Draw Media

ملیاردێرێك دەچێتە ناو حزبی شیوعییەوە

ملیاردێرێك دەچێتە ناو حزبی شیوعییەوە

2018-11-28 13:00:09


راپۆرت: رۆبین برانت- بی بی سی
وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت

شتێكی سەیر نییە دامەزرێنەر‌و سەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی كۆمپانیایەك بە بەهای (400) ملیار دۆلار كە سامانەكەی بە (34) ملیار دۆلار بخەمڵێندرێت، بچێتە ناو حزبی شیوعییەوە، كە سەركردەكانى ئەو حزبە دەیانەوێت گەشە بە چین بدەن، گەشە بە سۆسیالیزم‌و ماركسیەت بدەن؟
بەشێوازێكی ساكارتر، بۆچی ملیاردێری بەناوبانگ (جاك ما) چووە ناو حزبی شیوعی چینەوە؟
رۆژنامەی "گەل" كە زمانحاڵی حزبی دەسەڵاتداری چینە، ئەمەی بەفەرمی راگەیاند.
نازانین (جاك) كەی چوەتە ناو حزبەوە، بەڵام دەزانین ئێستا ئەو یەكێكە لە نزیكەی (88 ملیۆن) كەس كە گریمانە دەكرێت ئابونەی مانگانەی بدەن‌و، بەشداری كۆبونەوەكان بكەن، هەندێك كاتیش خۆیان دەخەنە بەردەم "رەخنەی خودی" بەمەبەستی باشكردنی فیكرە ئایدۆلۆژییەكەیان.
(جاك ما) بە بەرگریكارێكی سەرسەخت دادەنرێت لە شێوازی مامەڵەكردنی سەرۆك (چی جین بینگ) لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان‌و، سەرۆكەكانی ئەمریكا كە سكاڵایان هەیە لە كۆتوبەندی كاركردن لە چین.

بەڕێوەبەر‌و دامەزرێنەری كۆمپانیای "عەلی بابا"
ساڵی رابردوو لەم كاتانەدا‌و لە یەكێك لە كۆنگرەكاندا، (جاك) بە (بی بی سی) وت: كۆمپانیاكانی وەكو فەیسبوك ئەگەر هاتن بۆ ئێرە، پێویستە بڵێن بەڵێ، من یاسا‌و حوكمەكانی چین پەیڕەو دەكەم"، رونیكردەوە" من لە حكومەت نیم، ناشتوانم بەناوی حكومەتەوە قسە بكەم"، هەندێك دەڵێن ئەو قسانەی پێشبینی كراو بووە.
هەندێكی تر دەڵێن بۆ پێشكەوتن لە چین پێویستە لە ریزی سەركردایەتی‌و كارمەند‌و بەرپرسی شیوعییەكاندا بیت. (بەتایبەت ئەگەر بتەوێت تاڕادەیەك كۆنترۆڵی هێزی هاوچەرخ بكەیت لە ساڵی 1999وە، كە ئەوەش ئینتەرنێتە، بۆ رەخساندنی گەورەترین بازرگانی كاڵا لە جیهان لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە لە وڵاتێكدا كە سانسۆر خراوەتە سەر ئینتەرنێت).
(جاك ما) توانی كۆمپانیایەكی گەورە بنیادبنێت "عەلی بابا" كە بوو بە هێمایەكی جیاكەرەوە لە بواری داهێنانی ئابوری، بەڵام كۆمپانیاكە رەزامەندی نیشاندا لەسەر بەشداریكردن لە پێدانی زانیاری لەبارەی كڕیارەكانییەوە ئەگەر دەسەڵاتداران داوایان لێكرد، بەوەش پابەند بوو بە (یاسا‌و حوكمەكانی چین)ەوە، كە ساڵی رابردوو (جاك) باسی لێوەكرد.
(جاك ما) كە ناوە فەرمییەكەی "ما یۆن"ە، پێدەچێت بەهۆی ئەوە چوبێتە ناو حزبەوە كە باوەڕی بە نمونەی كاری چینی هەیە‌و  وڵاتەكەی رێگەی بەوەداوە بچێتە ناو قوڵایی ئابورییەوە.
پێدەچێت درەنگ وەخت بێت بۆ خستنەڕووی ئەم پرسیارە، چونكە (جاك ما) لەسەروبەندی ئەوەدایە ساڵی نوێ دەست لە پۆستەكەی وەكو سەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی كۆمپانیای "عەلی بابا" هەڵگرێت.
بەڵام راگەیاندنی ئەندامێتی لە حزب فزوڵیەت دەوروژێنێ، چونكە پێشبینی دەكرێت ئەندامانی حزبی شیوعی، نەك هەر پێشبینی بەڵكو پێویستە لەسەریان ئەولەویەت بە حزب بدەن بەر لە هەر شتێكی تر.
كۆمپانیای "عەلی بابا" دەڵێ بەڕێوەبەرەكەی هەرگیز بەرژەوەندی حزبی نەخستوەتە پێش بەرژەوەندی كۆمپانیاو خاوەنی پشكەكانی كە لە بازاڕی بۆرسەی نیویۆركدان ئەگەر بابەتەكە پێویستی بە بڕیاری چارەنوسساز بوبێت.
ئەم بابەتە ئێستا مشتومڕی دروستكردووە، بەڵام هەندێك كەس تێبینییان كردووە ئەو لە ناسنامەی كۆمپانیاكەدا لە ساڵی 2014دا، ئاماژەی بە پەیوەندی (جاك ما) بە حزبەوە نەكردووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand