چاوپێكەوتن لەگەڵ مامۆستا عەبدولستار رێكانی
2018-04-04 18:03:26
چاوپێكەوتنی: نیاز عەبدوڵا
وێنەی دەموچاوە خوێناویەكەی مامۆستاكەی شیلادزێ لەبەرچاو وننابێت كە چۆن لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە پەلاماردراوە، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ سایتی درەو میدیا مامۆستا عەبدولستار تەمەر رێكانی رایدەگەیەنێت، بەشداری ئێمە لە خۆپیشاندانەكان بۆ ئەوە بوو دیواری ترس بشكێنین و گەورەترین دەستكەوتی خۆپیشاندانەكانیش شكاندنی بتی ترس بوو لە دەڤەری بادینان.
راشی دەگەیەنێت ئەوان بە چوار پێنج كەس هاتن و هێرشیانكردە سەرمن و لە دوو شوێن سەری منیان شكاند، شان و پەراسوویان شكاندم و بە داریش لە هەردوو دەستیاندام هەتا ئێستاش ئاسەواری برینداری بە جەستەمەوە ماوە، دەشڵێت: ئێمە دەمانەوێت پەیامێك بدەینە دەسەڵات كە ترساندن و چاوسوركردنەوە زیندانیكردن و ئازارپێگەیاندن پاشگەزمان ناكەنەوە و بێ دەنگ نابین لەسەر داواكردنی مافەكانی خۆمان، ئاماژە بەوەش دەكات كە ئێمە لە وڵاتێكداین كە لە تونێلێكی تاریكدایە و ئێمە نازانین ئەودیوی یان كۆتاییەكەی چۆنەو چییە.
مامۆستا عەبدولستار تەمەر رێكانی، دانیشتوی شارۆچكەی شیلادزێی سەربە پارێزگای دهۆكەو و ئەندامی یەكێتی مامۆستایانی كۆمەڵی ئیسلامیە لەو پارێزگایەو هاوكات لە هەڵبژاردنی رابردوی ئەنجومەنی پارێزگاكان سەرۆكی لیستی كۆمەڵی ئیسلامی بووە لە پارێزگای دهۆك.
https://youtu.be/15K1CVi-hhw?t=2
درەو: مامۆستا عەبدولستار رێكانی تۆ یەكێك بوویت لەو خۆپیشاندەرانەی كە بەشداری خۆپیشاندانەكانی دهۆكت كرد، بە چ ئامانجێك و بۆچی بەشداریت كرد؟
م. عەبدولستار رێكانی: سەرەتا بەناوی خوای بەخشدەی میهرەبان پێشەكی سوپاستان دەكەم بۆ ئەم چاوپێكەوتنە چەندین ساڵە گرتن و ترساندن و هەڕەشەلێكردن و لەلایەن دەسەڵاتەوە بەتایبەتی لە دەڤەری بادینان هەیە، هەڕەشەكردن و چاوسوركردنەوە لە خەڵك دەكرا، یەكێك لەو ئەگەرانەی كە ئێمە بەشداریمان كرد لە خۆپیشاندانەكاندا بۆ ئەوە بوو كە دیواری ترس بشكێنین و بەرای من گەورەترین دەستكەوتمان كە بە دەستمان هێنا شكاندنی بتی ترس بوو لە دەڤەری بادینان، سوپاس بۆ خوا مل بەمل و شان بەشانی سلێمانی و هەروەها هەولێریش ئێمە توانیمان بتی ترس بشكێنین ئەوە یەكێك بوو لەو ئامانجانەی كە مامۆستایان گردبوونەوە خۆپیشاندانیان كرد لە پێناویدا، ئامانجی دووەمان لە راستیدا خەڵكی ئێمە، یان چینی مامۆستایان و چینی فەرمانبەران بە گشتی لە دەڤەری بادینان زۆر پشتگوێخرابوون و هیچ دەرفەتێكیان نەبوو لە مافەكانی خۆیان بپرسنەوە، بەراستی ئەوە دەرفەتێكی گەورە بوو كە لە گۆڕەپانی كوردستاندا روویدا و ئێمە توانیمان ئەم ئامانجانە بەدیبهێنن، بەڵێ ئەوە بوو دەستكەوت و ئامانجەكانمان.
درەو: م. عەبدولستار تەمەر رێكانی ئێوە چۆن توانیتان دوای شكاندنی ئەو ترسە، ئەو هێرشانەی كە كرانە سەرتان، پێچەوانەی بكەنەوە بۆ بەرەنگاربوونەوە و بەردەوامی؟
م. عەبدولستار رێكانی: بەڵێ ئەگەر چینی رۆشنبیر و تێگەیشتوو لەناو كۆمەڵگەدا دەستیان بە چالاكیی كرد، ئەوا هەرگیز هیچ رێگرییەك لەبەردەمی خۆیدا نابینێت وەكو ترسن یان هەڕەشە هەتا پرسی زیندانیكردن یان پرسی كوشتنیش هەموویان وەلانابوو، ئێمە حسابمان بۆ هەموو شتێك كردبوو، لەبەرئەوە ئێمە داواكردنی مافەكانمان لە هەموو شتێك بە گەورەتر دانابوو، لەبەرئەوە كاتێك هایتنە مەیدانی گردبوونەوەكە ترس و هەڕەشەمان هەمووی وەلانابوو، بۆ داواكردنی مافی خۆمان و مافی هەموو فەرمانبەران بەگشتی ئەوەمان ئەنجامدا.
درەو: ئەوكاتەی كە هێرشكرایە سەرت دەتوانیت شێوەی هێرشكردنە سەرت بگێڕیتەوە، چەند كەس بوون؟ ئایا دەمامكداربوون یان خەڵكێكی مەدەنی بوون یان سەربازی جلوبەرگ ئاشكرابوون؟
م. عەبدولستار رێكانی: جێی داخە كە لە راستیدا لە دەستپێكی رۆژی یەكەمدا كاتێك ئێمە لە شوێنی گردبوونەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران بووین بینیمان هێزێكی زۆر زۆر هێنراوە كە ژمارەیان زۆر زیاتر بوو لە ژمارەی مامۆستایان و فەرمانبەران، تۆ حساب كە ئەوە چ دیكتاتۆریەتێكە چ ترسێكە بەرامبەر خەڵك و میللەتی بەكاردەهێنن. كاتێك ئامادەبووین هەموو هێزەكە دەمامكداربوون و هەوڵیاندا خەڵك بترسێنن بە هەڕەشە و چاوسوركردنەوە لە خەڵك، كاتژمێر یەك هاتنە بەردەم ئەو مامۆستایانەی گردببوونەوە و دەستیانكرد بە سوكایەتیكردن بە و مامۆستایانە و هەوڵیاندا كە بڵاوە بە مامۆستایان بكەن و مامۆستایان لەوێ نەمێنن، بەڵام ئەوە زیاتر مامۆستایان و چینەكانی تری گەرموگوڕتر كرد زیاتر سوری كردن كە بەردەوام بن لە گردبوونەوەكە ئەوەشی مایەی خۆشحاڵییە كە كاتێك هەواڵەكە بڵاوبووەوە گەیشتەوە خەڵكی تر، ژمارەیەكی زیاتر خەڵك هاتن بۆ گردبوونەوەكە و گردبوونەوەكە زۆر گەورەتربوو.
درەو: بەڵام دوای ئەوەی دەستدرێژی كرایە سەر تۆ، بە چەند كەس دەستدرێژیان كردە سەر تۆ؟
م. عەبدولستار رێكانی: لە راستیدا من نەمبینین، ئەوان بە شێوەیەكی دڕندانە هێرشیانكردە سەر من، وەكو ئەوەی دوژمنێكەو هێرشدەكەنە سەر من خۆم نەمبینی بزانم چەند كەس بوون، بەڵام ئەوەندە دەزانم لە یەكێك زیاتر بوون ئنجا سێ بوون چوار بوون پێنج بوون هاتن و هێرشیانكردە سەرمن و لە دوو شوێن سەری منیان شكاند، شان و پەراسوویان شكاندم و بە داریش لە هەردوو دەستیاندام هەتا ئێستاش ئاسەواری برینداری بە جەستەمەوە ماوە، من ئەوەم بینی و مامۆستا و خەڵكی تریش برینداربوون، بەڵام بەو شێوەیەی من نەبوون.
درەو: ئەوكاتەی كە هێرشتكرایە سەر تۆ هەستت چی بوو ؟ دوای ئەوەی كە تۆ هەستایتەوە و دەرباز بوویت لێیان هەستت چی بوو جارێكی تر؟
م. عەبدولستار رێكانی: راستیت پێ بڵێم ئەوان دەیانویست ئێمە بترسێنن و ئێمە ببەنە ئەوە بووە هاندەر بۆم بۆئەوەی زیاتر گەرموگوڕبم لە خۆپیشاندانەكەدا و ئێستا رووداوەكە بە دەنگ و رەنگ دۆكیۆمێنت كراوە و پێش خۆپیشاندانەكە و دوای ئەوەش كە برینداربووم و دەموچاو خوێناوی بوو هوتام كێشا و حەماسەتم زیاتر بەرزبووەو و زیاتر بەشداربووین و زۆتر ماینەوە، ئێمە دەمانەوێت پەیامێك بدەینە دەسەڵات كە ترساندن و چاوسوركردنەوە زیندانیكردن و ئازارپێگەیاندن پاشگەزمان ناكەنەوە و بێ دەنگ نابین لەسەر داواكردنی مافەكانی خۆمان، نەڵێن ئەمە بەس سلێمانییە و تەواو و ئەویش تەواو بوو هەموو دەڤەرەكان هەموو ناوچەكان داوای مافەكانیان دەكەن، ئێمە گەرموگوڕتر دەبین لەسەر مافەكانمان و هەرگیز ساردنابینەوە و باشترین بەڵگەش لەسەر ئەوە گردبوونەوەی رۆژی دواتر بوو چەند قات زیاتر خەڵك تێیدا بەشداربوون، خەڵكی ئێمە و دەڤەری شلادزێ زیاتر خڕبوونەوە زیاتر پاڵپشتی مافە رەواكانی مامۆستایان و فەرمانبەرانیان كرد و بە هیچ شێوەیەك پاشگەز نەبوونەوە.
درەو: دواین پرسیارم ئەوەیە كە ئێستا هەڕەشەتان لەسەرە؟ ژیانتان پارێزراوە؟ یان چاوەڕوانی ئەوەن هەركات ئەم هێزانە پەلامارتان بدەن و دەستدرێژیتان بكەنەسەر؟
م. عەبدولستار رێكانی: باوەڕ بكە ئێمە لە وڵاتێكداین كە لە تونێلێكی تاریكدایە و ئێمە نازانین ئەودیوی یان كۆتاییەكەی چۆنەو چییە خوای گەورە بەڕێوەمان دەبات، ئێمە لەژێر هەڕەشەو ناخۆشیداین، بەڵام لە كۆتاییدا من دەمەوێت پەیامێك بدەمە ئەمە دەسەڵاتە چۆن دانیناوە بە شكستهێنانی خۆی و مایەپوچبوونی خۆی ، هیوادارم لەم حكومەتە شەرم نەكات و دان بنێن بە شكستهێنانیان لە بواری ئیدارە و سیاسی و دیپلۆماسی لەبەردەم خەڵكدا.
لەسەر وێنەی خوێناویەكەی لە ئاكاونتەكەی خۆی مامۆستا عەبدولستار رێكانی ئەم دێڕە شیعرەی نوسیوە
بـلا رویـێ مــن بخــوینـێ سـور بیت
نـەكو لهەمبەر زورداریێ شــور بیت
خوین و جانێ خو دێ كـەمە خــەلات
ژ بـــوی ژیــــان و ئــازادیـــا وەلات