" بارزانی و برازاكەی لەسەر دۆسیەی نەوت ناكۆكن"
2018-11-24 12:40:40
( درەو میدیا):
سەنتەرێكی لێكۆڵینەوەی ستراتیژی عێراقی ناكۆكی نێوان مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی لەسەر دۆسیەی نەوتی هەرێم ئاشكرادەكات.
ماڵپەڕی " مركز بیت العراق للدراسات الاستراتیجیە " لەسەر زاری سەرچاوەیەكی كوردییەوە بڵاویكردوەتەوە كە" ناكۆكی لە نێوان مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی كوڕی لەلایەك و نێچیرڤان بارزانی لەسەر بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت لەگەڵ بەغدا دروست بووە و بەوەش بارزانی ناچاربووە لە سەردانەكەیدا بۆ بەغدا مەسرور بارزانی لەگەڵ خۆیدا ببات، نەك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم".
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە مەسعود بارزانی و مەسروری كوڕی بەباشتری دەزانن نەوتی هەرێم رادەستی بەغدا بكرێت بەرامبەر بە پشكێكی بااش لە بودجەی گشتی عێراق و كۆتاییهێنان بە كێشە هەڵپەسێردراوەكان لەگەڵ حكومەتی ناوەندی، دوای شكستهێنانی " ئابوری سەربەخۆ" لە هەرێم، بەڵام بەوتەی ئەو سەرچاوەیە نێچیرڤان بارزانی بەباشی دەزانێت پەلە لەوە نەكرێت و رێككەوتن لەسەر نەوت لەگەڵ بەغدا بكرێت، بێ ئەوەی نەوتی هەناردەكراوی هەرێمی رادەستبكرێت.
بە گوێرەی زانیارییەكانی ئەو سەرچاوەیە بەهۆی ئەو ناكۆكییەوە مەسعود بارزانی، راسپاردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم دواخستووە و سێ هەفتە بەسەر یەكەمین دانیشنی پەرلەمانی كوردستاندا تێپەڕیوە و تائێستا ئەو هەنگاوە نەنراوە.
لە بەشێكی تری وتەكانیدا بۆ ماڵپەڕی " مركز بیت العراق للدراسات الاستراتیجیە " ئەو سەرچاوەیە ئاشكراشیكردووە " ناكۆكی نێوان باڵی مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی دەربارەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بووەتە هۆی دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت و دەرچوون بە تێڕوانینێكی روون دەربارەی چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا".