Draw Media

یەكێتی ئەوروپا چونە دەرەوەی بەریتانیا پەسەند دەكات

یەكێتی ئەوروپا چونە دەرەوەی بەریتانیا پەسەند دەكات

2018-11-25 16:03:03


ڕاپۆرتی: ئارام مەحمود
ئەمڕۆ یەکشەممە، (27) سەركردەی وڵاتانی ئەندام لە یەكێتی ئەوروپا، ڕێككەوتنی (برێكزت)ى پەسەندكرد، هەروەها لەسەر ئەو ڕاگەیاندنەی پەیوەندییەكان لەگەڵ شانشینی یەكگرتوو دەستنیشاندەكات، لە قۆناغی دوای دەرچوونی لە یەكێتیەكە. 
وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا لە بەیاننامەی كۆتایی لوتكەی (برۆكسل)دا ڕایانگەیاند: "ئەنجومەنی ئەوروپی ڕەزامەندی لەسەر ڕێككەوتنی كشانەوەی شانشینی یەكگرتوو و ئیرلەندای باكور لە یەكێتی ئەوروپا‌و، دەستەی ئەوروپی بۆ وزەی ئەتۆم"، تەئكیدیشی لەسەر كاركردن بۆ داڕشتنی "نزیكترین پەیوەندی" كرد لەگەڵ (لەندەن) دوای چونە دەرەوە لە (برێكزت).
لای خۆیەوە، (دوناڵد تۆسك) سەۆكی ئەنجومەنی پەوروپا ڕایگەیاند: سەركردەكانی یەكێتی ئەوروپا دانیاننا بە ڕێككەوتنی چوونە دەرەوەی (بەریتانیا).
وتیشی: دوای كەمتر لە كاتژمێرێك لە دەستپێكردنی لوتكەكە، سەركردەكانی یەكێتی ئەوروپا بڕیاریاندا بە پەسەندكردنی ڕێككەوتنی كشانەوە‌و، ڕاگەیاندنی سیاسی سەبارەت بە پەیوەندییەكانی یەكێتی ئەوروپا‌و، شانشینی یەكگرتوو لە داهاتوودا.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویكردەوە، (دالیا جریباو سكایتی) سەرۆكی (لیتوانیا) دوای دانیشتنەكە ڕایگەیاندووە: ڕێككەوتنی چوونە دەرەوەی بەریتانیا پەسەندكراوە بەڵام پرۆسەی چوونە دەرەوەكە هێشتا درێژە".
(جان كلۆد یونكر) سەرۆكی كۆمیسیۆنی ئەوروپا چوونە دەرەوەی بەریتانیای لە یەكێتی ئەوروپا بە "نەهامەتی"وەسفكردوە.
(یونكر) ڕاشیگەیاند:" ئەمە ڕۆژێكی خەمناكە، چوونە دەرەوەی بەریتانیا یان هەر دەوڵەتێكی ترلە یەكێتی ئەوروپا نەمایەی خۆشییەو نە ئاهەنگگێڕان، ئەمە ساتێكی خەمناكە....ئەمە نەهامەتییە".
پێشتر (ئیمانوێل ماكرۆن) سەرۆكی فەرەنسا لەكاتی گەیشتنی بۆ (برۆكسل) بۆ بەشداریكردن لە لوتكەكە" برێكزت بەڵگەیەكە بۆ ئەوەی یەكێتی ئەوروپا پێویستی بە دووبارە بنیاتنانەوەیە".
بەگوێرەی ئاژانسی "فرانس پریس" (ماكرۆن)، ڕاشیگەیاندوە: ئەمە ساتێكی نائاساییە بۆ یەكێتی ئەوروپا كە پێویستی بە دووبارە بنیاتنانەوەیە.
وتوشیەتی:" ئەمە دەریدەخات یەكێتی ئەوروپا بەدەست لاوازبونەوە دەناڵێنێت"و ڕێككەوتنەكەش لەگەڵ (لەندەن) بە "باش" وەسفدەكات.
(ماكرۆن) باسی لەوەشكردووە، پەیوەندییەكانی داهاتوو لەگەڵ (لەندەن) هێشتا پێویستی بە دەستنیشانكردن هەیەو، ئاشكراشە كە شانشینی یەكگرتوو بەردەوام دەبێت لە ڕوانین بۆ گێڕانی ڕۆڵێكی گرنگ، كە ئەكرێت پەرەی پێبدرێت.
سەرۆكی فەرەنسا سەرلەنوێ‌ تازەكردنەوەی یەكێتی ئەورپای كردبووە یەكێك لە بابەتەكانی بانگەشەی هەڵبژاردنی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی، بەڵام ئاستنەگی زۆر دێتە ڕێی، بە بڕواهێنان بە هاوبەشە ئەوروپییەكانی‌و، لەم چوارچێوەیەشدا داوادەكات، بودجەیەكی سەربەخۆ بۆ ناوچەی (یۆرۆ) تەرخانبكرێت وەك پشتیوانی بۆ وەبەرهێنان‌و، دامەزراندنی سوپایەكی ئەوروپی لەسەر ئاستی بەرگری هاوبەش.
پێش بەڕێوەچوونی لوتكەی (برۆكسل)، (تریزا مەی) سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا پەیامێكی ڕاستەوخۆی ئاڕاستەی بەریتانییەكان كرد بۆ پشتیوانیكردنی ڕێككەوتنی چوونە دەرەوە لەیەكێتی ئەوروپا.
(تریزا مەی) لە نامەیەكی كراوەدا بۆ بەریتانییەكان ڕایگەیاند، هەموو هەوڵەكانی دەخاتەگەڕ بۆ پەسەندكردنی ڕێككەوتنەكە لە پەرلەمانی وڵاتەكەی ، ئەوەش ئەگەرێكی لاوازە، بەهۆی دژایەتیكردنی توندی لەلایەن هەندێك لە پەرلەمانتارانی حزبی "پارێزگاران" كە خۆی سەرۆكایەتی دەكات، لەگەڵ هاوپەیمانەكانی لە "پارتی دیموكراتی یەكگرتووخواز  لە (ئیرلەندای باكور).
(تریزا مەی) لە پەیامەكەیدا، بەریتانییەكانی هاندا بۆ دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێ‌ لە یەكگرتوویی سیاسی دوای چوونە دەرەوە لە یەكێتی ئەوروپا لە 29ی ئاداری ساڵی 2019 و دواشی لێكردن ناكۆكییە ئازاربەخشەكانی ڕابردوو وەلابنێن، كە ئەوچوونە دەرەوەیە خولقاندویەتی. 
سەرچاوە: ئاژانسەكان


بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand