كارێكی ئەمریكا لە رۆژئاوای كوردستان ناڕەزایەتی توركیای لێدەكەوێتەوە
2018-11-24 18:08:32
( درەو میدیا):
هێزەكانی ئەمریكا لە رۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریا چەند خاڵێكی چاودێری لەسەر سنوری سوریا و توركیا دادەنێن و ئەوەش ناڕەزایەتی توركیا لێدەكەوێتەوە.
چوارشەممەی رابردوو جەیمس ماتیس وەزیری بەرگری ئەمریكان رایگەیاند واشنتۆن دەیەوێت چەند خاڵێكی چاودێری سەربازی بە درێژاریی سنوری باكوری سوریا دابنێت بۆ كەمكردنەوەی ئاڵۆزی نێوان توركیا و هێزە كوردییەكانی هاوپەیمانی واشنتۆن لە شەڕی دژ بە رێكخراوی داعش.
هەرچەندە ماتیس جەختیكردەوە كە بە هەمانگی لەگەڵ توركیا ئەو بڕیارە دەدرێت، بەڵام خڵوسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا ئیدانەی دانانی ئەو خاڵە سەربازییانەی كرد و رایگەیاند ئەوە هەوڵێكە بۆ پاراستنی " میلیشیا كوردییەكان".
ئاكار داواشی لە واشنتۆن كرد هاوكارییەكانی بۆ یەكینەكانی پاراستی گەل " یەپەگە" رابگرێت و ئاماژەی بەوەشدا كە دانانی خاڵی چاودێری هیچ سودێكی نابێت و ئەنكەرە دوودڵ نابێت لە گرتنبەری رێوشوێنی پێویست لە سنورەكانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەك.