Draw Media

گوندی " ژنوار" لە رۆژئاوای كوردستان كرایەوە

گوندی " ژنوار" لە رۆژئاوای كوردستان كرایەوە

2018-11-28 16:46:39


ئامادەكردنی : نامیق رەسوڵ
25ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێك لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە وەك رۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان دیاریكراوە.
ساڵانە لەم رۆژەدا لەسەرتاسەری جیهاندا چالاكی جۆراوجۆر ئەنجامدەدرێن، بەڵام ئەمساڵ لە رۆژئاوای كوردستان بە پرۆژەیەكی جیاواز و سەرنجڕاكێش چالاكییەكانی ئەو رۆژە دەستیپێكرد.


لە رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندتیژی دژ بە ژنان لە رۆژئاوای كوردستان گوندی " ژنوار" كرایەوە، گوندەكە پەناگەیەكە بۆ ژنان و هیچ پیاوێكی تێدا نیشتەجێ نابێت و لە شارۆچكەی دربێسیەی رۆژئاوای كوردستان بونیادنراوە.
مانگی ئازاری 2017 كاركردن بۆ بونیادنانی گوندەكە دەستیپێكردووە و 25ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بە رەسمی كرایەوە، دانیشتوانی گوندەكە ئەو ژنانەن كە بەخێوکەر یان هاوسەریان نییە و پرۆژەكەش بە بودجە و كاركردنی خودی ژنان بونیادنراوە .
گوندەكە لە 30 خانووی لە قوڕ دروستكراو پێكهاتووە و خوێندنگەیەو بنكەیەكی تەندروستی و باخچەیەكی بۆ یاری منداڵان تێدایە.
ژنانی گوندەی " ژنوار" بۆ دابینكردنی بژێویان پشت بە كشتوكاڵ و بەخێوكردنی مەڕوماڵات دەبەستن و خاوەنی 200 سەر مەڕن.
هەروەها نانەواخانەیەكیش لە گوندەكەدا هەیە كە سەرچاوەیەكی تری دابینكردنی داهاتە بۆ ژنەكانی دانیشتوی ئەو گوندە.
رێكخراوەكانی ژنانی رۆژئاوای كوردستان بیرۆكەی بونیادنانی ئەم گوندەیان لە گوندەكاتی تایبەت بە ژنان لە دارستانەكانی ئەمازۆن وەرگرتووە.
گوندی " ژنوار" تایبەتە بە ژنان و پیاوان دەتوانن سەردانی گوندەكە بكەن، بەڵام ناتوانن تێیدا بمێننەوە و نیشتەجێبن.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand