عەبدولمەهدی پێشێلكاری كردووەو دەدرێتە دادگا!
2018-11-30 14:16:02
ڕاپۆرتی: ئارام مەحمود
دوای بەبنبەست گەیشتنی دانوستانی كوتلە سیاسییەكان سەبارەت بە كۆتاییهێنان بە قەیرانی (8) وەزارەتە پڕنەكراوەكە، هاوپەیمانی (بونیاتنان) كە لەلایەن (هادی عامریو نوری مالیكی)و هەندێك لە هێزە سوننیەكانەوە پێكهێنراوە، هەوڵەكانی چڕكردوەتەوە لەپێناو تێپەڕاندنی كاندیدەكانی بە زۆرینەی دەنگ.
ڕێككەوتن زەحمەتە
ئەندامێكی هاوپەیمانی (بونیاتنان) دەڵێت، لە دوێنێ پێنج شەممەوە، جمجۆلێكی فراوان بۆ پێكهێنانی بەرەیەك دەستیپێكردووە، بۆ ئەوەی زۆرترین پەرلەمانتار لە دەوری خۆی كۆبكاتەوە، بۆ زامنكردنی تێپەڕاندنی كاندیدەكانی (بونیاتنان) بۆ وەزارەتە پڕنەكراوەكان، لە حاڵەتی بەردەوامبونی ناكۆكییەكان.
ئەوەشی بۆ ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید) ئاشكراكردووە، هاوپەیمانی (بونیاتنان) پێداگرە لەسەر كاندیدەكانی بەتایبەت دانانی (فالح فەیاز) لە پۆستی وەزارەتی ناوخۆ، كە لەلایەن هاوپەیمانی (سائیرون)و خودی (موقتەدا سەدر)ەوە، بەتوندی ڕەتدەكرێتەوە.
لەگەڵ ئەوەی هەموو پێشهاتو ئاماژەكانی ئێستا ئەوە دەردەخەن، گەیشتن بە ڕیككەوتنی كوتلە سیاسیەكان لەسەر كاندیدی تەواوی وەزارەتە پڕنەكراوەكان كارێكی قورسە، بەڵام یەكێك لە ئەگەرە چاوەڕوانكراوەكان ئەوەیە، ڕۆی سێ شەممەی داهاتوو (عادل عەبدولمەهدی) سەرۆك وەزیرانی عێراق بچێتە پەرلەمانو، ناوی كاندیدی (6) وەزارەت پێشكەش بكات، جگە لەكاندیدانی هەردوو وەزارەتی (ناوخۆو بەرگری) وەك ئەوەی (موقتەدا سەدر) لەدواین تویتیدا بۆ (عەبدولمەهدی) پێشنیاز كرد.
ناوخۆو بەرگری نادرێن بە كەسانی حزبی
(غالب عومێری) پەرلەمانتار لەهاوپەیمانی (چاكسازیو بونیاتنان) كە لەلایەن (سەدرو عەبادی)و بەشێك لە هێزە سوننیەكانەوە پێكهێنراوە، دەڵێت، هاوپەیمانییەكەی ڕەتیدەكاتەوە وەزارەتەكانی (ناوخۆو بەرگری) بدرێن بە كەسانی حزبیو داوا دەكات بدرێن بە كەسانی سەربازی.
(عومێری) لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕاشیگەیاندووە: زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان ڕەتیدەكەنەوە دەنگ بە كەسایەتییەكی حزبی بدەن بۆ ئەو دوو وەزارەتە، ڕونیشكردۆتەوە، كاندیدە حزبییەكان كێشەی گەورەیان لە پەرلەمان خولقاندووەو، هەندێك لە هێزە سیاسیەكان دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ پشكێنەی حزبی لە دابەشكردنی پۆستەكان، كە ئەوەش لە پرۆگرامی حكومەتەكەی (عەبدولمەهدی)دا ڕێككەوتنی لەسەر نەكراوە.
لەسەروبەندی توندبونەوەی ململانێكانو، تەواونەكردنی كابینەی حكومەتدا، (عادل عەبدلمەهدی) ڕوبەڕوی مەترسی، یەكەم سكاڵای یاسایی دەبێتەوە، لەوەتەی لەسەر كورسی سەرۆك وەزیران دانیشتووە.
تۆمەتەكانی پەردەپۆش كردوون
(حسێن ئەلعیقابی) ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت، بەنیازە سكاڵای یاسای لە دژی سەرۆك وەزیران تۆماربكات، ڕاشیگەیاندووە:" سەرۆك وەزیران پیشێلكاری زۆرو ڕوونی كردووە لە پێكهێنانی حكومەتە تەوانەكراوەكەی، هەر لە پابەندنەبونی بە لێكۆڵینەوە لە بوونی مەرجە دەستورییو یاساییەكان لە كاندیدی وەزارەتەكانیو بێبەری كردنیان لە ڕێوشوێنەكانی لێپرسینەوەو دادپەروەری، تا دەگاتە تۆمەتەكانی تیرۆرو گەندەڵی دارایی".
(عیقابی) ئاماژەی بەوەداوە:" ڕێسا یاساییەكان سەرۆك وەزیران پابەند دەكات بە ڵێكۆڵینەوەو، بەدەستهێنانی زانیاریو، بوونی مەرجەكانو، نەبوونی هیچ بەربەستێك پێش ئەوەی كاندید پێشكەش بە پەرلەمان بكات بۆ دەنگدان لەسەری".
باسی كۆمەلێك پێشێلكاری تریشی كردووە كە خۆی لە " چاوپۆشی لە هەندێك وەزیر كردووە كە شیاوی متمانەین، لەگەڵ شاردنەوەی زانیاری، دوای گەیشتنی لە فەرمانگە پەیوەندیدارەكانەوە.
تەئكیدیشی كردووە:" لە ئەنجامی ئەو پێشێلكارییانە بڕیارمانداوە سكاڵای یاسای دژی سەرۆك وەزیران تۆمار بكەین، سەبارەت بە پرسی چاوپۆشین لە وەزیرە نەشیاوەكان، كە مەرجە دەستورییو یاساییەكانیان تیادا نییە".