داوادەكرێت یاسای "ماگنیتسكی" لەدژی سعودیە بەكاربهێنێت
2018-11-22 20:05:34
ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ
ئەندامانی لیژنەی كاروبارەی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا لە نامەیەكدا بۆ دۆناڵد ترەمپی سەرۆك، داوادەكەن لە كەیسی كوشتنی رۆژنامەنوس " جەمال خاشقچی" دا سعودیە سزا بدات بە گوێرەی " یاسای ماگنیتسكی" كە رێگەدەدات بە سەپاندنی سزا بەسەر ئەو لایەنەی لە كوشتنی ئەو رۆژنامەنوسەوە تێوەگلاوە.
هەروەها ئەو یاسایە سەرۆكی ئەمریكا پابەنددەكات كە دوای بەدەستگەیشتنی داواكاری ئەندامانی لیژنەكە لێكۆڵینەوە دەستپێبكات دەربارەی ئەوەی بیانییەك تێوەگلاوە لە تاوانی كوشتن، یان ئەشكەنجەدان، یان پێشێلكردنی ئاشكرای مافەكانی مرۆڤی تایبەت بە ئازادی رادەربڕین كە لە رووی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدانراوە.
هەروەها یاساكە سەرۆكی ئەمریكا پابەنددەكات لەمیانی 120 رۆژ دوای بەدەستگەیشتنی نامە راپۆرتێك دەربكات، كە بڕیارێك لەخۆبگرێت دەربارەی سەپاندنی سزا بەسەر هەر كەسێكدا كە بەرپرس بێت لە پێشێلكاریی مەترسیداری وەك ئەشكەنجەدان و دەسبەسەركردن بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ بێ دادگاییكردن، یان كوشتنی كەسێك بەدەر لە چوارچێوەی دادوەریی لەبەر مومارەسەكردنی مافی ئازادی رادەربڕین.
سیناتۆری كۆماری پۆپ كرۆكەر یەكێكە لەوانەی داوادەكات بە ماگنیتسكی سزای سعودیە بدرێت
" یاسای ماگنیتسكی"
یاسای " ماگنیتسكی نێودەوڵەتی بۆ لێپرسینەوە دەربارەی مافەكانی مرۆڤ" بە رەزامەندی پارتی كۆماریی و دیموكراتەكانی ئەمریكا دەركراوە و ساڵی 2012 باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووی ئەو وڵاتە ئیمزای لەسەركردووە، بەڵام لە ساڵی 2016دا كۆنگرێس پشتی بە كۆپی نێودەوڵەتی یاساكە بەست كە دەسەڵاتی ئەوە دەداتە سەرۆكی ئەمریكا سزا بەسەر هەر بیانییەكدا بسەپێنێت كە تۆمەتباربێت بە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤی وەك كوشتن و ئەشكەنجەدان و ئەو پێشێلكارییانەی تری كە لە لیستی مافەكانی مرۆڤی نێودەوڵەتیدا هاتووە.
لە ساڵی 2017دا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بڕیاری جێبەجێكردنی ژمارە 13818ی ئیمزاكرد كە" موڵك و ماڵی ئەو كەسانە بلۆكدەكات كە تێوەگلاون لە پێشێلكارییە مەترسیدارەكانی مافەكانی مرۆڤ یان گەندەڵی".
بەگوێرەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا بەو بڕیارە 101 قەوارە و كەسایەتی سزادراون، هەروەها وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا لە كانونی دووەمی 2017ەوە رێوشوێنی لەدژی 460 قەوارە و كەسایەتی گرتوەتەبەر كە تۆمەتباركراون بە تێوەگلان لە چالاكی پەیوەست بە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ، یان گەندەڵی یان بەشداریكردن تێیدا بەشێوەیەكی راستەوخۆ.
رێزلێگرتن
ئەو یاسایە ناونراوە " ماگنیتسكی" وەك رێزلێنانێك بۆ پارێزەر و وردبین و ژمێریاری روسی "سێرگی ماگنیتسكی" كە ساڵی 2009 لە زینداندا لە روسیا كوژرا.
ماگنیتسكی هاوكاری بیڵ بۆردەر وەبەرهێنەری دەكرد كە خاوەنی رەگەزنامەی بەریتانیا و ئەمریكا بوو، لە چوارچێوەی لێكۆڵینەوە لە كەیسێكی زەبەلاحی خۆدزینەوە لە باج لە روسیا كە بەهاكەی دەگەیشتە 230 ملیۆن دۆلار و پاڵەوانەكانی كەسانی دەستڕۆیشتوو و نزیكی كرملن بوون.
ماگنیتسكی ساڵی 2008 دوای ئاشكراكردنی ئەو كەیسە دەستگیركرا و نزیكەی ماوەی ساڵێك لە زینداندا مایەەوە بێ دادگاییكردن و دەسەڵاتدارانی روسیا ساڵی 2005 برۆدەریان لەو وڵاتە دەركرد، برۆدەر نەوەی سەرۆكی حزبی شیوعی بوو لە ئەمریكا.
ماگنیتسكی لەو ماوەیەدا كە لە زینداندا بوو رووبەڕووی ئەشكەنجەدان بووەوە و لە دۆخێكی تەمومژاویدا گیانی لە دەستدا، پاشان لە جیاتی دادگاییكردنی بكوژرانی بە مردوویی دادگاییكرا، برۆدەر هەموو هەوڵەكانی تەرخانكرد بۆئەوەی كۆنگرێسی ئەمریكا رازی بكات یاسایەك بۆ سزادانی بكوژرانی ماگنیتسكی پەسەند بكات و هەوڵەكەی ساڵی 2012 سەركەوتنی بەدەستهێناوە یاساكە دەركرا.
پەسەندكردنی ئەو یاسایە توڕەیی زۆری روسیای لێكەوتەوە و مۆسكۆ بەڵێنیدا رێوشوێنی گونجاو لەدژی بگرێتەبەر و لە یەكەم رێوشوێنیشدا روسیا پرۆسەی تەبەنیكردنی منداڵانی روسیای لەلایەن خێزانە ئەمریكییەكانەوە راگرت.
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆكی روسیا لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ دۆناڵ ترەمپ لە هیلسنكی لە مانگی تەمموزی 2018دا رایگەیاند برۆدەر و ژمارەیەك لە هاوبەشەكانی لەلایەن دادگای روسیا داواكراون بە تۆمەتی بە قاچاخبردنی نزیكەی یەك ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بۆ دەرەوە بەبێ ئەوەی باجی لێبدەن.
راشیگەیاند 400 ملیۆن دۆلار لەو پارەیە بەخشراوە بە هەڵمەتی بانگەشەی ترەمپ لە هەڵبژاردنی ساڵی 2016 و لە ترەمپ ركابەری هیلاری كلینتۆن بوو.
برۆدەریش ئەو تۆمەتەی رەتكردەوە و رایگەیاند هیچ بڕە پارەیەكی بەكەس نەبەخشیوە و لە روسیاش بە تۆمەتی خۆدززینەوە لە باج و مایەپوچبونی بە ئەنقەست حوكمی نۆ ساڵ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرا.
لەكاردانەوەی ئەوەدا برۆدەر حكومی دادگای بە گاڵتەجاڕی وەسفكرد و وتی:" لە ساڵی 2012ەوە پۆتن پرسی هەڵوەشاندنەوەی یاسای ماگنیتسكی كردوەتە كاری لە پێشینەی سیاسەتەكانی دەرەوەی، بەڵام هەموو هەوڵەكانی شكستیانهێناوە".
برۆدەر ئاشكراشیكرد كە ئەلكساندە بیریبیلیچینی لە ساڵی 2012دا لە ناوچەی ساری بەریتانیا لەكاتی وەرزشی راكردندا لە نزیك ماڵەكەی كەوتووە و دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە و تائێستاش پۆلیسی بەریتانیا لەوە دەكۆڵێتەوە.
بیریبیلیچینی یەكێك بوو لەو سەرچاوە سەرەكییانەی كە زانیاری لەسەر چارەنوسی ئەو پارانە ئاشكراكردبوو كە لە روسیا و لە چوارچێوەی كەیسەكەی ماگنیتسكیدا دزرابوون.
"سێرگی ماگنیتسكی"
ئەوانەی بە " ماگنیتسكی" سزادراون
دیارترین ئەو كەسانەی كە بە گوێرەی یاسای ماگنیتسكی سزادراون ئەمانەن:
* رەمەزان قەدیرۆڤی سەرۆكی چیچانی لایەنگری مۆسكۆ كە بە پرۆسەی كوشتن لە چیچان تۆمەتبار كراوە.
* ئۆلیگ لۆگۆنۆڤن جێگری سەرۆكی لیژنەی بەدواداچووونی سەر بەوەزارەتی ناوخۆی روسیا كە لێكۆڵینەوەی لە كوشتنی ماگنیتسكیدا كردووە.
* دوو دەستەی سەر بە سوپای میانمار بەهۆی رۆڵیانەوە لەو پێشێلكارییانەی بەرامبەر بە رۆهینگییە موسوڵمانەكان ئەنجامدراون.
لە ماوەی رابردووشدا ئەندامانی كۆنگرێسی ئەمریكا داوایان لە سەرۆكی وڵات كرد یاساكە لەدژی چەند بەرپرسێكی چین جێبەجێبكات كە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی پێشێلكاریی دژ بە موسوڵمانی ویگۆر لە باكوری چین.