Draw Media

لە كۆبانێوە بۆ بەرلین.. چیرۆكی سەركەوتنی كچە كوردێك

لە كۆبانێوە بۆ بەرلین.. چیرۆكی سەركەوتنی كچە كوردێك

2018-11-30 14:21:29


نوسینی: هێڤار حەسەن/ بی بی سی 
وەرگێڕان و ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ

نۆژین مستەفای تەمەن 19 بەهار، رەنگە هەرگیز بە خەیاڵیدا نەهاتبێت كە رۆژێك لە رۆژان چیرۆكی ژیانی ببێتە كتێبێك و خانەكانی چاپ و بڵاوكرنەوە داوای لێبكەن وەریبگێڕنە سەر 13 زمانی جیهان و وێنەشی كەناڵە تەلەفزیۆنە جیهانییەكان و سایتەكان دابپۆشێت و خۆشی لەبەردەم جەماوەردا بوەستێت و ئەزمونی خۆی لە گەورەترین و بەناوبانگترین بەرنامەی جیهانییدا بگێڕێتەوە و رێكخراوە جیهانییەكانی وەك " هیومان رایتس وۆچ " و " یەكێتی ئەوروپا" دیدار و چاوپێكەوتنی لەگەڵدا بكەن.
هەموو ئەو دیدار و چاوپێكەوتنانەشی بە زمانی دایك نە بەڵكو بە زمانی ئینگلیزی، كە خۆی بەبێ‌ ئەوەی لە ژیانیدا چوبێتە خوێندنگە فێری بووە و پەرەی پێداوە و لەلایەن " بی بی سی" شەوە بخرێتە لیستی ساڵی 2018ی " 100 ژن" كە كاریگەریان لە جیهاندا هەبووە.
خۆفێركردن
نۆژین كە خەڵكی شاری كۆبانێی رۆژئاوای كوردستانە  ئەو شارەی ساڵی 2014 بەشێكی زۆری لەلایەن داعشەوە رووبەڕووی وێرانكاری بووە ، كاتێك باس لە ژیانی خۆی دەكات لە حەڵەب ، هەوڵدەدات سروشتێكی خۆشی و گەشبینی بەسەر ئەو ژیانە پڕ لە ئازارەی تێكەڵاو بە بەرەنگاری و زەردەخنە بدات بۆئەوەی گەشبینی و ورە لە دڵی خەڵكدا زیندوو بكاتەوە.
نۆژین بەهۆی ئیفلیجبوونی هەردوو قاچییەوە نەیتوانیوە لەگەڵ منداڵاندا یاریی بكات، پەیوەندی لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا بریتی بووە لە دانیشتن لە باڵكۆنی نهۆمی پێنجەمی باڵاخانەیەكی گەڕەكی شێخ مەقسودی شاری حەڵەب.

                                                             نۆژین لە باڵكۆنی شوقەكەیان لە حەڵەب
نۆژین دەربارەی سەرەتای فێربونی زمانی ئینگلیزی دەڵێت:" لە سەرەتادا براكانم پیتەكان و خوێندنەوەی چەند وشەیەكیان فێركردم، پاش ماوەیەك كە دورودێژ نەبوو، خۆم پەرەم بە زمانەكەمدا لە رێگەی بینی بەڵگە فیلمەكانی بی بی سی و بەرنامە زانستییەكانییەوە و هەروەها سەیری زنجیرەی ئەمریكی دڵخوازی خۆم " Days of our lives " دەكرد كە زۆر هاوكاری كردم لە فێربوونی گفتوگۆ و قسەكردندا و پاشان دەستمكرد بە خوێندنەوەی كورتە چیرۆك و رۆمان و كتێبی زانستی زانا بەناوبانگەكانی وەك ئەنیشتاین".
هەروەها بوونی ئینتەرنێت هەندێكجار ئاسانكاری بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی كردووە و لە رێگەی بەكارهێنانی گوگڵەوە بەدوای هەر زانیارییەك یان وتارێك یان هەر رێنماییەكدا گەڕاوە كە پێویستی پێبووە و ئەوەش یارمەتیداوە لە خۆ رۆشنبیركردن و فێربوونی هەردوو زمانی ئینگلیزی و عەرەبی لەپاڵ  زمانی دایكدا كە زمانی كوردییە.
لەو بارەیەوە دەڵێت:"  لە رێگەی زیادكردنی دەنگی تەلەفزیۆنەوەكە و بینینی بەرنمە دڵخوازەكانم، خۆم بە دووردەگرت لە دەنگی تەقەو تەقینەوەكان، كە چەند میلێك لە دووری ماڵەكەمانەوە روویدەدا".

                                            ساتی گەیشتنی نۆژین و خوشكەكەی بۆ دوورگەی لیسبۆس

كاتێك ساڵی 2012 شەڕی سویا دەستپێدەكات، ئەوەی كە زۆر نۆژین دەترسێنێت، ئەوەیە كە لەوانەیە ئەو ببێتە هۆكارێك كە خێزانەكەی نەتوانن بەهۆی زەحمەتی گواستنەوەی لەسەر كورسییەكەی رابكەن كاتێك شەڕەكە دەگاتە ناوچەكەیان، لەبەرئەوە بڕیاردەدات لەگەڵ خوشەكە گەورەكەیدا ئەزمونی كۆچكردن بۆ ئەوروپا لە رێگەی دەریاوە تاقیبكاتەوە، بۆئەوەی بگاتە كەمپێك لە كەمپەكانی كۆچبەران لە ئەڵمانیا كە براكەی لێ‌ نیشتەجێیە. 
لەو بارەیەوە نۆژین دەڵێت:" بیرم لەوە كردەوە كە هەلی خۆم بۆ دەستكردن بە ژیانێكی نوێ تاقیبكەمەوە، هەموو مرۆڤێكی شایستەی ئەوەیە هەلی ژیانی هەبێت".
نۆژین بە دوو وشەی ئازاربەخش " ببورە سوریا" ماڵئاوایی لە وڵاتەكەی دەكات، چونكە لە حاڵەتی شەڕدا بەجێیدەهێڵێت، ئەو شەڕەی كە هێشتا رۆحی رۆڵەكانی دروێنەدەكرد و پاشان لە وێستگەی یەكەمی گەشتەكەیدا روودەكاتە توركیا.


                                                     نۆژین دوای دابەزینی لە بەلەمی كۆچبەران لە لیسبۆس

كتێبی ژیان
كۆتایی 2016 و دوای گەیشتنی بە ئەڵمانیا، نۆژین چیرۆكی ژیانی خۆی بە زمانی ئینگلیزی لە كتێبێكدا دەنوسێتەوە و ژنە نوسەری بەریتانیی " كریستینا لامپ" بەشدار دەبێت لەگەڵیدا.
كتێبەكە پڕە لە روودا و ئازار و هەندێكجاریش وردەكاری زۆر غەمگین و هەندێكجاریش تۆقێنەر، خوێنەر سەرەتا واتێدەگات كە چیرۆكەكە خەیاڵە، بەڵام هەرزوو درك بەوە دەكات كە ئەوە چیرۆكی ئەو ژیانەیە كە نۆژین لە كاتی جەنگدا بەسەری بردووە.
كتێبەكە تەنها گەشتێكی ژیانی پڕ لە ئاڵنگاریی و وردەكاری تێپەڕاندنی بەربەستەكانی هەموو قۆناغێك ناگرێتەوە، بەڵكو پەیامێكیشە بۆ جیهان، مامەڵەی مرۆیانە لەگەڵ كۆچبەران رووندەكاتەوە كە بە ناچاری و بەهۆی جەنگەكانەوە وڵاتی خۆیان بەجێهێشتووە و هەروەها  ئەوەش رووندەكاتەوە كە ئەوان ئەو ژمارەیە نین كە خۆرئاوا لێیان بترسێت، بەڵكو ئەوان مرۆڤن و جەنگ ستەمی لێكردوون و هەروەها باسیشی لە وەكردووە كە ئەوان دەتوانن رۆڵ ببینن لە بونیاتنانی ئەو كۆمەڵگەی و وڵاتانەی پەنایان بۆ بردووە.

                                                        نۆژین و خوشكەكەی لە گەشتەكەیاندا بەرەو ئەڵمانیا
نۆژین لە كتێبەكەیدا باس لە سەرەتای رووداوەكانی سوریاش دەكاتن هەرچەندە ئەو كاتە واتە ساڵی 2012 منداڵێكی تەمەن 13 ساڵان بووە، باسی ئەوەشی كردووە كە دواتر چۆن رووداوەكان بەرەو توندوتیژی چوون و باجەكەشی ژمارەیەكی زۆر لە منداڵ و كەسانی بەتەمەن و هاوڵاتیانی سڤیلی بێ‌ تاوان داویانە و تیشكیشی خستوەتە سەر دۆخی دەروونی خۆی و هاوڵاتیانی سوریا لە دۆخێكدا كە فڕۆكە و موشەكەكان باڵیان بەسەردا كێشاوە.
لە بەشێكی كتێبەكەیدا نۆژین دەربارەی " دێوەزمەتی ترس"  نوسیویەتی  دەربارەی گەشتەكەی بەبەلەمێكی لاستیكی كە خۆی و چەند ئەندامێكی خێزانەكەی گواستوەتەوە بۆ دوورگەی لیسبۆسی یۆنان و چۆن بیرۆكەی مەترسیدار و تۆقێنەر بە خەیاڵیدا هاتووە، بۆنمونە كەسێك كورسییەكەی كە هاوكاری رۆیشتنی دەكات هەڵبداتە ناو دەریاوە بۆئەوەی كێشی بەلەمەكە كەمێك سوكتر بكات.
هاوكات لەو كتێبەدا ئاماژە بەوەدەكات كە ناچاربوون مامەڵەبكەن لەگەڵ كەسانی قاچاخچی و بازرگانەكانی مرۆڤ و باسیشی لە دۆخی پەنابەران لە كەمپەكاندا كردووە كە جەنگ ناچاریكردوون رابكەن و لەوێ‌ لە هەموو لایەكەوە بوونەتە ئامانجی سوكایەتی پێكردن.
نۆژین لە كتێبەكەیدا مرۆڤایەتی پەنابەران بە جیهان دەناسێنێت كە قەدرێك كۆیكردووەنەتەوە ئەویش بێ‌ لانە بووە و دواتر چۆن بە رێكەوت وەك خێزانێك  لە رێگایاندا بەرەو جیهانێكی نادیار كۆبونەتەوە و بوون بە یارمەتیدەر و پشتیوانی یەكتر.
لەو بارەیەو نۆژین دەڵێت:" هەندێك لە كۆچبەرانی كاروانەكەمان كە لە گەشتەكەدا لەگەڵمدا بوون، بەنۆر كورسییەكەمیان هەڵدەگرت، وەك ئەوە وابوون كە ئەندامی خێزانەكەم بن".
پاشان نۆژینی تەمەن 15 بەهار دەبێتە پردی پەیوەندی نێوان پەنابەران و رۆژنامەنوسان و رێكخراوە جیهانییەكان، چونكە سەرەڕای ئەوەی نەچوەتە قوتابخانە، بەڵام زۆر بەباشی بە ئینگلیزی قسەیكردووە و دەڵێت:" ئەوە یەكەمجار بوو لە ژیانمدا كە هەستم كرد سودبەخشم، و دەتوانم شتێك بۆ كەسەكانی چواردەورم بكەم".


دوبەی: دیداری نۆژین و شێخ ئەحمەد بن سەعید ئال مەكتوم/ ئازاری 2017

هاوڕێ
لە چاوپێكەوتنیدا لەگەڵ " بی بی سی " نۆژین دەڵێت كە لە ژیانیدا هەرگیز وەك منداڵانی وڵاتەكەی نەچوەتە قوتابخانە، بەهۆی ئەوە توشی ئیفلیجی مێشك بووە و بەوەش هەردوو قاچی ئیفلیج بوون و خێزانەكەشی نەیتوانیوە خوێندنی بۆ دابین بكەن، یان ئامێری یارمەتیدەر بۆ چوونی بۆ قوتابخانە بۆ دابین دەكەن.
ئەو لە نهۆمی پێنجەمی باڵاخانەیەكی گەڕەكی شێخ مەقسودی شاری حەڵەب نیشتەجێبووە كە  ئەسانسۆریشی نەبووە، لەبەرئەوە زۆربەی ژیانی بە گۆشەگیری لە ژوورەكەیدا بردووەتە سەر و جگە لە " كتێب و تەلەفزیۆن" هیچ هاوڕێیەكی تری نەبووە و تەنها لە رێگەی باڵكۆنی باڵاخانەكەوە مامەڵەی لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا كردووە و سەرنجی داوەتە جوڵەی خەڵك لە شەقامەكەدا.
نۆژین كەسایەتییەكی زۆر سادە و رۆح سوكە و  بووەتە ئیلهام بەخش بۆ چەندین ملیۆن كەس كە چیرۆكی ژیانیان لە رێگەی كەناڵە جیهانییەكانەوە بینیوە، كە سەرەتا كەناڵی بی بی سی بوو كە لە سنورەوە لەگەڵیدا بووە و وردەكاری سەرنجڕاكێشی دەربارەی كەسایەتی گواستنەوە كاتێك كە تەمەنی 15 ساڵان بوو، ئەوەش لە كۆتایی ساڵی 2015دا بوو، ئەوەش بووە مایەی سەرنجی چەندین كەسایەتی بەناوبانگی جیهانی لە بوارەكانی سیاسەت و وەرزش و راگەیاندن و ئەستێرەكانی سینەما و كەناڵە جیهانییەكان و خاوەن پێداویستییە تایبەكان و كچان و كوڕانی هەرزەكار لە سەرتاسەری جیهاندا.
نۆژین بە جۆرێك لە شۆخییەوە دەڵێت:" دوای پێنج خولەك لە گەیشتنم بە ئەوروپا بووم بە كەسێكی بەناوبانگ، كاتێك وێنەگری كۆمسیۆنی باڵای كاروباری پەنابەران وێنەی منی لە ساتی رزگاركردنم لە بەلەمێكی لاستیكی لە دوورگەی لیسبۆسی یۆنان بڵاوكردەوە و بەوەش هەواڵی من بە هەموو جیهاندا بڵاوبووەوە".
دەشڵێت:" ئەمڕۆ دەنگم دەبیسترێت و دەتوانم هاوكاری خەڵك بكەم، بە تایبەتی كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت".
نۆژین گەشتەكەی لەم رستەیەكدا كورتدەكاتەوە " ئامانجەكان بە ئاسانی بەدەستنایەن، پێویستە لە پێناوی گەیشتن پێیان بجەنگین و كۆچكردنم لە نیشتمانە سەرەڕای ئازارەكەی ، گەشتێك بوو بۆ ژیانێكی نوێ".


          نۆژین و خوشكەكەی لەگەڵ لیۆنێل میسی، یاریزانی یانەی بەرشلۆنە

ئاوارەبوون
ئیفلیجبوونی قاچەكانی نەبوونە رێگە لەبەردەم نۆژین بۆ بڕینی هەزاران كیلۆمەتر لە خۆرهەڵاتەوە بۆ خۆرئاوا لە گەشتێكدا كە ئەو بە " خۆش" وەسفیدەكات لە پێناوی ژیانێكی نوێدا، دوای ئەوەی شەڕ زۆرینەی شارەكانی سوریای وێرانكرد.
نۆژین دەڵێت:" سەرەڕای ئەوەی نەمدەتوانی بڕۆم، بەڵام نەبووە هۆی ئەوەی كە نەرێنی بم بەرامبەر بە پەككەوتنم، بەڵكو پاڵنەرێكی بەهێز بوو بۆئەوەی خۆم پەرەپێبدەم ، لەبەرئەوە پەنام بۆ زانست و كتێب برد و كاتێك بیرم لە گەشتەكەم بەنێو دەریادا دەكردەوە بەخۆمم دەوت یان لە سفرەوە دەستپێدەكەم یان بە زەردەخەنەوە دەمرم، بەڵام سوربووم لەسەر ئەوەی كە ئەو ئەزمونە تاقیبكەمەوە."
دەشڵێت:" دیمەنی زۆر ناخۆش و زەحمەتمان بینی كە هەندێك لە پەنابەران لە سنوری سربیا و هەنگاریا رووبەڕووی بووەنەوە كە لەبەر ناشیرینیان وەسفناكرێت، چەندە غەمگین بوو، كاتێك هەستت دەكرد كەسانێك هەن لە تەنها چونە ناو وڵاتێكی نوێوە لێت دەترسێن".
سەرەڕای ئەوەش لە قسەخۆشی خۆی بەردەوام دەبێت و بە خۆشیەوە دەڵێت:" لە مەكدۆنیان نانی بەیانیمان خوارد، نانی ئێوارەش لە سربیا، ئێستا ئێمە بوین بە شارەزا لە جوگرافیای ئەوروپا  گەشتە دوورودرێژەكاندا".


                                                 جیرارد پیكێ‌ درێسێكی یانەكەی پێشكەش بە نۆژین دەكات

یەكەمجار
نۆژین دەربارەی یەكەمجارەكان لە ژیاندا قسەیكرد، و گەشتەكەی زۆر بە خۆش وەسفدەكات، چونكە بەلای ئەوەوە هەموو شتەكان یەكەمجارە روودەدەن، ئەو یەكەمجارە شارەكەی بەجێدەهێڵێت، و بۆ یەكەمجار دەچێتە نێو دەریا و بۆ یەكەمجار سواری شەمەندەفەر دەبێت و بۆ یەكەمجار سنوری هەشت دەوڵەت دەبڕێت و بۆ یەكەمجار چاوی بە خەڵكی خاوەن رەگەزی جیاجیا دەكەوێت و بۆ یەكەمجار كامێراكان وێنەی دەگرن و بۆ یەكەمجاریش دەچێتە قوتابخانە و لەسەر كورسی خوێندن دادەنیشێت.
نۆژین هەردوو بووە دەبێتە مایەی سەرنجی رۆژنامەنوسان و كارمەندانی رێكخراوە جیهانییەكانی ئەوانەی كە رووماڵی هەواڵی پەنابەران دەكەن، باش قسەكردن بە ئینگلیزی و ئازایەتی و زیەرەكی لە قسەكردن لەگەڵیاندا نۆژینی كردووەتە كەسایەتیی و سەركردەی گروپەكەی سەرەڕای بچوكی تەمەنی.
یەكەم قوتابخانە لە ئەڵمانیا
نۆژین ئەیلولی 2015 گەیشتوەتە ئەڵمانیا، ساڵێك دواتر بۆ یەكەمجار لە ژیانیدا دەچێتە قوتابخانە و لە پۆلێكدا لەگەڵ هاوڕێكانیدا دادەنیشێت یاری دەكەن و دەخوێنن، بەبێ‌ ئەوەی قاچەكانی رێگرییەكی بۆ دروست بكەن.
لەوەڵام بە پرسیاری ئەوەی ئایا هاوڕێكانی لە قوتابخانە ئاگاداركردوەتەوە دەربارەی ناوبانگی خۆی و كتێبەكەی كە بۆ 13 زمانی جیهانی وەرگێڕدرا و لەگەڵ چالاكییەكانی لە نەتەوە یەكگرتووەكان ومافەكانی مرۆڤ و چاوپێكەوتن و دیداری لەگەڵ كەسایەتییە بەناوبانگەكانی جیهاندا دەڵێت:" نامەوێت بە شێوازێكی جیاواز رەفتاربكەم لەگەڵ هاوڕێكانمدا، دەمەوێت تەنها نۆژین بم و كاتێكی خۆش لەگەڵ هاوڕێكانمدا بەسەربەرم بەبێ‌ ئەوەی جیاواز بمینین، لەبەرئەوە هاوڕێكانی قوتابخانەم هیچ دەربارەی ئەوە نازانن، تەنها بەڕێوەبەری قوتابخانەكە و 44 مامۆستاكەم ئەوە دەزانن".
دەربارەی خەون و خولیای دەڵێت:" لە رابردوودا  كاتێك منداڵ بووم، هیواداربووم ببمە كەشتیوانی ئاسمانی، بەڵام كاتێك پێویستە جەستییەكانی ئەو خەونەم درك پێكرد، گۆڕم بۆ پلانی بی كە خوێندنی دەرونزانی و تێگەیشتنی مرۆڤە، چونكە بڕوام وایە كە خودی مرۆڤ گەورەترین مەتەڵە".
دەشڵێت:" بە هەموو جیهانی نیشاندەدەین، كە ئەنگێلا مێركڵ، راوێژكاری ئەڵمانیا لەسەر حەق بوو، كاتێك دەروازەكانی وڵاتەكەی بۆ پەنابەران كردەوە و رۆژێك لە رۆژان شانازیمان پێوەدەكات".
نۆژین دەیەوێت بە جیهانی خۆرئاوا بڵێت كە ئەوان پێویستیان بەوەیە پێش پەناگەیەك هاوسۆز بن لەگەڵ پەنابەراندا، ئەوان تەنها ژمارە یان قورسایی نین، بەڵكو پەنابەران دەتوانن بەشداری بكەن لە پەرەپێدانی ئابوری ئەو وڵاتانە و دەتوانن بگەنە بەرزترین پلەی زانستی".


                         سویسرا: گفتوگۆی نۆژین و زەید بن رەعد كۆمسیاری باڵای كاروباری پەنابەران لە زیوریخ

كەسایەتییە بەناوبانگەكان
ئەكتەر و میدیاكاری بەریتانی جۆن ئۆلیڤەر لە رێگەی بەرنامەی " Last week Tonight " ئەڵقەیەكی بەرنامە بەناوبانگەكەی لەسەر كەناڵی " HBO " ئەمریكی بۆ نۆژین مستەفا تەرخانكرد و داوایكرد دیمەنی كۆتایی زنجیرەی دڵخوازی نۆژین "  Days of our lives " نمایشبكەن، بۆئەوەی دیمەنی كۆتایی زنجیرەكە كە بەهۆی مردنی پاڵەوانەكەوە نۆژینی غەمباركردبوو بگۆڕن، لەبەرئەوە پاڵەوانەكە گەڕێنرایەوە بۆ دیمەنی كۆتایی بۆئەوەی كۆتاییەكی خۆشی هەبێت و خۆشی بۆ دڵی نۆژین بگەڕێتەوە.
پاڵەوانی دیمەنی كۆتایی زنجیرەكە لە ئاماژەیدا بۆ چیرۆكی نۆژین دەڵێت:" قورس نییە لە مردنەوە بگەڕێیتەوە بۆ ژیان، قورستر ئەوەیە كە لە سوریاوە و لەرێی هەشت دەوڵەتەوە لەسەر كورسی گەڕۆك بێیت بۆ ئەڵمانیا، بەڵام كتێبەكەی نۆژین مستەفام خوێنەوە كە ئیلهامی پێ‌ بەخشیم و هانیدام بەرگری بكەم و بگەڕێمەوە بۆ ژیان".
مەلالە یوسفزای پاكستانی كە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە دەڵێت:" نۆژین فێریكردم كە خەونەكان سنوریان نییە، ئەو پاڵەوان و ئیلهامبەخشی ئێمەیە، ئامۆژگاری هەموان دەكەم كە كتێبەكەی بخوێننەوە, كە هێز دەبەخشێت".

         بەرگی كتێبەكەی نۆژین " هەڵاتن لە جەنگەوە بۆ ئازادی"

 

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand