پارتی جاڕی سیستمی سەرۆكایەتی دا
2018-11-22 08:01:11
راپۆرت: نامیق رەسوڵ
بەدەستهێنانی (25) كورسی پەرلەمانی عێراقو (45) كورسی پەرلەمانی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستانی والێكردەوە خۆی بە حاكمی رەهای هەرێمی كوردستان بزانێتو بێ گوێدانە سەنگو قورساییو تێڕوانینی لایەنەكانی تر، كار دەكات بۆئەوەی هەموو بەرنامەو ستراتیژو تێڕوانینەكانی خۆی بۆ چۆنیەتی بەڕێوەبردنی هەرێمو سیستمە حكومڕانییەكەی جێبەجێبكات.
پارتی لە یەكەمین هەنگاویدا دوای پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، ئەگەرچی (50+1)ی كورسییەكانی پەرلەمانی بەدەستنەهێناوە، بەڵام وەك گەورەترین فراكسیۆنی ناو پەرلەمانی كوردستان، دانوستانی لەگەڵ لایەنەكاندا دەستپێكردووە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتو لای خۆشیەوە چەندین مەرجی بۆ ئەو لایەنانە داناوە كە دەیەوێت بەشداریان پێبكات لە حكومەتدا، ئەگەرچی ئەو لایەنانە بەوتەی خۆیان نایانەوێت "بەشدار"ی حكومەت بن، بەڵكو دەیانەوێت "هاوبەش" بن لە حكومەتو بڕیاری سیاسیو بەڕێوەبردنی هەرێمدا.
لە چەند رۆژی رابردوودا، بەرپرسانی پارتی چەندین مەرجیان لەسەر بەشداریپێكردنی حزبەكانی تر لە حكومەتدا راگەیاندووە، كە دواهەمینیان قسەكەی ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی سەركردایەتی پارتییە كە دەڵێ" پارتی زۆر بەلایەوە گرنگ نییە كۆمەڵی ئیسلامی بەشداری حكومەت بكات".
پارتی سیستمی سەرۆكایەتی دەچەسپێنێت
نوێترین لێدوانی بەرپرسانی پارتی لێدوانێكی عەلی عەونی ئەندامی سەركردایەتی پارتییە سەبارەت بە پۆستی سەرۆكی هەرێمو دەستورو سیستمی بەڕێوەبردنی هەرێم، كە رەنگە ئەمەیان مەترسیدارترین لێدوان بێتو نیازی تەواوەتی پارتی بۆ داهاتووی هەرێمو سیستمە سیاسییەكەی ئاشكرادەكات.
عەونی لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی (ئاژانس) وتویەتی:" پێویست ناكات پۆستی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ لایەنەكاندا باس بكەینەوە، بەڵكو ئێمە لەم خولەدا پڕۆژەی دەستورو یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم دەبەینەوە پەرلەمانو ئەكتیڤی دەكەینەوە".
عەونی زۆر بێ باكانە لە هەڵوێستی حزبەكانی تر دەربارەی ئەو پرسە قسەدەكاتو دەڵێ:" پرۆژەی دەستورو هەرچیی یاسایە، كە لە خولەكانی تردا ڕێگریی لێ دەكرا، لەم خولەدا كە پارتی تێیدا زۆرینەیە دەتوانێت بەئاسانی تێپەڕێنرێت".
ئەگەرچی لە رابردوودا پارتی دیموكراتی كوردستان لە وەڵامدانەوەی لایەنەكانی تری هەرێمدا جەختی لەسەر ئەوە دەكردەوە كە سیستمی سیاسی هەرێمی كوردستان پەرلەمانییە، بەڵام ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی زۆر راشكاوانە ئەمجارە ویستی پارتی بۆ چەسپاندنی سیستمی سەرۆكایەتی دەردەبڕێتو دەڵێ:" ئێمە وەكو پارتی لەگەڵ ئەوەداین سیستمی حكومڕانی لە هەرێم سەرۆكایەتی بێتو سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتی زیاتری پێ بدرێت، پاشان دوای ئەوەی یاساكەمان ئەكتیڤ كردەوەو هەرێمی كوردستان بوو بە خاوەن دەستوری خۆی، ئینجا هەڵبژاردن لەناو خەڵكدا دەكەین".
كێشەی سەرۆكی هەرێم
ساڵی 2005 كاتێك جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بە سەرۆك كۆماری عێراق هەڵبژێردرا، حكومەتی هەرێمی كوردستانی دوای قۆناغی دوو ئیدارەیی یەكی گرتەوەو لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا لەنێوان یەكێتیو پارتی كە دواتر بە "رێككەوتنی ستراتیژی" ناسرا، لەبەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقدا، پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە پارتی دیموكراتی كوردستان دراو مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لە پەرلەمانی كوردستانەوە وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵبژێردرا.
دوای تەواوبوونی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم لە 2009دا یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەمواركرایەوەو ئەمجارەیان مەسعود بارزانی بە دەنگدانی راستەوخۆ لەلایەن دەنگدەرانی هەرێمی كوردستانەوە بۆ چوار ساڵی تر بە سەرۆكی هەرێم هەڵبژێردرا.
لەگەڵ تەواوبوونی خولی دووەمی سەرۆكایەتی بارزانی، كێشەی پۆستی سەرۆكی هەرێم تەقیەوەو پارتیو یەكێتی لە پەرلەمانەوە سەرەڕای ناڕەزایەتی ئۆپۆزسیۆن، ماوەی سەرۆكایەتی بارزانیان بۆ دوو ساڵ درێژكردەوە، ئەگەرچی لە یاسای درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكی هەرێمدا جەختلەسەر ئەوە كراوەتەوە كە ئەم ماوەیە " یارای درێژكردنەوە نییە"، بەڵام دواترو بەبڕیاری دەسەڵاتی دادوەری دوو ساڵی تر ماوەی سەرۆكایەتی بۆ مەسعود بارزانی درێژكرایەوە، بە پاساوی ئەوەی بەهۆی شەڕی "داعش"ەوە دۆخی هەرێم بە جۆرێكە ناتوانرێت هەڵبژاردن بكرێت.
داخستنی پەرلەمانو دەركردنی وەزیرەكان
لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستاندا، كە سەرۆكایەتی بەدەست بزوتنەوەی گۆڕانەوە بوو، گۆڕان بەشدار بوو لە كابینەی حكومەت، پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ پارتی هەبوو، لەم كاتەدا ماوەی دوو ساڵی خولی درێژكراوەی سەرۆكی هەرێم كۆتایی هات، بزوتنەوەی گۆڕان، یەكێتی، یەكگرتووی ئیسلامیو كۆمەڵی ئیسلامیی پرۆژەیاسایان بۆ هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم پێشكەشكرد، و سەرەڕای هەوڵو گوشاری زۆری پارتی بۆ رێگریكردن لە تێپەڕینی ئەو پرۆژە یاسایانە، حزبەكان سوربوون لەسەر هەمواركردنەوەیو خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژەیاساكە كراو، كاتێك هاتە سەرئەوەی خوێندنەوەی دووەم بۆ یاساكە بكرێت، سەرەرٍای گوشاری زۆری پارتیو دانوستانی زۆری لایەنەكان، یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمان لە بزوتنەوەی گۆڕان كۆبوونەوەی پەرلەمانی بۆ پەسەندكردنی پرۆژە یاساكە دەستپێكرد، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی نیسابی یاساییەوە، كۆبوونەوەكە بێ ئاكام بوو.
پارتی لە كاردانەوەیدا بەرامبەر ئەو هەنگاوە، دەرگای پەرلەمانی كوردستانی داخستو جامی توڕەیی خۆی بەسەر گۆڕاندا رشتو وەزیرەكانی گۆڕانی لە حكومەت دەركردو رێگەی بە سەرۆكی پەرلەمان نەدا بگەڕێتەوە بۆ هەولێر.
گۆڕانو یاسای سەرۆكایەتی هەرێم
لە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی 2017و هێرشی هێزەكانی حكومەتی ناوەندی بۆسەر كەركوكو ناوچە كێشەلەسەرەكان، مەسعود بارزانی دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی هەرێم بوو، پەرلەمانی كوردستان كە بۆ ریفراندۆم كارا كرابووەوە، تەمموزی ئەمساڵ بە پرۆژەیاسایەكی بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی، دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی هەڵپەساردو دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمی دابەشكرد بەسەر (سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران- سەرۆكایەتی پەرلەمان- دەسەڵاتی دادوەری)، گۆڕان بەو هەنگاوە رووبەڕووی رەخنەی لایەنگرانی خۆیو حزبەكانی تر بووەوە، بەڵام ئەوانەی كە لە پشت نوسینەوەی ئەو پرۆژەیاسایەو تێپەڕاندنییەوە بوون، بەدیاریكراویش عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان جەختیاندەكردەوە كە كێشەی سەرۆكایەتی هەرێمیان چارەسەركردووەو لە خولی نوێی پەرلەماندا بەتەواوەتی ئەو پرسە چارەسەردەكەن، بەڵام ئێستا كە بزوتنەوەی گۆڕان (12) كورسی لە پەرلەماندا هەیەو پارتی خاوەنی (45) كورسییە، یان وەك عەلی عەونی راگەیاندووە "زۆرینەی پەرلەمانن"، پارتی بەویستی خۆی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی ئەكتیڤ دەكاتەوە.
دەستوری هەرێم
لە ساڵی 1992ەوە دوای یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان چەندین هەوڵ هەبووە بۆئەوەی دەستورێك بۆ هەرێمی كوردستان بنوسرێتەوە، ئەمەش بەمەبەستی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانی لە یەكتریو دیاریكردنی سیستمی سیاسی هەرێم، بەڵام بەهۆی ناكۆكی لایەنەكان لەسەر سیستمی سیاسی هەرێم لەنێوان سیستمی (سەرۆكایەتی یان پەرلەمانی یان تێكەڵ)، نەتوانراوە دەستور پەسەند بكرێت.
ساڵی 2009 لە كۆتایی ئەو خولەی پەرلەماندا، پارتیو یەكێتی پرۆژە دەستورێكیان بۆ هەرێم نوسیەوەو لە كۆتاییەكانی ئەو خولەدا لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندكرا.
پرۆژەكە لە (122) ماددە پێكهاتبوو، لە 24ی ئابی 2009 لەلایەن خولی سێیەمی پەرلەمانەوە لەكۆی (97) ئەندامی ئامادەبوو (96) دەنگی هێناوە پەسەندكرا، هەر ئەو كات بڕیاردرا بخرێتە راپرسییەوە، ئەم بڕیارەی پەرلەمان لەكاتێكدا بوو ماوەی یاسایی خولی سێیەم كۆتایی هاتبوو، بەوپێیەی لە تەمموزی 2009 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو بوو، بەڵام هێشتا پەرلەمانتارە نوێیەكان دەستبەكار نەبووبوون.
كاتێك ئەو ساڵە بەرەیەكی بەهێزی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانی كوردستان پێكهات (35 كورسی لە كۆی 111 كورسی) دەنگی ناڕەزایی دژی دەستورەكە بەرز بووەوەو رێگەیان نەدا بخرێتە راپرسی جەماوەرییەوە.
17ی ئازاری 2011و یەك مانگ دوای زنجیرە خۆپیشاندانە ناڕەزاییەكانی هەرێمی كوردستان كە بە خۆپپشاندانەكانی 17 شوباتو رۆژانی دوایی ناسراوە، پەرلەمانی كوردستان بڕیاری ژمارە (2)ی ئەو ساڵەی پەسەندكرد، كە لە (10) ماددەو (35) خاڵ پێكهاتووە، یەكێك لە بڕیارەكانی بریتی بوو لە "گەڕاندنەوەی دەستور بوو بۆ پەرلەمان بەمەبەستی هەمواركردنەوەو دروستكردنی كۆدەنگی سیاسیو سازانی نیشتمانی لەسەری"، بەڵام دواجار دەستور نەگەڕێندرایەوە پەرلەمان.
دەستورێكی نوێ
لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا كە بزوتنەوەی گۆڕان سەرۆكایەتی دەكرد، لیژنەیەكی نوێ بۆ نوسینەوەی دەستورێكی نوێ بۆ هەرێمی كوردستان پێكهێنرا .
لیژنەی نوسینەوەی دەستور بەپێی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2015 پێكهێنراو ماوەی (3) مانگی هەبوو بۆ كاركردن، لەو ماوەیەدا لیژنەكە توانی سێ دەروازەو (74) ماددە بنوسێتەوە، بەڵام دواجار لە پرسی دەسەڵاتەكانو لە 20ی ئابی ساڵی ڕابردوودا بەهۆی ململانێ سیاسییەكانەوە پرۆژەی دەستور پەكیكەوتو دوای پەكخستنی پەرلەمانیش كاری ئەو لیژنەیە راگیراو نەتوانرا نوسینەوەی دەستورەكە تەواو بكرێت.
پارتی چۆن دەستورێكی دەوێت؟
بەردەوام لە پرسی نوسینەوەی دەستورێكدا بۆ هەرێم، ناكۆكی لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان لەلایەكو حزبەكاتی تر لەلایەكی تر هەبووە، پارتی هەمیشە مەیلی بەلای ئەوەدابووە سیستمی حوكمڕانی هەرێم "سەرۆكایەتی" بێتو "سەرۆك لەلایەن خەڵكەوە هەڵبژێردرێت"و "دەسەڵاتێكی زۆری هەبێت"، بەڵام بەپێچەوانەوە حزبەكانی تر بە گشتی بەدیاریكراویش (بزوتنەوەی گۆڕانو یەكێتی نیشتمانی) لەگەڵ چەسپاندنی سیستمی "پەرلەمانی"دا بوون بۆ هەرێم، هاوشێوەی سیستمی حوكمڕانی عێراق.
رۆژی 24ی ئەیلولی 2012 نەوشیروان مستەفاو مام جەلال وەك رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانو سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبونەوە كە دواتر ناوی لێنرا كۆبونەوەكەی "دەباشان"، لە بەشێكی راگەیەندراوی ئەو كۆبونەوەیەدا هاتبوو" لە كۆبوونەوەكەدا چەندین بابەتی پەیوەست بە هەرێمی كوردستان بیروڕایان لەبارەوە ئاڵوگۆڕكرا، بەتایبەت مەسەلەی دەستوری كوردستانو گەڕاندنەوەی بۆ پەرلەمانو هەمواركردنی، كە هەردوولا لەسەر گەڕاندنەوەو هەمواركردنی هاوڕابوون، بەشێوەیەك كە تەوافوقی هەموو لایەنەكانی لەسەربێتو سیستمی سیاسی كوردستان لەگەڵ بنەمای سیستمی سیاسی عێراق، كە لە دەستوری عێراقدا پەسەندكراوە، بگونجێنرێنو بكرێن بە سیستمی پەرلەمانی".
ئێستا كە پارتی جەخت لەسەر نوسینەوەی دەستورو چەسپاندنی سیستمی "سەرۆكایەتی" دەكات، خاوەنی (45) كورسی پەرلەمانەو سەرباری ئەوەش دەنگی نوێنەری پێكهاتەكانو چەند حزبێكی تریشی مسۆگەر كردووە، لەبەرامبەردا بزوتنەوەی گۆڕانو یەكێتی نیشتمانی كە بەنیازن لە كابینەی نوێی حكومەتدا لەگەڵ پارتی بەشداربن، هیچ كاردانەوەیەكیان بەرامبەر ئەم هەڵوێستەی پارتی نەبووە، تەنها ئەوە نەبێت سەعدی ئەحمەد پیری وتەبێژی یەكێتی لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی "ئاژانس" وتویەتی:" نابێت دەستوری هەرێم پێچەوانەی دەستوری عێراق بێت".
رەنگە بێدەنگیو وەڵامنەدانەوەی ئەم هەڵوێستەی پارتی بەرامبەر بەدەستورو سیستمی سەرۆكایەتی لەلایەن گۆڕانو حزبەكانی ترەوە، پەیوەندی بە دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتەوە هەبێتو ئەو لایەنانە نەیانەوێت بەهۆی دژە لێدوانەوە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ پارتی ئاڵۆز بكەن، بەڵام ئەو پرسیارە دەمێنێتەوە بۆ كاتی پەسەندكردنی دەستورو ئەوكات یەكلا دەبێتەوە ئەوانەی دوێنێ شەڕیان لەسەر سیستمی پەرلەمانی دەكرد، سبەینێ لەبەردەم سیستمی سەرۆكایەتی پارتیدا چۆك دادەدەن یاخود نا.