Draw Media

12/5 توركیا ئاسمانی خۆی بە ڕووی فڕۆكەخانەی سلێمانیدا دەكاتەوە

12/5 توركیا ئاسمانی خۆی  بە ڕووی فڕۆكەخانەی سلێمانیدا دەكاتەوە

2018-11-21 12:07:54


( درەو میدیا):
لەسەردانی وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ بەغداد، پرسی كردنەوەی ئاسمانی توركیا بە ڕووی گەشتە ئاسمانیيەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی باسی لێوەكراوەو بەڵێندراوە، سەرەتای مانگی داهاتوو توركیا گەمارۆی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی هەڵبگرێت.
بەپێی زانیاریيەكانی (درەو میدیا)، لە كۆبونەوەی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق و مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا لە رۆژی 11/10/2018، یەكێك لە تەوەرەكان پرسی هەڵگرتنی گەمارۆی توركیا بوو بە ڕووی فڕۆكەخانەی سلێمانی، مەولود چاوش ئۆغڵۆ رایگەیاندووە، داخستنی  ئاسمانی توركیا بەڕووی گەشتی فڕۆكەخانەی سلێمانی تا رۆژی 5/12/2018 ەو هەوڵدەدەن ماوەكەی درێژ نەكەنەوە، لەبەرامبەردا چەند ئەركێك دەكەوێتە سەر شانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە بۆ توركیا جێبەجێی بكات.
(درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە زانیاری دەستكەوتووە، توركیا بەفەرمی داوای لە یەكێتی نیشتمانی كردووە سزای ئەو سەركردانەی حزبەكەی بدات كە مانگی رابردوو بەشدارییان لە كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (كەنەكە)دا كردووە.
رۆژی 26ی مانگی رابردوو، سێ سەركردەو كادری دیاری یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە پێكهاتبوو لە (ئارێز عەبدوڵا- سالار مەحمود- بڵێسە جەبار فەرمان) چونە هۆڵەندا‌و بەشدارییان كرد لە كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان‌و تێیدا وتارێكیان بە ناوی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە خوێندەوە.
ئەم بەشداریكردنە‌ ناڕەزایەتی توركیای لێكەوتوەتەوە، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)،  رۆژی 4ی ئەم مانگە هاكان كاراچای كونسوڵی گشتی توركیا لە هەولێر لە سەردانەكەیدا بۆ دەباشان‌و كۆبونەوەی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی جەختی لەسەر ئەو هەڵوێستەی توركیا كردوەتەوە.
ئەگە یەكێتی داواكاریيەكانی توركیا جێبەجێبكات، چاوەڕەوان دەكرێت رۆژی 5/12/2018 توركیا ئاسمانی خۆی بە ڕووی فرۆكەخانەی سلێمانیدا بكاتەوە.
رۆژی 29ی ئەیلولی 2017 بە بڕیاری بەغدا سەرجەم گەشتە نێودەوڵەتییەكانی فڕۆكەخانەكانی هەولێرو سلێمانی راگیرا، ئەوەش دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان و ناوچە جێناكۆكەكان لە 25ی هەمان مانگدا، بەڵام ڕۆژی 15ی ئازاری 2018، حكومەتی عێراق بڕیاریدا گەمارۆی سەر فڕۆكەخانەكانی هەرێم هەڵبگرێت، بەڵام توركیا لە زاری بینالی یەڵدرم سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی توركیا رایگەیاند" گەشتە ئاسمانییەكانمان بۆ فڕۆكەخانەی هەولێر دەستپێدەكەینەوە، بەڵام فڕۆكەخانەی سلێمانی لە دەرەوەی ئەم بڕیارەمان دەبێت"، پێشتریش مەولود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا ئاماژەی بەوەدابوو " لە هەندێك شوێنی (باكووری عیراق)، هاوئاهەنگیی لەگەڵ پەكەكە دەكرێت بۆنموونە لە سلێمانی". 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand