Draw Media

بارزانی میراتەكەی دابەشدەكات؟

بارزانی میراتەكەی دابەشدەكات؟

2018-11-26 17:55:16


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
ئایا مەسعود بارزانی بەڵێنەكەی پێش ریفراندۆم جێبەجێدەكات كاتێك وتی" ئەگەر ریفراندۆم سەرینەگرت، بڵێن ئەم كابرایە شێت بووە، سواری سەری خۆی بووە، هەمووی خەتای ئەو بووە، ئەو وەختە من حازرم بۆ ئەم مەسەلەیە سەرم لەسەری دابنێم".
بارزانی دوای ریفراندۆم سەری جەستەی رزگاركرد، بەڵام دیار نییە سەرە سیاسییەكەی چی بەسەردێت، ئایا خانەنشین دەبێت، یان بەردەوام دەبێت‌و جارێكی ترو بەشێوازێكی تر دەگەڕێتەوە بۆسەر گۆڕەپانە سیاسییەكە.
رێبوار كەریم وەلی، كە نوسەرو رۆژنامەنوسێكی نزیكە لە نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی ئەمڕۆ لە وتارێكدا لە ماڵپەڕی "رووداو" چەند زانیارییەكی نوێی لەبارەی بنەماڵەی بارزانییەوە ئاشكراكردووە.
بەپێی قسەی ئەو نوسەرە، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی چیتر هیچ پۆستێك وەرناگرێت‌و دەكێشتەوە‌و وەكو مەرجەعێكی پارتی دەمێنێتەوە.
ئەگەر ئەم زانیارییە راست بێت، رەنگە ئەمە لەلایەك جێبەجێكردنی بەڵێنەكەی پێش ریفراندۆم بێت‌و لەلایەكی تر بارزانی بیەوێت بەپێچەوانەی سەركردەی حزبەكانی ترەوە بەر لە مردنی، چاودێری گواستنەوەی دەسەڵات بكات لەناو ئەندامانی بنەماڵەكەی بەبێ دروستبوونی كێشە‌و لێكترازان، بەتایبەتیش لەكاتێكدا نزیكەی 30 ساڵە لەدوای كۆچی دوایی ئیدریس بارزانییەوە، ئەو كێشەیە بەردەوام هەڕەشە بووە لەسەر لێكهەڵوەشانی بنەماڵەی بارزانی‌و دواجاریش پارتی دیموكراتی كوردستان.
هەفتەی رابردوو مەسعود بارزانی سەردانی بەغدادی كرد‌و دواتریش بەرەو وڵاتانی كەنداوی عەرەبی گەشتیكرد، لەدوای ریفراندۆمەوە ئەمە یەكەمجاربوو بارزانی گەشت بكات، مەسرور بارزانی كوڕی لەم گەشتەدا هاوڕێیەتی دەكات، وەكو رێبوار كەریم وەلی دەڵێت ئامانج لە بردنی مەسرو بارزانی بۆ بەغداد‌و وڵاتانی كەنداو " ناساندنی ئایندەی حوكمڕان‌و خاوەن بڕیارەكانی هەرێمی كوردستان بە حزب‌و لایەنە سیاسییەكانی بەغداو نەجەف" بووە، واتە بارزانی باوك رێخۆشكەری دەكات بۆ گواستنەوەی دەسەڵات بۆ بارزانی كوڕ.

كاری داهاتووی بارزانی باوك
مەسعود بارزانی بە رادەستكردنی دەسەڵات بە كوڕەكەی، دەرگای گەڕانەوەی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم لەسەر خۆی دادەخات، ئەمە رەنگە بەشێك لە نیگەرانی نەیارە سیاسییەكانی پارتی كاڵبكاتەوە، بەتایبەتی بزوتنەوەی گۆڕان كە لە چوار ساڵی رابردوودا باجی كورسییەكەی بارزانی دا، بەڵام بەواتای نەهێشتنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم نییە، چونكە ئەو دامەزراوەیە پارسەنگ دەبێت بۆ راگرتنی ململانێی نێوان دوو ئامۆزاكە (مەسرور بارزانی‌و نێچیرڤان بارزانی) لە داهاتوودا.
نەوشیروان مستەفا لە یاداشتەكانی خۆیدا لەبارەی پرۆسەی پێكهێنانی سەرۆكایەتی هەرێمەوە باس لە ململانێی ناو بنەماڵەی بارزانی دەكات‌و دەڵێ: "ئێمە داوامان كردبو ئەگەر بارزانی بۆ ماوەی 4 ساڵ ببێتە سەرۆكی هەرێم، جێگری هەبێ‌و، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان بدرێ بە یەكێتی. بارزانی وتویەتی ئەوە كێشە ئەخاتە ناو خێزانەكەمانەوە من ئامادە نیم لەسەر لاشەی نێچیروان ببمە سەرۆكی هەرێم"، واتە بارزانی هەر لە سەرەتاوە داوای پۆستی سەرۆك وەزیرانی كردووە بۆ نێچیرڤان بارزانی لە پاڵ پۆستی سەرۆكی هەرێم بۆ خۆی، بۆ داهاتووش لە حاڵی كشانەوەیدا بۆ مەسرور بارزانی كوڕی، پێویستییەكی زیاتری بە هەردوو پۆستەكە دەبێت بۆ راگرتنی یەكگرتوویی بنەماڵەكەی‌و رێگریكردن لە دروستبوونی ناكۆكی لەنێوان كوڕ‌و برازاكەیدا.
نەوشیروان مستەفا لە یاداشتەكەیدا باسلەوەدەكات، جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی لەبەرامبەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق پۆستی سەرۆكی هەرێم‌و سەرۆك وەزیرانی رادەستی پارتی كردووە، ئایا بزوتنەوەی گۆڕان كە دواین پرۆژەی سیاسی نەوشیروان مستەفایە هەروەها یەكێتی نیشتمانی كە تائێستا بەفەرمی جەلال تاڵەبانی سكرتێریەتی بۆ ئەم قۆناغە نوێیە لەبەرامبەر چیدا ئەو دوو پۆستە گرنگە بۆ پارتی بەجێدەهێڵن؟
مانگی تەموزی ئەمساڵ پەرلەمانی كوردستان پرۆژەیاسایەكی بزوتنەوەی گۆڕانی پەسەندكرد، بەپێی ئەو یاسایە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم هەڵپەسێردرا، چارەسەری كێشەی سەرۆكایەتی هەرێمیشی سپارد بە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان.
بەپێی نوسینەكەی رێبوار كەریم وەلی، پارتی ئێستا دەیەوێت جارێكی تر دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم زیندوو بكاتەوە، ئەمەش لەڕێگەی پەرلەمانی كوردستانەوە كە پارتی تێیدا زۆرینەیە، بۆ ئەمەش نوسەر ئاماژەی بە ماوەیەكی زەمەنی دیاریكراو كردووە كە (شەش مانگ بۆ ساڵێك)ە.
ئەگەر بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێمی بكشێتەوە، بۆ قۆناغی داهاتوو تەنیا وەكو سەرۆكی پارتی دەمێنێتەوە‌و كاری سەرەكی دەبێت بە راگرتنی باڵانسی دەسەڵات لەنێوان كوڕ‌و برازاكەی، تا ئەوكاتەی بەتەواوەتی لە گۆڕەپانی سیاسی دەكشێتەوە‌و دەسەڵاتی حزب رادەستی نەوەی دووەمی مستەفا بارزانی دەكات.

چوار بژاردە
رێبوار كەریم وەلی لە نوسینەكەیدا باسی لە چوار بژاردە كردووە كە بەوتەی ئەو پارتی لە چەند رۆژی داهاتوودا بڕیار لەسەر یەكێكیان دەدات:
بژاردەی یەكەم: نێچیرڤان بارزانی تا چوار ساڵی دیكە سەرۆكایەتیی حكومەت بكات‌و لەو چوار ساڵەدا پۆستی سەرۆكی هەرێم بێ دیاریكردنی سەقفی زەمەنی كارا بكرێتەوە.
بژاردەی دووەم: تا كاراكردنەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێم لە دەرەوەی نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی (كە بەربژێری پارتی دەبێت بۆ پێكهێنانی حكومەت)، كەسێكی دیكە سەرۆكایەتیی حكومەت بكات و، دوای كاراكردنەوەكەش مەسرور بارزانی ببێتە سەرۆكی حكومەت‌و نێچیرڤان بارزانیش ببێتە سەرۆكی هەرێمی كوردستان.
بژاردەی سێیەم: نێچیرڤان بارزانی كابینەی حكومەت پێكبێنێت، هەركاتێك پۆستەكە كارا كرایەوە، ئەوكاتە ئەو دەست لەكاربكێشێتەوەو مەسرور بارزانی بێتە جێگەی ئەو. ئەو بژارەیە لەبەر ئەوەی كە حكومەتەكە وەك حكومەتێكی كاتی سەیرنەكرێت‌و مەسرور بارزانیش ئازاد بێت لە پێكهێنانی كابینەی نۆیەم، كەمێك لاوازە.
بژاردەی چوارەم: كە پێدەچێ لە هەموویان بەهێزتر بێت، ئەوەیە مەسرور بارزانی رابسپێردرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و نێچیرڤان بارزانیش سەرۆكایەتی شاندی دانوستانكاری پارتی بكات‌و چوارچێوەی دانوستاندنەكان بۆ كاراكردنەوەی سەرۆكایەتیی هەرێم فراوان بكات.
بەپێی ئەم زانیارییانە بێت، رەنگە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بكات، پێشتریش چەند بەرپرسێكی پارتی باسیان لە هاتنەپێشەوەی مەسرور بارزانی كردووە، ئەگەر ئەم نەخشەیە بچێتە بواری جێبەجێكردن، كۆتایی بە 17 ساڵ لە حوكمڕانی نێچیرڤان بارزانی دێت لە پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێم.
رەنگە ئەمە هۆكارە سەرەكییەكە بێت كە ماوەیەكە بەرپرسانی پارتی باس لە پەسەندكردنی دەستورو گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی هەرێم بۆ سیستمی سەرۆكایەتی دەكەن، چونكە لە حاڵی دەستبەكاربوونی مەسرور بارزانیدا لە پۆستی سەرۆك وەزیران، دەبێت نێچیرڤان بارزانی پۆستی سەرۆكی هەرێم وەربگرێت.

 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand