Draw Media

ترەمپ و پوتن سەردانی عێراق دەكەن

ترەمپ و پوتن سەردانی عێراق دەكەن

2018-11-21 20:16:39


( درەو میدیا):
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا و ڤلادمێر پوتن، سەرۆكی روسیا ئاماژەیان بەوەداوە كە رەنگە سەردانی عێراق بكەن و رۆژنامەی زەمانیش لە ژمارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی تشرینی دووەمی 2018 نوسیوێتی كامیان پێشتر دەگەنە بەغدا؟
رۆژنامەكە دەڵێت: دوو ئاماژەی بەهێز لە یەك كاتدا رۆژی سێشەممە دەركەوتن كە جەختدەكەنەوە ئەگەری ئەوە هەیە سەرۆكی ئەمریكا و سەرۆكی روسیا لە زووترین هەلدا سەردانی عێراق بكەن، بەڵام كامیان پێش كامیان دەگەن، و ئامانجەكانیان چییە ئەگەر گەیشتە بەغدا.
رۆژنامەی " واشنتۆن پۆستیش" رۆژی سێشەممە رایگەیاند, ترەمپ راوێژكارەكانی  ئاگاداركردوەتەوە كە بۆ یەكەمجار دوای وەرگرتنی دەسەڵات ئەگەری ئەوە هەیە بۆ بەسەركردنەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی سەردانی عێراق و ئەفغانستان بكات.
رۆژنامەكە لە راپۆرتێكیدا ئاماژەی بەوەشداوە كە راوێژكارانی ئێستا و پێشوووی كۆشی سپی جەختیانكردوەتەوە كە لە رابردوودا و هەتا ئەمداوییە ترەمپ رەتیدەكردەوە سەردانی هێزەكانی ئەمریكا بكات لە عێراق و ئەفغانستان و دەیوت نایەوێت خۆی پەیوەست بكات بەو دوو جەنگەوە كە بە شكستخواردوویان دادەنێت.
بەڵام ئەو راوێژكارانە ئاشكرایانكردووە كە ترەمپ لە چەند كۆبوونەوەی رابردوودا باسی لە بابەتی ئەگەری سەردانەكەی بۆ عێراق و ئەفغانستان كردووە.
چەند كاتژمێرێك دوای بڵاوبونەوەی ئەو هەواڵە نوسینگەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق هەواڵێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند بە رەسمی سەرۆكی روسیای بانگهێشت كردووە بۆئەوەی سەردانی بەغدا بكات.
لە ماوەی رابردووشدا میخائیل بۆگدانۆڤ، نێردەی تایبەتی سەرۆكی روسیا بەجیا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆك كۆماری عێراق كۆبوەوە و بەرەسمی بانگهێشتنامەی سەرۆكی روسیای بۆ سەردانی ئەو وڵاتە پێشكەشكردن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand