ریفراندۆم ئەستێرەی بەختی نێچیرڤان بارزانی درەوشاندەوە
2018-11-29 13:11:26
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
ریفراندۆم تەنیا هاوكێشەی سیاسی لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی كوردستانو ناوچەكە نەگۆڕی، بەڵكو هاوكێشەی هێزو كاریگەریشی لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان گۆڕی.
تاوەكو رۆژانی پێش ریفراندۆم، بارەگاكەی مەسعود بارزانی شوێنی كۆبونەوەو پێشوازیكردن بوو لە وەفدی وڵاتان، دوای ریفراندۆم بەرپرسو نوێنەری وڵاتان ئاڕاستەی سەردانو پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانیان گۆڕی بەرەو بارەگاكەی نێچیرڤان بارزانی، رەنگە ئەمە راستی ئەو قسەیەی مەسعود بارزانی بسەلمێنێت كە رۆژانی پێش ریفراندۆم وتی:" ئەگەر ریفراندۆم سەرنەكەوت بڵێن ئەم پیاوە شێت بووەو سواری سەری خۆی بووە".
بەتەماشاكردنەوەی رووداوەكانی بەر لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی ریفراندۆم لە 25ی ئەیلولی 2017دا بەڕوونی ئەوە دەبینرێت نێچیرڤان بارزانی هەستی بە رووداو و پێشهاتەكانی پاش ریفراندۆم كردووە، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە ئەو كەمتر لە رۆژانی بانگەشە بۆ ریفراندۆم دەركەوتو لەدوای ریفراندۆمیش یەكەم بەرپرسی پارتی بوو ئاڵای عێراقی لەپشتی خۆیەوە داناو وتی" هێشتا هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق".
ئەو رۆژانە نێچیرڤان بارزانی كەناڵەكەی خۆی (رووداو) خستبووە خزمەتی سەرخستنی پرۆسەی ریفراندۆمو لەو رێگەیەوە دڵی بارزانی مامی راگرتبوو، بەڵام خۆی بەدورگرتبوو، ئەو دەیزانی سەرپێچیكردنی لە بڕیاری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیو وڵاتانی ناوچەكە باجی قورسی دەبێت، باجێك كە ئەمڕۆ مەسعود بارزانی مامو باوكی هاوسەرەكەی دەیدات.
لەدوای ریفراندۆمەوە مەسعود بارزانی گۆشەگیر بووە، ئیتر وەكو رۆژانی پێش ریفراندۆم وەفدو بەرپرسانی بیانی سەردانی ناكەن، لەبەرامبەردا نێچیرڤان بارزانی پەیتا پەیتا پەیوەندی تەلەفۆنیی وەفدە بیانییەكان وەڵامدەداتەوەو لەژێر پەردەشەوە دیداری دیپلۆماسی دەكات.
نێچیرڤان دڵی مامی رادەگرێت
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئەم رۆژانە نێچیرڤانی بارزانی وەكو بڕیاربەدەستی یەكەمی پارتی لەلایەن نوێنەری وڵاتانەوە مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، بەڵام بۆ خۆبەدورگرتن لە توڕەیی مەسعود بارزانی مامی، خۆی لە بڵاوكردنەوەی هەواڵ و دیدارو پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانی لەگەڵ بەرپرسو دیپلۆماتكاران لە میدیاكانەوە بەدوردەگرێت.
كەناڵی (رووداو) كە سەربە نێچیرڤان بارزانییە ماوەیەكە دەستەواژوەی "سەرۆك بارزانی" بەكاردەهێنێت لە روماڵكردنی هەواڵەكانی تایبەت بە مەسعود بارزانی، ئەمە لەكاتێكدا ئێستا مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان نییەو هیچ یاسایەكیش نییە كە رێگەبدات بە بەكارهێنانی پێشگری " سەرۆك" بۆ ئەو كەسانەی كە رۆژانێك سەرۆكایەتی هەرێمیان كردووە، هاوشێوەی ئەوەی لە ئەمریكا هەیە.
رەنگە كەناڵی (رووداو)و نێچیرڤان بارزانی لەڕێگەی بەكارهێنانی ئەو دەستەواژەیەوە بۆ مەسعود بارزانی، بیانەوێت خۆیان لە شەڕو توڕەیی بارزانی مام بپارێزن.
هاوكات كەناڵی (رووداو) ماوەیەكە بەشێوەیەكی كەمتر رووماڵی هەواڵەكانی نێچیرڤان بارزانی دەكاتو بەپێچەوانەوە بایەخی زۆر بە هەواڵەكانی مەسعود بارزانی دەدات، ئەمەش لە سەردانەكەی ئەمدواییەی بارزانیدا بۆ بەغداد بەدەركەوت.
كێ شوێنی بارزانی پڕدەكاتەوە؟
یەكێك لە رۆژنامەنوسە دیارەكانی نزیك لە نێچیرڤان بارزانی بەمدواییە لە وتارێكدا كە لە سایتی (رووداو) بڵاویكردەوە، ئاشكرایكرد، مەسعود بارزانی چیتر لە شانۆی سیاسی دوردەكەوێتەوەو گۆڕەپانەكە بۆ مەسرور بارزانی كوڕی چۆڵ دەكات.
ئەو رۆژنامەنوسە (رێبوار كەریم وەلی)، لە وتارەكەیدا باسی لە چەند بژاردەیەك كردووە، بەپێی قسەی ئەو، پارتی دەیەوێت لەماوەی (شەش مانگ بۆ ساڵێك) دوای پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، دامەزراوەیی سەرۆكایەتی هەرێم كارابكاتەوە، دوای كاراكردنەوەش نێچیرڤان بارزانی یاخود مەسرور بارزانی یەكێكیان پۆستی سەرۆكی هەرێمو ئەوی تر پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێم وەردەگرێت.
لەحاڵی جێبەجێبوونی ئەم نەخشەیەدا، مەسعود بارزانی تەنیا وەكو سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەمێنێتەوە، رەنگە ئەمە ئەو باجە قورسە بێت كە لەدوای ریفراندۆم بارزانی دەبێت بیدات لەبەرامبەر سەرپێچیكردنی بڕیاری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیو وڵاتانی ناوچەكە، بەتایبەتیش توركیا.
رووداوەكانی ئەمدواییە نیشانی دەدەن، مەسعود بارزانی زیانەكانی ریفراندۆم دەچنێتەوەو نێچیرڤان بارزانیش سودو دەستكەوتەكانی.
سەركردەكانی پارتی گوێ لە كێ دەگرن؟
بەمدواییە لە دیدارێكدا لەگەڵ كەناڵی رووداو، فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی لە وەسفی نێچیرڤان بارزانیدا وتی:" دیپلۆماسیەتی نێچیرڤان بارزانی هەرێمی كوردستانی لەدوای ریفراندۆم رزگاركرد".
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكەوە دەستیكەوتووە، لەدوای ریفراندۆمەوە سەركردەكانی پارتی لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا زیاتر سەرەنجیان لەسەر بۆچونەكانی نێچیرڤانی بارزانییە بۆ رووداو و پێشهاتە سیاسییەكان، نەك مەسعود بارزانی.
بەشێوەیەكی كردەییش لەدوای ریفراندۆمەوە مەسعود بارزانی هەر كۆبونەوەو دیدارێكی كردبێت، نێچیرڤان بارزانی رێخۆشكەری بۆ كردووە.