كودەتا بەسەر عادل عەبدولمەهدیدا كرا
2018-11-27 09:38:45
ڕاپۆرتی: ئارام مەحمود
دوای كەمتر لە كاتژمێرێك لە بڵاوبونەوەی بەیاننامەكەی كوتلەی (هاوپەیمانیو بونیاتنان)، پەرلەمانی عێراق بڕیاڕی دواخستنی دانیشتنەكەی ئەمڕۆیدا، كە بڕیاربوو تایبەت بێت بەمتمانەدان بە كاندیدی وەزارەتە پڕنەكراوەكانی حكومەتەكەی (عادل عەبدولمەهدی) كە ژمارەیان هەشت وەزارەتەو پێكدێن لە:
(ناوخۆ، بەرگری، داد، كۆچوكۆچبەران، پلاندانان، پەروەردە، خوێندنی باڵا، ڕۆشنبیری)
بە بەیاننامەكەی كوتلەی (سەدروعەبادی)یدا دیاربوو، هێشتا ناكۆكییەكان چارەسەر نەكراون، تیایدا بەڕوونی ئاماژە بە كۆمەلێك كێشەی یەكلانەكراوە كراوبوو كە دیارترینیان ئەمانەن:
• سەرۆك وەزیران هەڵوێستی دەستەی لێپرسینەوەو دادپەروەری ئاشكرابكات سەبارەت بەو وەزیرانەی متمانەیان پێدراوە.
• تەئكیدكردن لەسەر دەستنیشانكردنی كەسایەتی تەكنۆكراتو سەربەخۆ بەتایبەت بۆ هەردوو وەزارەتی بەرگریو ناوخۆ.
• ڕادەستكردنی (سیڤی كەسیی ) كاندیدی وەزارەتەكان بە سەرجەم پەرلەمانتاران، (48) كاتژمێر پێش پرۆسەی متمانە پێدان لە پەرلەمان.
"ڕازینابم بێلایەن نەبێت"
موقتەدا سەدر لە تازەترین تویتدا كە ئەمڕۆ بڵاویكردۆتەوە، بە ئاشكرا پەنجە دەخاتە سەر برینەكانو، قوڵی ناكۆكییەكان بەتایبەت لە پەیوەست بە هەردوو وەزارەتی (ناوخۆو بەرگری).
سەدر لە تویتەكەیدا دەڵێت" من هۆكار نیم لە دواخستنی تەواوكردنی كابینەی حكومەت، بەڵكومن هۆكارم لە دواخستنی پلانەكانیان" سەدر بە ڕاشكاوی ئاماژە بەوەدەكات" ڕازینابم بە وەزیرێكی بەرگری یان ناوخۆ كە بێلایەن نەبێت" بەمەش هەموو ئەو دەنگۆیانەی ڕەتكردەوە كە باسیان لە یەكلابونەوەی ( فالح فەیاز) كاندیدی هاوپەیمانی (فەتح) دەكرد بۆ وەزارەتی ناوخۆ، سەرۆكی ڕەوتی سەدر پێشنیاز بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراقیش دەكات، وەزارەتە پڕنەكراوەكانی پێشكەش بە پەرلەمان بكات جگە لە وەزارەتی (ناوخۆ و بەرگری).
لای خۆیەوە، (محەمەد كەربولی) سەركردە لە هاوپەیمانی (میحوەری نیشتمانی) لە تویتێكدا دەڵێت" با ڕوون بێت بۆ گەلی عێراق كە هۆكاری دواكەوتنی یەكلاكردنەوەی وەزارەتی بەرگری، تێوەگلانی هەندێك لەسەركردە دیارەكانی پرۆسەكانو سوپایە لە مامەڵەی گەندەڵی بۆ دروستكردنی بەربەست لە بەردەم گەیشتنی توانا سەربازییە عێراقییەكانە كە كاندیدمان كردن بۆ ئەو پۆستە، لەترسی وەستانی ئەو سەرانەیەی كە لە كەرتە سەربازییەكان كۆیدەكەنەوە".
هۆشداریان داوەتە عەبدولمەهدی
(مازن زوبەیدی) سەركردە لە هاوپەیمانی (بونیاتان) كە(هادی عامری) سەرۆكایەتی دەكات بەڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید)ی ڕاگەیاندووە" عەبدولمەهدی لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان گەیشتۆتە ڕێككەوتن بۆ ناردنی كاندیدەكانی بۆ پڕكردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەكان، بێئەوەی لەگەڵ كوتلە سیاسیەكان ڕێككەوتنی تەواوەتی بكات، ئەوەش پاڵینا بە كوتلەكانەوە كودەتای لێبكەن".
تەئكیدیشی كردووە" كوتلەكان بە عەبدولمەهدیان ڕاگەیاندووە، دەنگ نادەن بە كاندیدەكانیو تانەی یاسایی لێدەدەن بە تایبەت كە سیڤی كەسیی پێشكەشنەكردوون، ئەوەش سەرۆكی پەرلەمانی ناچاركردووە دانیشتنەكە هەڵبوەشێنێتەوە".
ئەوە لەكاتێكدایە درەنگانێكی شەوی ڕابردوو، فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا هۆكاری دواخستنی دانیشتنەكەی پەرلەمانی گێڕایەوە بۆ "نەگەیشتنی سیڤی كەسیی كاندیدەكان بۆ تەواوكردنی كابینەی حكومەت" ڕونیشكردۆتەوە" سەرۆكی حكومەت تەئكیدی كردەوە ڕێوشوێنەكانی وردبینیكردنی لێپرسینەوەو ئەستۆ پاكی (5) كاندیی تەواوكردووەو، تائێستا كاندیدی (3) وەزارەت ماوە كە لە ژێر لێكۆڵینەوەو وردبینیكردنی لایەنە پەیوەندیدارەكاندان.
پارتی یەكێتی بێبەش دەكات
زانیارییەكان سەبارەت بە پشكی كورد لە بەغداد بەتایبەت لەو وەزارەتانەی ماوە بەردەوام لە گۆڕانكاریدان، لەچەند ڕۆژی ڕابردودا سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار لە بەغداد بە "درەومیدیا"ی ڕاگەیاند، عادل عەبدولمەهدی بە پێدانی هەردوو وەزارەتی (دادو كۆچو كۆچبەران) بەكورد، (داد) بۆ یەكێتیو (كۆچو كۆچبەران) بۆ پارتی، ململانێكانی ئەو حزبەو فشارەكانی پارتی لەسەر حكومەتەكەی چارەسەركردووە، لە تازەترین پێشهاتیشدا هەندێك سەرچاوەی ئاگادار ئاماژە بە گۆڕانكاری دەكەن لەو دابەشكارییە بە تایبەت دوای سەردانەكەی بارزانی بۆ بەغداد كە باس لە دوو ئەگەر ئەكرێت:
• یەكەمیان ئەگەر دو وەزارەت بدرێت بەكورد وەزارەتێكی بۆ پارتی دەبێتو، وەزارەتەكەی تر پارتی دەیدات بە یەكێك لەسێ لایەنەكە ( بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی)و ئەگەری بەهێزیش لەم حاڵەتدا بۆ بزوتنەوەی گۆڕانەو، پارتی سورە لەسەر بێبەشكردنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پۆستی وەزارەتەكانی بەغداد.
• دووەمیان ئەگەر یەك وەزارەت بدرێت بەكورد، ئەوا بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان دەبێت.
ئەوە لەكاتێكدایە، هەندێك سەرچاوەی تر ئاماژە بەوەدەكەن، تائێستا هیچكام لەو دوو وەزارتە (دادو كۆچو كۆچبەران) بۆ هیچ هێزێكی كوردی یەكلانەكراوەتەوە.