ئەوەی یەكێتی لە بەغداد بردی؛پارتی لە هەولێر لێی دەسەنێتەوە
2018-11-20 11:52:55
ڕاپۆرتی: ئارام مەحمود
پارتی دیموكراتی كوردستان هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی (9)ی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بەفەرمی دەستپێكرد، بەڵام بە سەنگو پێگەیەكی جیاوازتر لە كابینەكانی ڕابردوو، بەوپێیەی بە جیاوازییەكی گەورە لەپێش لایەنەكانی ترەوەیە، بۆ زەقكردنەوەی ئەم جیاوازییەش، لە زیاد لەبۆنەیەكدا پارتی باسی تایبەتمەندییەكانی ئەم كابینەیەی كردووە، كە دیارترینیان ئەمانەن:
• گۆڕینی بنەمای بەشداریكردن بۆ بەشداریپێكردن.
• ئەو لایەنانەی خواستی بەشدارییان هەیە لە حكومەت، نابێت پێیەكیان لە حكومەت بێتو پێكەی تریان لە ئۆپۆزسیۆن.
• دەبێت پەرلەمانتارەكانیان بێدەنگ بن.
• نابێت لە كابینەكە بكشێنەوە تا كۆتایی.
• رەتكردنەوەی حكومەتی بنكەفراوان.
• رەتكردنەوەی حكومەتی 50+50.
• رەتكردنەوەی حكومەتی جوتحزبی.
شەریكە چاوەڕوانكراوەكانی پارتی چی دەڵێن؟
(سەعد ئەحمەد پیرە) وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دوای یەكەم كۆبونەوەی حزبەكەی لەگەڵ وەفدی پارتی تایبەت بە پێكهێنانی كابینەی نوێ دەڵێت:"یەكێتی لەسەر بنەمای شەراكەتی ڕاستەقینە لە حكومەتی نوێ بەشدار دەبێت، نەك بنەمای بەشداریكردن".
(شۆڕش حاجی) ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕانیش لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ (درەومیدیا) وتی:"پارتی پێیخۆشە ئێمە بەشداربین لە حكومەتی ئایندەی كوردستان".
(بیلال سلێمان) پەرلەمانتاری پێشووتری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لەبارەی مەرجەكانی پارتی بۆ بەشداریكردن لە حكومەت دەڵێت"مەرجی پارتی لە نەكشانەوەو بێدەنگبونی پەرلەمانتارەكانمان، وەك پێشمەرجی بەشداریكردن لە حكومەت قبوڵناكەین".
بەبێ یەكێتی حكومەت دانامەزرێت
پارتی بۆ دامەزراندنی حكومەتێكی یەكگرتوو، ئامادەیی یەكێتی لە حكومەت بە خاڵێكی گرنگو جەوهەری دەزانێت، چونكە دەزانێت بەبێ ئامادەبونی یەكێتی، هیچ حكومەتێك چەندە بەهێزبێت دەسەڵاتی لەو دیوی "دێگەڵە" تێپەڕناكات، بەڵام ئامادەییەك نابێت بەهەر نرخێ، بەڵكو پارتی پێناسەی تازەی بۆ دۆزیتەوەو، بە زمانێكی سیاسی ناویناوە بەشداری بەقەد "سەنگو قورسایی".
ئیشی پێیانە!
ئامادەبونی بزوتنەوەی گۆڕانو ڕەنگە كۆمەڵی ئیسلامی كوردستانیش لە حكومەت بۆ پارتی، بایەخی لە بەشداری یەكێتی لە حكومەت كەمتر نەبێ، بۆ ڕەنگدانەوەی ئەو بنەمایەی كە پارتی دەیەوێت لەم كابینەیەدا ڕەنگبداتەوە، كە ئەویش بنەمای "دروستكردنی حكومەتی زۆرینەیە لە بەرگی پلۆراڵدا"، كە دیسانەوە بەشدارییەك دەبێت، لە ڕوخساردا حكومەتێكی فرەڕەنگ و بەهێز دەنوێنێتو ئارایشتی حوكمڕانی كوردستان دەكات، لە ناوەرۆكیشدا پارتی هەر خۆی بڕیاردەری یەكەمو كۆتایی دەبێت.
هەر ئەوەش نیە، پارتی هەروەك چۆن بنەمای 50+50 لەگەڵ یەكێتی ڕەتدەكاتەوە، جارێكی تریش ئامادە نیە حكومەتی "جوتحزبی"ی لەگەڵ دروستبكاتەوە، ئەمە یەكێكە لەو پاڵنەرە گرنگەكانی وا لە پارتی دەكات ئامادەیی هەندێك هێزی تر لە ناوحكومەت بەگرنگ بزانێت، جگە لە بەكارهێنانیان وەك كارتی فشار دژ بەیەكتر.
یەكەم گورزی لە یەكێتی وەشاند
پیشتر (درەو میدیا) لەزاری سەرچاوەیەكی باڵای پارتییەوە بڵاویكردەوە، پارتی پۆستەكانی سەرۆكی حكومەتو سەرۆكی پەرلەمانو وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی خستوەتە دەرەوەی دانوستانەكانی حكومەتو لە سەر پۆستەكانی تر دانوستان لەگەڵ لایەنەكان دەكات.
بەپێی نوێترین ئەو زانیارییانەی كە بڵاوبونەونەتەوە، سەرۆكی حكومەت هاوشێوەی سەرۆكی پەرلەمان دوو جێگری بۆ دادەنرێت، كە ئەمە هەنگاوی یەكەمی لێدانە لە پێگەی یەكێتی لە حكومەتی داهاتوو و دروستكردنی شەریكە بۆی، بەتایبەت كە یەكێتی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت بە پۆستێكی سیادیو پشكی خۆی دەزانێت وەك هێزی دووەم.
پارتی قەرزەكانی وەردەكرێتەوە
زۆربەی پارتییەكان باوەڕیانوایە، پارتی دوو قەرزی لای یەكێتی نیشتمانی كوردستانە:
• قەرزی یەكەم: ڕوداوەكانی دوای ڕیفراندۆمو (16)ی ئۆكتۆبەر.
• قەرزی دووەم: دانانی سەرۆك كۆماری عێراق بەشێوەیەكی "تاكلایەنەو لە دەرەوەی تەوافوق" وەك ئەوەی پارتی، یەكێتی پێ تۆمەتباردەكات.
ڕەنگە بەشداریكردنی یەكێتی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان تاكە دەرفەتی پارتی بێت بۆ "تۆڵە سەندنەوە" و وەرگرتنەوەی "قەرزەكانی" لە یەكێتی، یان وەك دەوترێت ئەوەی یەكێتی لە بەغداد بردی، پارتی لە هەولێر لێدەسەنێتەوەو بەدوو ڕێگە تۆڵەی لێدەكاتەوە:
• رێگەی یەكەم: لاوازكردنی پێگەی جێگری سەرۆكی حكومەت لەڕێی زیادكردنی جێگرێك یان زیاتر بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران.
• رێگەی دووەم: بەشداریپێكردنی گۆڕانو كۆمەڵو لایەنی دیكەش، كە ئۆتۆماتیكی كاریگەری لەسەر كەمكردنەوەی پشكەكانی یەكێتی لە حكومەت دادەنێت.
یارییان پێدەكات
ئەو دیوە شاراوەیەی وێنەی تێڕوانینی پارتی بۆ حكومەتی ئایندەو پێگەی لایەنەكان تێیدا تەواو دەكات، بەشداریپێكردنی بزوتنەوەی گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامی كوردستانو ڕەنگە لایەنی تریش بێت لە حكومەتی داهاتوو، لەو ڕێشەوە پارتی ئەم ئامانجانە دەپێكێت:
• پارتی پێگەی یەكێتی لە حكومەت لەقاڵبدەداتو، شەریك یان برابەشی بۆ پەیدا دەكات.
• بە بەشدایپێكردنی گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان یان یەكێكیان لە حكومەت، پارتی لە نیگەرانیو ڕەخنەی یەكێتی لە كەمبونەوەی پشكی ڕزگاری دەبێتو وادەكات یەكێتی نەتوانێت زۆر پێداگری بكات لەسەر وەرگرتنی پۆست، جگە لەوەی ئۆتۆماتیكی بەشداریشی ئەو بایەخەی نامێنێت.
• هێشتنەوەی بزوتنەوەی گۆِانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەك دوو هێزی بەدیلو ڕكابەری یەكتر، بۆ پارتی پرسێكی تاكیكیو ستراتیژیشە، هەرچەندە پارتی وەكو ستراتیژ یەكێتی لا گرنگترە بە حكومی هەژمونی بەسەر "زۆنی سەوز"دا، لەهەمانكاتدا مانەوەی گۆڕانو نیشاندانی بەردەوامیشی وەك مەترسی لەسەر یەكێتی، بۆ پارتی گرنگی خۆی هەیە.
• بەشداریپێكردنی بزوتنەوەی گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بۆ حكومەت، بەرەی دەسەڵات لەسەر حسابی بەرەی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانی داهاتوو بەهێزتر دەكات، كۆتایی بەمەترسی دروستبوونی ئەو ئۆپۆزسیۆنە بەهێزەش دەهێنێت كە لە ڕابردوودا بووبوو بە هەڕەشە بۆسەر دەسەڵاتەكەیان.
• بەبەشداریپێكردنی گۆڕانو كۆمەڵ لە حكومەت، پارتی لە تانەی حكومەتی "جوتحزبی" ڕزگار دەكاتو جۆرێك لە ڕوخساری فرەییو ڕەنگاوڕەنگی پێدەبەخشێت، بێئەوەی هیچ زیانێك بەپێگەو قورسایی بگات لە حكومەتدا.
• بەشداریكردنی گۆڕانو كۆمەڵ لە حكومەتی داهاتوو، هێشتا ئەو وێنەیەی لە"زیهنی" بەشێك لە خەڵكدا ماوە، سەبارەت بە جیاوازی هێزەكانو ڕەشی ئەو هێزانەی لە دەسەڵاتدانو سپێتی ئەو هێزانەی لەدەرەوەی دەسەڵاتن كاڵتر دەبێتەوەو، كۆمەڵگای لە قۆناغی دروشمەوە بەرەو قۆناغێكی واقیعیتر هەنگاودەنێت، كە هێزەكان بەكردار حەقیقەتی خۆیان لەسەر زەمین بەرجەستە دەكەن.