Draw Media

بەسرە مۆڵەت دەداتە عادل عەبدولمەهدی

بەسرە مۆڵەت دەداتە عادل عەبدولمەهدی

2018-11-28 12:02:33


ڕاپۆرتی: ئارام مەحمود
ئەمڕۆ چوار شەممە ڕیش سپی‌و پیاوماقوڵانی شاری (بەسرە) لە (بەغداد)ی پایتەخت، لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبونەوە، نوسینگەی عەبدولمەهدی تەنها ئاماژەی بەوەكردووە، سەرۆك وەزیران لەگەڵ پەرلەمانتاران‌و پارێزگارو سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاو فەرماندەی پرۆسەكان‌و پۆلیسی پارێزگای (بەسرە) كۆبوەتەوە.

دانوستانی ڕاستەوخۆ دەستیپێكرد
ئەمە یەكەم كۆبونەوەیە لە نێوان عەبدلمەهدی‌و نوێنەرانی ئەو شارە لەدوای دەستبەكاربونی لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەنجامدەدرێت، كە لەسەردەمی كابینەكەی پێش ئەودا، شارەكە زنجیرەیەك خۆپشیاندانی بەخۆیەوە بینی‌و، توندوتیژی‌و زیانی مادی‌و گیانیشی بەدوای خۆیدا هێنا.
داواكارییە سەرەكییەكانی خەڵكی (بەسرە) كە خۆی لە دابینكردنی خزمەتگوزراییە سەرەتاییەكانی وەك ئاوی خواردنەوەو كارەباو ئەنجامدانی پرۆژەی خزمەتگوزراری‌و دابینكردنی هەلی كارو كۆمەڵێك پێداویستی ژیاری تردا دەبینێتەوە، تائێستا زۆرێكی بەچارەسەنەكراوی ماونەتەوە، ئەوەش ئەگەری سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانەكانی زیاتر كردووە، وەك بەشێك لە هاوڵاتیان‌و چالاكانی شارەكە لە تۆڕە كۆمەڵایتیەكان ئاماژەی پێدەكەن.

كێشەكان لەجێی خۆیانن 
بەرپرسێكی حكومەتی خۆجێی شاری (بەسرە) ڕایگەیاندووە:" سەرجەم ئەو بەڵێنانەی  حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشوو پێیداون جێبەجێنەكراون، بەسەرە هیچ وەزیفەو دەرماڵەیەكی بۆ تەرخانەكراوەو، هیچ كۆمپانیایەكی خزمەتگوزرای‌و ئاوەدانكردنەوەش دەستی بە كارنەكردووە".
بەوتەی ئەو بەرپرسە كە قسەی بۆ ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید)كردووە" وەفدەكەیان داوای خشتیەكی زەمەنی لەبەرامبەر هەر بەلێنێكی سەرۆك وەزیرانی نوێ‌ دەكات، ئەگەر حكومەتی بەغداد جارێكی تر بەڵێنەكانی لەبارەی بەسرە نەباتە سەر ڕوبەڕوی دۆخێكی خراپ دەبێتەوە".
وتیشی دیارترین ئەو داواكارییەكانەی وەفدەكە دەیخەنە بەردەم عەبدلمەهدی‌و پێویستە جێبەجێكردن سەرجەمی تایبەتن " بە خزمەتگوزاری ئاو و كارەباو زەوی كشتوكاڵی‌و بەرزبونەوەی ڕێژەی هەژاری‌و بێكاری لە پارێزگاكە".

خۆپیشاندەران ئامادەن
(ماجد عەلی) چالاكی خۆپیشاندانەكانی (بەسرە) بەهەمان سەرچاوەی وتووە" ناڕەزایەتییە میللییەكان سەر لەنوێ‌ سەریهەڵداوەتەوە، هاوڵاتیانی پارێزگاكە زۆر بێزارن لە جێبەجێەكردن ئەو بەڵێنانەی حكومەت پێیدان".  
دەشڵێت"مەرجەكانمان وەك جوڵانەوەی میللی  بەوەفدەكە وتووە كە ئەمڕۆ عادل عەبدولمەهدی دەبینێت‌و، جەختمان لەسەر دیاریكردنی كات كردۆتەوە بۆ جێبەجێكرنی بەڵێنەكان، ئەگینا خۆپیشاندانەكان دەستپێدەكەینەوە، بەتایبەت كە خۆی ڕێكخراوەو پێویستە بە ئاڕاستەكردنی ناكات بۆ جوڵەكردن".

بەڵێنەكان مەرەكەبی سەر كاغەزن
(موزەفەر ئیسماعیل) پەرلەمانتار لەسەر شاری (بەسرە) لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت:"وەفدەكە لەگەڵ عەبدولمەهدی تاوتوێی پرسی بڕیارەكانی ئەم دواییەی عەبادی دەكات، كە دوابەدوای خۆپیشاندانەكان بڕیاری لەسەردان‌و، خۆی لە تەرخانكردنی (10) هەزار پلەی وەزیفی بۆ پارێزگاكە‌و، پێدانی دەسەڵاتی زیاتر دەبینێتەوە، كە تائێستا هەر مەرەكەبی سەر كاغەزە".
ئەوەش لەكاتێكدایە، پەرلەمانی عێراق لە ماوەی ڕابردودا بڕیارێكی پەسەندكرد‌و، بەوپێیەش تەواوی ئەو بڕیارانەی هەڵوەشاندەوە كە عەبادی لەكاتی حكومەتی كاربەڕێكەردا دەریكردبون، كە یەكێك لەو بڕیارانە دابینكردنی خزمەتگوزرایە بۆ شاری (بەسرە).


بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand