لە كۆبانیەوە تا گرێ سپی لەژێر چاودێری ئەمریكادا دەبێت
2018-11-28 16:48:05
راپۆرتی: ئارام مەحمود
ئێواری ڕۆژی سێ شەممەی ڕابردوو، هێزەكانی ئەمریكا لە خۆرئاوا كوردستان، یەكەم خاڵی چاودێری سەربازییان لە ناوچەی (گرێ سپی) سەر پارێزگای (ڕەقە)دامەزراند، كە دەكەوێتە باكوری خۆرهەڵاتی سوریا، ئەوەش بە یەكەم خاڵی چاودێری ئسوپای ئەمریكا دادەنرێت لە سوریا.
وێنەی خاڵەكە تۆڕەكانی تەنیوە
چالاكانی بواری میدیا، ژمارەیەک وێنەیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكردوەتەوە، ئاماژە بە جێگربونی سوپای ئەمریكا دەكات لە خاڵێکی سەربازی لە (گرێ سپی)، چەند ڕۆژێك لەمەوبەر وەزارەتی بەرگری ئەمریكا ڕایگەیاند: دەستیكردووە بە دروستكردنی پێگەی چاودێری بە درێژایی چەند بەشێك لە ناوچە سنورییەكانی نێوان توركیاو سوریا.
بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەكان، ئەمریكا بەنیازە (5) خاڵی چاودێری سەربازی لەسەر سنوری نێوان توركیاو سوریا دابمەزرێنێت، كە لە (كۆبانێ)وە درێژدەبێتەوە بۆ ناوچەی (گرێ سپی)، سەرەتاش بە (گرێ سپی) دەستیپێكردووە.
هاوكات سەرچاوە ناوخۆییەكانی سوریا ئاماژە بەوەدەكەن، هێزەكانی ئەمریكا كە لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی (هێزەكانی سوریای دیموكرات) لە باكوری سوریان، خالێكی چاودێری سەربازییان لە ناوچەی (گرێ سپی) لە ڕیفی باكوری پارێزگای (ڕەقە) دامەزراندووە.
پەیامێكی یەكلاكەرەوەیە بۆ ئەنكەرە
دامەزراندنی ئەو خاڵە سەربازییە دوای ئەو ئاڵۆزییانە دێت كە ماوەیەك لەمەوبەر لە نێوان سوپای توركیاو هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لەسەر سنورەكانی خۆرئاوای كوردستان ڕوویاندا، ئەوەش دوای ئەوەی سوپای توركیا چەند ناوچەیەكی سنوریی خۆرئاوای كوردستانی بۆمباران كردو، لە كاردانەوەی ئەوەشدا، هێزەكانی سوریای دیموكرات بەشێوەیەكی كاتی هێرشەكانیان بۆ سەر ڕێكخراوی (داعش) ڕاگرتو بەوەش فشارێكی توندیان لەسەر (واشنتۆن) دروستكرد.
(خوڵوسی ئاكار) وەزیری بەرگری توركیا ڕایگەیاند: سوپای وڵاتەكەی چەندینجار بە هاوتا ئەمریكییەكەی ڕاگەیاندووە" نیگەرانە لە پرسی دامەزراندنی خاڵی چاودێری لە باكوری سوریا".
ئەنجومەنێكی نوێ لە ڕقە
حكومەتی كاتیی سوریا، كە سەربە ئیئتیلافی ئۆپۆزسیۆنی سوریایەو نزیكە لە حكومەتی (ئەنكەرە)، ماوەی چەند ڕۆژێكە ئەنجومەنێكی خۆجێی نوێی بۆ پارێزگای (ڕەقە) داناوە، كە زۆرینەی شارەكە لەدەستی هێزەكانی سوریای دیموكرات دایە، ئەوەش دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو شارەكەی بەتەواوی لە ڕێكخراوی (داعش) پاككردەوە.
ئەنجومەنە نوێیەكە لە (28) ئەندام پێكدێت، (12) كەسیان بۆ پێكهێنانی نوسینگەی جێبەجێكردنەو لەلایەن (فایز عیسا قاتع)ەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، كارەكانی ئەنجومەنەكە لەشاری (ئورفە)ی توركیاوە بەڕێوە دەبرێت، كە ژمارەیەكی بەرچاوە لە دانیشتوانی شاری (ڕەقە)ی وەك ئاوارە لێ نیشتەجێییە.
بەوتەی بەرپرسانی ئەنجومەنەكە، نوێنەرایەتیكردنی جوگرافیو دیموگرافی پارێزگای (ڕەقە) لە ئەنجومەنە نوێیەكەدا لەبەرچاوگیراوە.
بایەخی ڕەقە
پارێزگای (ڕەقە) بە گەورەترین پارێزگاكانی سوریا دادەنرێت لەڕووی ڕوبەرەوە كە زیاتر لە (20) كیلۆمەتر چوارگۆشە دەبێتو،چەندین قەزاو ناحیە لەخۆدەگرێت، وێڕایی ئەوەی یەكێكە لە سەبەتە گرنگەكانی دابینكردنی خۆراك بۆ سوریا، بەهۆی بەپیتی خاكەكەی.
هاوكات یەكێك لە گەورەترین بەنداوەكانی سوریای تیادایە، كە ئەویش بەنداوی(فورات)ە لە شاری (تەبقە) كە درێژییەكەی بە (80) كیلۆمەترو، پانییەكەشی لە هەندێك ناوچە دەگاتە (10) كیلۆمەتر، جگە لەوەی ناوچەیەكی دەوڵەمەندە بە پەترۆڵ، ئەوەش وایكردووە توركیا بە بەردەوامی چاوی لەسەربێتو، هەموو ڕێكارێك بگرێتەبەر بۆ وەدەرنانی هێزەكانی سوریای دیموكرات، كە شەڕڤانی یەكینەكانی پاراستنی گەل لەخۆرئاوای كوردستان بڕبڕەی پشتی ئەو هێزەن.