Draw Media

ئەمریكا بۆماوەی یەك ساڵ مەشق بە 30 هەزار شەڕڤانی هەسەدە دەكات

ئەمریكا بۆماوەی یەك ساڵ مەشق بە 30 هەزار شەڕڤانی هەسەدە دەكات

2018-11-26 12:27:46


(درەو میدیا):
ئەمریكا و هێزەكانی سوریای دیموكرات " هەسەدە"  یاداشتێكی لێكتێگەیشتنیان بۆ مەشقپێكردنی 30 هەزار شەڕڤانی هێزەكانی سوریای دیموكرات ئیمزاكرد، بە ئامانجی بەهێزكردنی تواناكانی ئەو هێزە بۆ پارێزگاریكردن لە رۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریا لە هەر دەستدرێژییەك.
فەرماندەیەكی مەیدانی  یەكینەكانی پاراستی گەل " یەپەگە" لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت وتی:" لە دەقی یاداشتەكەدا جەختكراوەتەوە لەسەر مەشقپێكردنی 30 هەزار شەڕڤان بۆ بەهێزكردن و پەرەپێدانی توانا سەربازییەكانیان بۆ ماوەی یەك ساڵ و دوای ئەوە دێنە ریزی هێزەكانی هەسەدە كە ژمارەیان گەیشتوەتە 60 هەزار شەڕڤان بۆ پاراستنی سنورەكان و ئەو شارانەی كە رزگاردەكرێن لە هەر دەستدرێژییەك".
فەرماندەكەی یەپەگە كە هێزی سەرەكی نێو هێزەكانی سوریای دیموكراتە ئاشكراشیكرد سوپای ئەمریكا سێ‌ خاڵی چاودێری لە گرێ سپی و دوو خاڵی لە كۆبانێ‌ دانەوە بە ئامانجی پاراستنی هێڵی دواوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات كە تاكە هاوپەیمانی واشنتۆنە لەسەر خاك لە شەڕی دژ بە داعشدا.
بەوتەی ئەو فەرماندەیەی یەپەگە لێتێگەیشتنەكە بۆ مەشقپێكردنی 30 هەزار شەڕڤان بۆ ماوەی ساڵێكە و ئەگەری ئەوەش هەیە كۆتایی 2019 نوێبكرێتەوە.
بڕیاریشە هێزەكانی ئەمریكا هاوشێوەی گرێ سپی و كۆبانێ‌، خاڵی چاودێری لە سەرێ‌ كانی و عامودە و دربێسییە لەسەر سنوری توركیا دابنێت، ئەوەش لە چوارچێوەی پلانی سەربازی و دیپلۆماتی سترانیژی ئەمریكا كە ئامانج لێی بریتیە لە نەهێشتنی داعش و رێگەگرتن لە سەرهەڵدانەوەی، دەركردنی ئێران لە سوریا و گوشاركردن بە ئاراستەی چارەسەری سیاسی دۆخی سوریا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand