Draw Media

تەڤگەر دادەخرێت‌و فڕۆكەخانەی سلێمانی دەكرێتەوە

تەڤگەر دادەخرێت‌و فڕۆكەخانەی سلێمانی دەكرێتەوە

2018-11-27 13:23:32


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
مانگی هەنگوینی نێوان پارتی كرێكارانی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كۆتایی دێت، یەكێتی پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ توركیا رێكدەخاتەوە‌و جموجوڵەكانی پەكەكە لە زۆنی سەوز سنوردار دەكات.
بەیانی ئەمڕۆ هێزێكی ئاسایشی سلێمانی بارەگای (تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان)ی لە گەڕەكی (چوارباخ)ی شاری سلێمانی، گەمارۆدا.
ئاسایش ماوەی (24) كاتژمێر مۆڵەتی بە تەڤگەری ئازادی داوەی بارەگاكەی دابخات، ئەمەش بە بەهانەی ئەوەی ئەو حزبە مۆڵەتی یاسایی نییە.
تەڤگەری ئازادی چییە؟
تەڤگەری ئازادی رۆژی 17ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2014 دامەزراوە، ئەم پارتە یەكەمین كۆنگرەی خۆی لە سلێمانی بەست، لەدوای دامەزراندنییەوە داوای مۆڵەتی یاسایی لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی سلێمانی‌و وەزارەتی ناوخۆی هەرێم كردووە، بەڵام تائێستا مۆڵەتی كاركردنی پێنەدراوە.
تەڤگەری ئازادی كە باڵی سیاسی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)یە لە هەرێمی كوردستان‌و درێژكراوەی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان (پەچەدەكە)یە كە پێشتر خۆی هەڵوەشاندەوە.
لە ناوچەكانی ژێردەسەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەم پارتە هیچ بنكە‌و بارەگایەكی ئاشكرای نییە.
سەرەڕای ئەوەی لە هەرێمی كوردستان مۆڵەتی كاركردنی نەبوو، رۆژی 19ی كانونی دووەمی ئەمساڵ، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق مۆڵەتی كاركردنی بە تەڤگەری ئازادی بەخشی‌و بەوهۆیەوە تەڤگەر توانی بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بكات كە رۆژی 12ی ئایاری رابردوو بەڕێوەچوو، تەڤگەر لەو هەڵبژاردنەدا بەیەك لیست لەگەڵ (جوڵانەوەی نەوەی نوێ) بەشداریكرد‌و كاندیدێكی بەناوی (یوسرا رەجەب) سەركەوت بۆ پەرلەمانی عێراق.
بۆ هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی پەرلەمانی كوردستان، تەڤگەری ئازادی داوایكرد بەشداری بكات، بەڵام لەسەر سكاڵایەكی (سیروان گەردی) كادری پارتی دیموكراتی كوردستان‌و سەرپەرشتیاری تۆڕی هەماهەنگی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، دەستەی دادوەری سەربە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم رێگەی پێنەدا بەشداری هەڵبژاردن بكات.
پشتی پەردەكە
هەوڵی داخستنی بارەگاكانی تەڤگەری ئازادی لەلایەن یەكێتی نیشتمانییەوە بێ هۆكار نییە‌و پەیوەندی بە هەندێك جموجوڵی سیاسییەوە هەیە كە بەمدواییە لە پشتی پەردەوە بەڕێوەدەچێت.
ساڵی رابردوو هێزێكی تایبەتی (پەكەكە) لە سنوری قەزای دوكانی سەربە پارێزگای سلێمانی دوو ئەفسەری سەربە دەزگای هەواڵگری توركیا (میت)یان رفاند، بەپێی قسەی پەكەكە، ئەو كەسانە پلانیان داڕشتووە بۆ تیرۆركردنی جەمیل بایك هاوسەرۆكی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە).
رفاندنی ئەو دوو ئەفسەرە لەلایەن پەكەكەوە لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیدا، لە ناوخۆی توركیا كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە، لە یەكەم كاردانەوەدا توركیا رۆژی 24/8/2018 (بەهرۆز گەڵاڵی) نوێنەری یەكێتی نیشتمانی لە ئەنكەرە دەركرد‌و گەڵاڵی گەڕایەوە بۆ هەرێمی كوردستان‌و دواتر نوێنەرایەتی یەكێتی لە ئەنكەرە كرایەوە.
لەدوای ریفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستانیش، توركیا گەشتە ئاسمانییەكانی هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێرو سلێمانی داخست، پاش شكستهێنانی ریفراندۆم‌و گەڕانەوەی كورد بۆ بەغداد، توركیا ئاسمانی خۆی بەڕووی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی هەولێر كردەوە، بەڵام تائێستا رێگە بە گەشتە ئاسمانییەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی نادات.
بەرپرسانی ئەنكەرە یەكێتی نیشتمانی تۆمەتبار دەكەن بەوەی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی كردوەتەوە بۆ پەكەكە.
بەمدواییە كەناڵێكی تەلەفزیۆنی توركیا بەناوی (ئەی خەبەر- aHBR) راپۆرتێكی لەبارەی جموجوڵەكانی پەكەكە لە شاری سلێمانی بڵاوكردەوە‌و تێیدا وێنەی سالار مەحمود پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی نیشان دەدات كە لەگەڵ جەمیل بایك هاوسەرۆكی (كەجەكە) دایە.
راپۆرتەكەی ئەو كەناڵەی توركیا دیمەنێكی رێستۆرانتی (سندی) لە شاری سلێمانی نیشان دەدات كە وێنەی ئەو سێ سەركردەیەی پەكەكەی هەڵواسیوە كە بەمدواییە ئەمریكا خەڵاتی دانا بۆ دەستگیركردنیان.
رۆژی شەشی تەمموز، مەولود چاوەشئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیا لە دیدارێكدا لەگەڵ سەرنوسەرانی ئاژانسی (ئەنادۆڵ)ی وڵاتەكەی ئاشكرایكرد" لەگەڵ یەكێك لە وەزیرێكی یەكێتی لە حكومەتی هەرێم كۆبوەتەوە‌و پێی راگەیاندووە پەكەكە لەناو یەكێتیدا خاوەنی هەژمون‌و بڕیارە".
یەكێتی پەیوەندییەكانی ئاساییدەكاتەوە
رۆژی 4ی ئەم مانگە هاكان كاراچای كونسوڵی گشتی توركیا لە هەولێر سەردانی سلێمانی كرد‌و لە دەباشان لەگەڵ بافَل تاڵەبانی كۆبوەوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) هاوكات لە بەغداد فاتیح یەڵدز باڵیۆز توركیا لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار‌و جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كۆبوەتەوە.
سەركردەكانی یەكێتی ماوەیەكە هەوڵێكیان دەستپێكردووە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ توركیا‌و كردنەوەی ئاسمانی توركیا بەڕووی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانیدا.
پێشتر (درەو میدیا) وەكو یەكەمین میدیای هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد، توركیا داوای لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی كردووە ئەو كەسانە سزا بدات كە بەناوی یەكێتییەوە بەشدارییان لە كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (كەنەكە)دا كردووە لە هۆڵەندا، ئەو سێ كەسەش  (ئارێز عەبدوڵا- سالار مەحمود- بڵێسە جەبار فەرمان) بوون.
توركیا چەند مەرجێكی هەیە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی، رەنگە یەكێك لە مەرجەكان كۆتاییهێنان بێت بە جموجوڵەكانی (پەكەكە) لە زۆنی سەوز‌و ئەمە هۆكاری داخستنی تەڤگەری ئازادی بێت.
توركیا ئاسمانی خۆی بۆ سلێمانی دەكاتەوە
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، دەسەڵاتدارانی توركیا بڕیاریانداوە رۆژی 5ی مانگی داهاتوو ئاسمانی وڵاتەكەیان بەڕووی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانیدا بكەنەوە.
رۆژی 11ی مانگی رابردوو بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لە بەغداد لەگەڵ مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا كۆبوەوە، (درەو میدیا) زانیویەتی یەكێك لە تەوەرەكانی ئەو كۆبونەوەیە پرسی هەڵگرتنی گەمارۆی توركیا بووە لەسەر فڕۆكەخانەی سلێمانی.
وادەی درێژكردنەوەی گەمارۆی توركیا لەسەر فڕۆكەخانەی سلێمانی تاوەكو رۆژی 5ی مانگی داهاتووە، ئەگەر یەكێتی هەندێك لە مەرجەكانی توركیا جێبەجێ بكات بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان، توركیا جارێكی تر وادەی گەمارۆكە درێژناكاتەوە‌و ئاسمانی خۆی بۆ گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی دەكاتەوە.
رەنگە داخستی بارەگای تەڤگەری ئازادی لەلایەن یەكێتییەوە، بۆ جێبەجێكردنی مەرجی كردنەوەی ئاسمانی توركیا بێت بۆ گەشتەكانی سلێمانی.
پەیوەندییەكانی یەكێتی‌و توركیا
پەیوەندی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و توركیا بەدرێژایی سێ دەیەی رابردوو بەردەوام پەیوەندییەكی پڕ لە هەڵبەرزو دابەرز بووە.
لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا لە سەردەمی سەرۆكایەتی تۆرگۆت ئۆزال (1989-1993)، جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەوڵیدا پەیوەندییەكانی حزبەكەی لەگەڵ توركیا توندوتۆڵ بكات‌و ساڵی 1992 تاڵەبانی لەگەڵ ئۆزال كۆبوەوە.
هەر لەو ساڵەدا یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان شەڕیان لەدژی پارتی كرێكارانی كوردستان راگەیاند، بە بەهانەی ئەوەی بەهۆی پەكەكەوە هەرێمی كوردستان كەوتوەتەبەر هەڕەشەی هێرش‌و گەمارۆی توركیا.
لەدوای نەخۆشكەوتنی جەلال تاڵەبانی‌و دووركەوتنەوەی لە شانۆی سیاسی، سەركردەكانی یەكێتی نیشتمانی سەرباری ئەوەی حزبەكەیان لە ئەنكەرە نوێنەرایەتی هەبوو، بەڵام بەشێوەیەكی ئاشكرا پەیوەندییان لەگەڵ (پەكەكە) توندوتۆڵ كرد، بەتایبەتیش لەسەروەختی شەڕەكانی رۆژئاوای كوردستان‌و ئازادكردنی شاری (كۆبانێ) دا.
هەر لەوكاتەوە بەرپرسانی یەكێتی جۆرێك لە كرانەوەیان بۆ جموجوڵی لایەنگرانی (پەكەكە) لە سنوری دەسەڵاتی خۆیان دروستكرد، ئەم هەنگاوە لەكاتی خۆیدا وەكو موزایەدەی سیاسی یەكێتی‌و بۆ پەردەپۆشكردنی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی لێكدرایەوە، بەم هەنگاوە پەكێتی جارێك پشتیوانی (پەكەكە)ی بەدەستهێنا‌و سەركردەكانی (پەكەكە) لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا لە ساڵی 2014 داوایان لە لایەنگرەكانیان كرد لە هەرێمی كورستان دەنگ بە یەكێتی نیشتمانی بدەن.
بە داخستنی بارەگای تەڤگەری ئازادی‌و كۆتوبەندكردنی جموجوڵەكانی پەكەكە لە زۆنی سەوز، پێدەچێت مانگی هەنگوینی نێوان (پەكەكە)‌و یەكێتی كۆتایی بێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand