتێ‌‌و، دەستكەوتی زیاتر لەهەرێم بچنێتەوە، ئامانجی پارتی لەوە بۆ  گەورەكردنی نییە بەڵكو بۆ بچوكردنەوەیەتی، دەشیەوێت بە یەكێتی بلێت، جارێكی تر ناتوانیت بەبێ‌ من هەموو شتێك بەریت".
بە قسەی سروە عەبدولواحید" زۆربەی لایەنە عێراقییەكان ڕازیبون ئەو وەزارەتە بۆ پارتی بێت، بەتایبەت ئەگەر كەسێك لە كەمینە نەتەوەییەكان بێنێت ڕەنگە لایەنەكان ئیحراجبن‌و بیاندەنێ‌".   
 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand