Draw Media

بارزانی لە بەغداد چاوی بە بەرهەم ساڵح ناكەوێت

بارزانی لە بەغداد چاوی بە بەرهەم ساڵح ناكەوێت

2018-11-21 14:13:15


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف

رۆژی 25ی ئەیلولی ساڵی رابردوو كاتێك خەڵكی هەرێمی كوردستان بەشدارییان لە پرۆسەی ریفراندۆم دەكرد، وێنەیەكی مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێم بڵاوبووەوە كە سێوێك لەتدەكات، ئەمە وەكو ئاماژەیەك بۆ لەتبوونی عێراق‌و جیابونەوەی هەرێمی كوردستان لێكدرایەوە، دوای نزیكەی ساڵێك‌و دوو مانگ لە "لەتكردنی سێوەكە"، بارزانی دەگەڕێتەوە بۆ بەغداد.
بڕیارە بەمزوانە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی بەغداد بكات، لەدوای ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی 2017وە ئەمە یەكەمجارە بارزانی سەردانی بەغداد بكات.
سەردانی بارزانی بۆ بەغداد لە ناوەڕۆكدا چەندین پەیام‌و خوێندنەوەی جیاوازی هەڵگرتووە، لە پلەی یەكەمدا شكستی تەواوەتی پرۆسەی ریفراندۆم‌و هەوڵی جیابونەوەیە لە عێراق، كە بارزانی رۆژگارێك سەرۆكایەتی ئەو هەوڵەی دەكرد.
تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە پارتی دیموكراتی كوردستان‌و نوسینگەی سەرۆكی ئەو حزبە بەفەرمی هیچ زانیارییەكیان لەبارەی هۆكاری سەردانەكەی بارزانی بۆ بەغداد ئاشكرانەكردووە، بەڵام بەپێی قسەی سەرچاوە ئاگادارەكان، دوای سەردانەكەی بۆ بەغداد، بارزانی بە گەشتێك بەرەو وڵاتانی كەنداو بەرێدەكەوێت، رەنگە بارزانی لەم گەشتەیدا هەوڵی راستكردنەوەی پەیوەندییە عەرەبییەكانی بدات، كە لەدوای ریفراندۆمەوە كێشەی تێكەوت.

بارزانی بۆچی دەچێت بۆ بەغداد؟
سەردانی بارزانی بۆ بەغداد لەكاتێكدایە ئێستا حزبەكەی وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان سەرقاڵی دانوستانە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، هەروەها لە بەغدادش هێشتا ژمارەیەك پۆستی وزاری كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی پڕنەكراونەتەوە، یەكێك لەو پۆستانە پشكی كوردە‌و یەكێتی دەیەوێت ئەو پۆستە ببات‌و پارتیش بە پشكی خۆی دەزانێت.
هەندێك لە میدیاكانی عێراق هەواڵی سەردانی چاوەڕوانكراوی بارزانیان بۆ بەغداد بڵاوكردوەتەوە، سایتی "سۆمەریە نیوز" لەزاری سەرچاوەیەكی سیاسی بەرپرسەوە ئاشكرایكردووە" لە سەردانەكەیدا بۆ بەغداد، بارزانی دۆخی سیاسی‌و پێكهێنانی كابینەی حكومەت تاوتوێدەكات ‌و سەردانەكەی بەئامانجی راگەیاندنی پشتیوانییە بۆ حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی".
بەپێی زانیارییەك كە لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (درەو میدیا) كەوتووە، پرسی كەركوك یەكێك دەبێت لە تەوەرە سەرەكییەكانی گفتوگۆكانی بارزانی لە بەغدادو بارزانی داوای ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك دەكات.


دواین پەیامی بارزانی بەرلە گەشتەكەی ؟
دواین دەركەوتنی مەسعود بارزانی بەر لە گەشتە چاوەڕوانكراوەكەی بۆ بەغداد، كۆبونەوەیەكی بوو لەگەڵ فراكسیۆنی حزبەكەی لە پەرلەمانی كوردستان.
بەپێی هەواڵێك كە سایتی فەرمی پارتی بڵاویكردوەتەوە، لەو كۆبونەوەیەدا بارزانی لەبارەی پەیوەندییەكانی هەرێم‌و بەغداد وتویەتی " هیوادارم نیازپاكیی تەواو هەبێت لە پرۆسەی سیاسیی عێراق لەمەڕ پابەندبوون بە هەرسێ پرەنسیپی شەراكەت لە حوكمڕانی‌و تەوافوق لە یاسادانان‌و تەوازون لە دامودەزگای حكومی". لەبارەی كەركوك‌و ناوچە كێشەلەسەرەكانیشەوە بارزانی ئاماژەی بەوەكردووە" ئەو بارودۆخەو سەپاندنی ئەو واقیعە سەربازییەی ئێستا لەو ناوچانە هەیە، پێویستە كۆتایی بێت‌و بەردەوامبوونی قابیلی قبوڵ نییە".

بارزانی لە بەغداد كێ دەبینێت ؟
بەپێی قسەی سەرچاوەكان، لە سەردانەكەیدا بۆ بەغداد، بارزانی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق‌و محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان‌و سەرۆكی ژمارەیەك لە كوتلە سیاسییەكانی عێراق دەكەوێت.
بەپێی قسەی سەرچاوەكەی سایتی "سۆمەریە نیوز"، بارزانی لە بەغداد لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقیش كۆدەبێتەوە، بەڵام بەلەبەرچاوگرتنی ئەو ئاڵۆزییەی كە لەنێوان پارتی‌و یەكێتی بەتایبەتیش لەنێوان بەرهەم ساڵح‌و بارزانی لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دروستبووە، چاوەڕوان ناكرێت كۆشكی سەلام یەكێك بێت لە وێستگەكانی گەشتەكەی بارزانی بۆ بەغداد.
زانیاری هەیە كە لەدوای هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵحەوە وەكو سەرۆك كۆمار، بەرپرسانی پارتی لە چەندین كۆبوونەوەی داخراودا باسیان لەوە كردووە، رێگەنادەن بەرهەم ساڵح سەردانی هەولێر بكات، هەندێك لە میدیاكانی نزیك لە پارتی بەرهەم ساڵح بە نوێنەری یەكێتی لە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق ناودەبەن، نەك نوێنەری خەڵكی هەرێمی كوردستان.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەرهەم ساڵح ئێوارەی ئەمڕۆ بە گەشتێك بەرەو ئیتالیا بەرێدەكەوێت، رەنگە چونەدەرەوەی بەرهەم ساڵح هاوكات لەگەڵ سەردانی بارزانی بۆ بەغداد بەمەبەستی پەردەپۆشكردنی ئەو ناكۆكییانە بێت, كە لەنێوان هەردوولا لەبەردەم میدیاكانی عێراقدا، بەتایبەتی ئەگەر بارزانی ئامادەنەبوو سەردانی بەرهەم ساڵح بكات.

بارزانی‌و بەغداد ؟
مێژووی مەسعود بارزانی‌و بەغداد نوێ نییە، بارزانی سەرباری ئەوەی كە بانگەشەی جیابونەوەی لە عێراق دەكرد‌و ئەو بانگەشەیەی لە پرۆسەی ریفراندۆمدا خستەبواری جێبەجێكردن، هیچ كاتێك بەتەواوەتی دەستبەرداری بەغداد نەبووە وەكو پایتەختی عێراق.
ئەو تەنانەت لە رۆژانی ریفراندۆمیشدا بارەگا سەرەكییەكەی خۆی لە ناوچەی سەوز لە بەغداد دانەخست.
لەدوای روخانی رژێمی پێشووی عێراقەوە، بارزانی یەكێك لەو سەركردە سیاسییانەی كورد بوو كە بۆ بەشداریكردن لە بونیادنانەوەی عێراقی نوێ چووە‌و بەغداد‌و بەشداری لە ئەنجومەنی حوكمدا كرد‌و جارێكیش سەرۆكایەتی ئەو ئەنجومەنەی كرد.
دواین سەردانی بارزانی بۆ بەغداد لە رۆژی 29-9-2016دا بوو، واتە بە دیاریكراوی ساڵێك پێش بەڕێوەچوونی ریفراندۆم، سەردانی ئەوكاتی بارزانی بە پلەی یەكەم بۆ تاوتوێكردنی پرسی دەستپێكردنی پرۆسەی ئازادكردنی موسڵ بوو لە دەستی چەكدارانی رێكخراوی "داعش"، دوای سێ ساڵ ئەوە یەكەمجار بوو بارزانی سەردانی بەغدادی كرد.

كێشەكانی نێوان بەغداد‌و هەولێر
لەنێوان هەولێرو بەغداد ژمارەیەك كێشەی هەڵپەسێردراو هەن كە تائێستا چارەسەرنەكراون، لەوانە پرسی دەرهێنان‌و فرۆشتنی نەوت، موچەی فەرمانبەران‌و پێشمەرگە، ناوچە كێشەلەسەرەكان، شەراكەت‌و هاوسەنگی لە بەڕێوەبردندا.
لە كابینەی نوری مالیكیدا، ئاڵۆزی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداد گەیشتە لوتكە‌و بەغداد موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی راگرت، ئەم كێشەیە لە كابینەی حەیدەر عەبادیدا بە چارەسەرنەكراوی مایەوە‌و چەندین گرفتی تریشی هاتەسەر بەتایبەتی دوای ریفراندۆم‌و رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر.
مەسعود بارزانی چاوی لەوەیە لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق بەشێك لەو كێشانە چارەسەربكات، بەتایبەتیش لەكاتێكدا عەبدولمەهدی بە یەكێك لە دۆستەكانی كورد لە عێراق تەماشادەكرێت.
جگە لە دۆستایەتی‌و نزیكیی عەبدولمەهدی، حكومەتی هەرێم‌و بەغداد لەژێر گوشاری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand