لە هەولێر بە 12 هەزار دۆلار ڤیزای ئەڵمانییان كڕیوە
2018-11-28 11:39:02
(درەو میدیا):
پرسی گەندەڵی لە وەرگرتنی ڤیزا لە کونسوڵگەری ئەڵمانیا لە هەولێر مشتومڕی لەناو میدیای ئەڵمانیدا دروستكردووە.
دوێنێ سایتی (شپیگڵ ئۆنلاین)ی ئەڵمانی راپۆرتێكی بڵاویكردەوە لەبارەی بوونی ئاماژەی سەرپێچی لە پێدانی ڤیزا بە هاوڵاتیانی سوری لە كونسوڵگەری ئەڵمانیا لە هەولێر.
كورت جۆرج شتوكل كونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر لە لێدوانێكدا بۆ یەكێك لە كەناڵە عێراقییەكان رایگەیاندووە، رێوشوێنو سیاسەتی نوێیان لە كونسوڵگەرییەكەیان گرتووەتەبەر بۆ پێدانی ڤیزا، ئەمەش بەمەبەستی رێگریكردن لە گەندەڵیو خراپ بەبەكارهێنان.
كونسوڵی ئەڵمانیا لە هەولێر باسی لەوەكردووە" كونسوڵگەری لە مانگی كانونی یەكەمی رابردووەوە چەند رێوشوێنێكی نوێی گرتوەتەبەر، ئەمەش وەكو وەڵامدانەوەیەكی خێرا بۆ ئەو ئاماژە سەرەتاییانەی كە بۆیان دەركەوتووە، لەپێناو نەهێشتنی هەرجۆرە خراپ بەكارهێنانێك لە پێدانی ڤیزادا، هەروەها بەشێوەیەكی خێرا پۆلیسی فیدراڵی ئەڵمانیاش لە بابەتەكە ئاگاداركراوەتەوە".
پێشتر سایتی گۆڤاری (دێر شپیگڵ)ی ئەڵمانی لە راپۆرتێكدا ئاشكرایكرد، پێدانی ڤیزا لە كونسوڵگەری ئەڵمانیا لە هەولێر گەندەڵی تێكەوتووە، راپۆرتەكە قسەی چەندین كەسی پەنابەری تێدایە لە ئەڵمانیا، كە باسلەوەدەكەن قاچاخچییەكان پەیوەندییان لەگەڵ كونسوڵگەری هەولێر هەیەو ئەوان ڤیزای ئەڵمانییان بە پارە لەو كەسانە كڕیوە.
بەپێی قسەی كونسوڵی ئەڵمانیا لە هەولێر" ئێستا وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە نزیكەوە كار لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكاندا دەكات بەمەستی ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەیەكی گشتگیر لەسەر بابەتەكە".
كونسوڵ دەڵێ" ئێمە لە كونسوڵگەری هەولێر سیاسەتێك پەیڕەو دەكەین بە بەهیچ جۆرێك رێگە بە گەندەڵیو تاوانەكانی تر نادات لە كاری دیپلۆماسیدا".
كونسوڵ ئاشكرایكردووە، داواكاری گشتی بەرلینی پایتەخت ئێستا لێكۆڵینەوە دەكات لەسەر گومانی گەندەڵی لە كونسوڵگەری هەولێر، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی هیچ لێدوانێك لەبارەی لێكۆڵینەوەكانەوە نادات.
بەپێی راپۆرتەكەی سایتی (شبیگل ئۆنلاین) هەندێك هاوڵاتی سوری لە هەولێر بڕی (12 هەزار) دۆلاریان داوە بە قاچاخچییەكان بەمەبەستی وەرگرتنی ڤیزای ئەڵمانیا.