نەبیستراوەكانی ســــــەردانەكەی مەسعود بـــــارزانی بـــــــــــۆ بەغــــــداد
2018-11-24 10:17:13
راپۆرتی: درەو میدیا
ڕەنگە دوای ئەنجامدانی دوو هەڵبژاردنی یەك لەدوای یەك لە هەرێمی كوردستانو عێراق، یەكێك لە ڕووداوە گرنگەكانی ساڵی 2018 بەر لەئاوابونی، سەردانەكەی (مەسعود بارزانی) سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بێت بۆ (بەغداد)، كە ساڵێک پێش ئێستا پێیوابوو "تروسكایەك نەماوە بۆ تەوافوقو پێكەوە ژیان"و كاتی ئەوە هاتوو وەك دوو "جیران" بژین.
گەڕانەوەی ناچاری
میدیاكانی پارتی سەردانەكەی بارزانیان بەجۆرێك ڕووماڵكرد كە (بەغداد) لە پێگەو قورسایی بارزانی تێدەگات وەك یاریزانی یەكەمی سەر گۆڕەپانی سیاسی كوردستان، پێگەیەك كە ناكرێت بەهەند وەرنەگیرێتو، قابیلی پەراوێخستن بێت.
ئەگەر ئەمە ئاستێكی زۆر ڕاستیشی تیادابێت، تەنها قسەكردنە لەسەر دیوێكی، دیوەكەی تری پەیوەستە بەخواستی بەهێزی بارزانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ (بەغداد)و، ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ هێزە عێراقییەكان بەتایبەت هێزە (شیعەكان)، چونكە لە كۆتایی ڕێگەكەدا بارزانی گەیشتە ئەو بڕوایەی كە بردنەوەی هەڵبژاردنو، بەدەستهێنانی (25) كورسی لە پەرلەمانی عێراق بەس نیە بۆ گەڕانەوەی ئەو پێگەیەی پێشتر لە پرۆسەی سیاسی عێراق هەیبوو.
بارزانی ئەو پێگەیەی جارانی لەدەستدا
لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراقدا، كاتێك كاندیدە "شەخسیەكەی" بارزانی بەرامبەر بەكاندیدەكەی یەكێتی دۆڕاندی، وێڕایی دروستبونی مەترسی لەسەر پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كە پشكی پارتی بوو، دوو هۆشداری گرنگ بوون بۆ ئەو زیانە گەورەیەی بەر پێگەی بارزانی وەكو شەخسو، پارتی وەكو حزبێكی دیار كەوتووە لەعێراقو، ئەو پەیامەی پێگەیاندن خەریكە گۆڕانكارییە گەورەكان لەدەرەوەی ئیرادەو خواستی ئەوان ئەنجامدەدرێت.
دەستپێكردنی دانوستانەكانی (پارتی و یەكێتی) بەشێوەی تاكلایەنە لەگەڵ (عادل عەبدولمەهدی)و هێزە عێراقییەكان، گورزێكی تر بوو لەپێگەی بارزانی درا، وێڕای ئەوەی ئەو وێنەی بەتەواوی تەڵختركرد كە لەڕابردوودا بۆ بارزانی دەكێشرا بەوەی بڕیاردەری یەكەمی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمو (بەغداد)ە، هیچ ڕۆڵێکیشی نەبوو لە دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەپێچەوانەی خولەكانی ڕابردوو.
بەرهەم ساڵح مەترسی جدییە
بەهێزبوونی پێگەی (بەرهەم ساڵح) لە ناوخۆی عێراقو لە ئاستی هەرێمایەتیش دیوێكی تری گەڕانەوەی بارزانییە بۆ بەغدا، مەقبولیەتی (بەرهەم ساڵح) لەلایەن هێزە عێراقییەكانەوە، بارزانی بەتەواوی نیگەرانكرد، بەتایبەتی دوای ئەوەی بەهەموو هێزو تواناو ئەو پەیوەندییە دەیان ساڵانەی هەیبوو، نەیتوانی بەهەرم ساڵح دووربخاتەوە، ئەوەش گەیاندییە ئەو ڕاستیەی چۆڵكردنی (بەغداد) تاسەر ، نەك هەر زیان بەحزبەكەی دەگەیەنێت، بەڵكو بەدیلیش بۆ خۆی دروستدەكات.
ململانێ ناوخۆییەكانی پارتی
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە (بەغداد) بە (درەومیدیا)وت، بەپێچەوانەی خولەكانی ڕابردوو، پارتی ئەمجارە خاوەنی تیمێكی لاوازو بێ ئەزموونە لە پەرلەمانی عێراق، سەرەتای ئەو لاوازییەشی لە شكستهێنانی دانوستانی هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقدا دەركەوت، كە لە خولی یەكەمدا نەیتوانی دەنگی (50+1) بهێنێتو ڕكابەرەكانی تێپەڕێنێت، دواتر بەدەستوەردانی ڕاستەوخۆی بارزانیو هەوڵەكانی (هادی عامری) پارتی توانی ئەو پۆستە وەربگرێت لە (بەغداد).
خالێكی تر، بەهۆی توندبونەوەی ململانێی باڵی نێچیرڤان بارزانیو مەسرور بارزانی لەلایەكو ململانێی بادینیو سۆرانی لەلایەكی تر، فراكسیۆنی پارتی لە (بەغداد) توشی ناكۆكی قوڵبووە، "ئەمە وەك سەرچاوەكە ئاماژەی پێدا".
وتیشی:"لە كاتی دانانی جێگری سەرۆكی دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقدا باڵی بادینییەكان خۆیان بەشیاوی ئەو پۆستە زانیوەو، ئامادەنەبوون لۆبی بۆ (بەشیر حەداد)، هاوكات لە دانانی ئەندامانی لیژنەكانیشدا، باڵی بادینییەكان دەستیانگرتووە بەسەر لیژنە گرنگەكان داو، سۆرانییەكان پەراوێزخراون".
هەر بەهۆی ململانێكانەوە، تا ئێستا پارتی بە فەرمی سەرۆكی فراكسیۆنی دیارینەكردووە، باڵی نێچیرڤان بارزانی، (هەدار بارزانی) وەك كەسی متمانە پێكراوی خۆیان دیاریكردووە، باڵی (مەسرور بارزانی)یش، (ڤیان سەبری) وەك سەرۆكی فراكسیۆن دەناسێنن.
فشاری ئەمریكا لەسەر هەولێر بەغداد
لەدوای پێكهێنانی حكومەتی عێراق، بە فشاری ئەمریكا ڕێككەوتنی كاتی لەنێوان هەرێمو بەغداد واژوكرا بۆ هەناردەكردنی نەوتی كەركوك، وەك ئامادەكارییەك بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی نەوتی ئێران، كە ڕێككەوتنەكە سەردەكێشێت بۆ كۆنتڕڵكردنی تەواوی دۆسییەی نەوتی هەرێمو كەركوك لەلایەن عێراقەوە.
خاڵێکی تر، پرسی كۆنتڕۆڵكردنی خاڵی سنوریی (ئیبراهیم خەلیل)و ڕادەستكردنی گومرگەكەیەتی بە حكومەتی فیدراڵ، ئەوەش هێندەی تر فشارەكانی لەسەر بارزانی چڕتر كردوەتەوە.
فەرشی سور بۆ پیاوێكی بریندار
لەگەڵ ئەوەی "فەرشی سور" لە میدیاكانی پارتی باڵی كێشا بەسەر ناوەرۆكی كۆبونەوەكانی بارزانی لە(بەغداد)و دەرەنجامەكانی، بەڵام بەدرێژایی (10) ساڵی ڕابردوو كە بارزانی سەرۆكی هەرێم بووە، هێندەی ئەمجارە بەگەرمی پێشوازی لێنەكراوە، ڕەنگە لایەنە عێراقییەكان بەم پێشوازییە ویستبێتیان ئەو پەیامە بە بارزانی بگەیەنن، كە دەستبەردابونی لە گوتاری جیابونەوە دەتوانێ ئەو بكاتە یاریزانێكی كاریگەرو ئەم پێشوازییەش بۆ سارێژكردنی برینی ڕیفراندۆمو كەوتنی كەركوكە، بارزانی خۆشی بەڕوونی گوزراشتی لەمە كرد كاتێك وتی"دەمانەوێت هەڵەكانی ڕابردوو ڕاستبكەینەوە".
سەدر چی بارزانی وت... شیعەكان چی دەڵێن؟
هەر لە چوارچێوەی ئەو زانیارییانەی سەرچاوەكەی "درەومیدیا" ئاشكرایكردوون، لە كۆبونەوەكەی نێوان (موقتەدا سەدرو مەسعود بارزانی)دا، سەدر بە بارزانی وتووە، چیتر گەلەكەت مەخەرە مەترسییەوەو مەبە بە بەشێك لە ململانێی نێودەوڵەتی، ئەوكات خۆی ئامادەیە بەرگری لە گەلی كورد بكات.
سەرچاوەكە لە زاری بەرپرسانی هاوپەیمانی (سائیرون)و (فەتح)ەوە، ئەوەشی وت، هیچ ڕێككەتنێكیان لەگەڵ بارزانی سەبارەت بە كێشەی كەركوكو پشكی هەرێم نەكردووە تەنیا ئەوە نەبێت ویستویانە"پەیامێك بە بارزانی بدەن كە بەغداد ڕێزی پێگەی ئەو دەگرێت، بەمەرجێ دەستبەرداری پرسی جیابونەوەبێت".