گۆڕان لە نێوان چوون و نەچووندا
2018-11-29 11:26:23
ڕاپۆرتی: ئارام مەحمود
ڕەنگە ئاڵنگاری ژمارە (یەك)ی بەردەم بزوتنەوەی گۆڕان لەم قۆناغەدا، یەكلایكردنەوەی پرسی چوونو نەچوون بێت بۆ ناو حكومەت، مشتومڕەكان تا ئەم ساتە بەزەقی ئامادەیە، ئەو دەنگەی تائێستا بیستراوە، دەنگی ئەوانەیە پێیان باشە گۆڕان بەشداری حكومەت بكات، بۆ ئەوەش پاساوی خۆیان هەیەو، دەڵێن "ئەگەر لە دەرەوەی حكومەت بن ئاگاداری هیچ نابن"، پێیانوایە " دۆخی دارایی لە كابینە نۆدا باشدەبێتو، ئەگەر گۆڕان بەشداریبكات، دەتوانێت هەندێ لە بەڵێنەكانی جێبەجێبكات".
بەنیازن پۆست وەربگرن
(ساڵح ژاژڵەیی)، كە جێگری سەرۆكی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕانە، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ (دەنگی ئەمریكا) وەك یەكەم بەرپرسی ئەو بزوتنەوەیە لەسەر ئەم پرسە كۆمەڵێك قسەی نەوتراو دەكات.
ژاژڵەیی دەڵێ " هەتا ئێستا ئەوەی دەردەكەوێت ئەوەیە زۆرینە لەگەڵ ئەوەن نەچینە ناو حكومەت.. چوونو نەچوون قازانجو زیانی خۆی هەیە، بەڵام بەپێی ئەو تەجروبەیەی هەمانە دەركەوتووە، نەچوونە ناو حكومەت قازانجی بۆ گۆڕان زیاترە"، هەرچەندە قسەكانی پشتبەستوو نییە بە ڕاپرسی ناوخۆییو سەرژمێری وەك خۆی دەڵێت.
ئەو بەرپرسەی گۆڕان ئاماژەی بەوەشداوە"هەندێك لە سەركردەكانی گۆڕان بەنیازی پۆستی باڵای حكومین، بۆیە هانی ئەوە دەدەن گۆڕان بچێتە ناو حكومەت".
گۆڕان لە كابینەی هەشتەمدا
بزوتنەوەی گۆڕان لەدوای دروستبوونیەوە یەكجار بەشداری لە دەسەڵات كردووە، لەكابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم، بزوتنەوەی گۆڕان ئەم پۆستانەی وەرگرت:
• سەرۆكی پەرلەمان
• وەزیری پێشمەرگە
• وەزیری دارایی
• وەزیری بازرگانی
• وەزیری ئەوقاف
• دەستەی وەبەرهێنان
• ژمارەیەك ڕاوێژكارو بەڕێوەبەری گشتی
• نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە فەرەنسا
گۆڕانی ئەجێنداكان
بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەی هەشتدا بەتەواوی ئەم پۆستانەوە، قەزییەكی گەورەی هەبوو ئەویش "گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی بوو لە سەرۆكایەتییەوە بۆ پەرلەمانی"، وێڕای تێبینییەكانی لەسەر پرسی (دەستور)ی داهاتووی هەرێمی كوردستان، بەوهۆیەشەوە لەگەڵ پارتی كەوتە شەڕێكی دەستەویەخەو قەیرانێكی سیاسی گەورەی لێكەتەوە.
بە گۆڕانی هاوكێشەی هێزو غیابی هەندێك كارەكتەری سیاسی بەتایبەت (نەوشیروان مستەفا)، ئەجێندا سیاسییەكانیش لە هەرێمی كوردستان گۆڕانی گەورەیان بەسەردا هاتووە، لە گەرمەی مشتومڕی بەشداریكرنو نەكردنو شێوازی پێكهێنانی كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم، پارتی دیموكراتی كوردستان سەرقاڵی داڕشتنی نەخشەڕێگای چالاككردنەوەی دامەزاروەی (سەرۆكایەتی هەرێم)و هێنانەوە پێشەوەی (پرۆژەی دەستور)ە.
چوارساڵی پارتی
چوار ساڵی داهاتوو بۆ پارتی دەرفەتێكی زێڕینە تا كۆتایی بەمشتومڕی (دەستور) بهێنێت، بەتایبەت كە بڕیاردەری یەكەمی دەسەڵاتی جێبەجێكردنەو، خاوەنی گەورەترین فراكسیۆنیشە لە پەرلەمانی كوردستانو، هەر یاسایەك بیەوێت بەزۆرینە تێیپەڕێنێت، هیچ ئاستەنگێكی ئەوتۆی نایەتەڕێ.
لەگەڵ ئەوەشدا ڕەنگە پارتی نەیەوێت پرسێكی هەستیاری وەك (دەستور) بەزۆرینەو كەمینە تێپەڕێنێتو، پێویستی بەلایەنی كەمی (كۆدەنگی نیشتمانی) بێت، بۆ بەهێزكردنی ئەم بەرەیەش پێویستی زۆری بەهێزێكی وەك بزوتنەوەی گۆڕانە، كە لەڕابردوودا كەوتە ململانێیەكی توندەوە لەگەڵی، گەرچی بەدورخستنەوەی گۆڕان لە حكومەتو پەرلەمان كۆتایهات، پارتی-یش نەیتوانی (دەستور) بەوشێوەیە تێپەڕێنێت كە خۆی دەیویست، بەڵام ئەمجارە لەڕێی بەشدایپێكرنی گۆڕان لە حكومەت، لەپاڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان، پارتی دەیەوێت دەنگی نزیكەی لە 80%ی پەرلەمانی كوردستان مسۆگەر بكاتو لە دەنگدانی گشتیشدا كاریگەری لەسەر ڕایگشتی دروستبكات.