"پۆلیسو بەرپرسانی ئەمنی تاوانباران داڵدەدەن"
2018-11-15 14:06:32
(درەو میدیا):
وێنای باو لە هەموو جیهان ئەوەیە تاوانباران لەدەستی پۆلیسو هێزە ئەمنییەكان هەڵدێن، لە هەرێمی كوردستان ئەم هاوكێشەیە پێچەوانە بووەتەوەو هێزە ئەمنییەكان داڵدەی تاوانباران دەدەن.
پۆلیسی هەولێرو سلێمانی یەكتری تۆمەتباردەكەن بە داڵدەدانی تاوانباران، ئەمە لەكاتێكدایە ماوەیەكە روداوەكانی تاوانكاری لە هەرێمی كوردستان زیادیان كردووە، لە نمونەی تاوانەكانی:
• تەقەكردن
• دزیكردن
• رفاندن
• كوشتن
"دەسەڵاتی ئەمنی سلێمانی تاوانباران داڵدەدات"
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" چەند كەسێك كە تاوانیان ئەنجامداوە، ئێستا لە شاری سلێمانی لەلایەن بەرزترین دەسەڵاتی ئەمنییەوە داڵدەدراونو رێگرن لە رادەستكردنی ئەو تاوانبارانە".
بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر وتی: سەرەڕای ئەوەی چەندینجار بڕیاری دەستگیركردنی ئەو تاوانبارانە رەوانەی شاری سلێمانی كراوە، بەڵام بەداخەوە هیچ كاتێك ئامادەنەبوون ئەو تاوانبارانەمان رادەستبكەن.
پۆلیسی سلێمانی: 114 تۆمەتبار لە هەولێرن
لەبەرامبەردا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا عەمید ئاسۆ شێخ تەها بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە هیچ نوسراوێكی رەسمیان بۆ دەستگیركردنی تۆمەتباری هەڵاتوو پێنەگەیشتووە.
وتی:"114 تۆمەتبار كە فەرمانی دەستگیركردنیان هەیە لەلای پۆلیسی سلێمانی لەئێستادا لەهەولێرنو دەستگیرنەكراون، لەكاتێكدا چەندینجار نوسراومان ئاڕاستەی پۆلیسو دەزگا ئەمنییەكانی هەولێركردووە بۆ دەستگیركردنیان" بۆ ئەوەش نمونەی بە تۆمەتبارانی كەیسی (17ی شوبات) هێنایەوە.
دێگەڵە.. بەهەشتی تاوانباران
لەدوای ساڵی 1994و سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ، سنورێكی دەستكرد بەزەبری چەك لەنێوان ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی نیشتمانی كوردستانو پارتی دیموكراتی كوردستاندا كێشرا، كە بەسنوری "دێگەڵە" ناسراوە، دوای تێپەڕبونی چارەكە سەدەیەك هێشتا ئاسەواری ئەو سنورە بەتۆخی ماوەتەوە، سەرباری یەكخستنەوەی ئیدارەی هەرێمو دروستكردنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێم، هێشتا سنوری "دێگەڵە" لەڕووی ئەمنییەوە هێڵی جیاكەرەوەی نێوان زۆری زەردو سەوزە، بەجۆرێك پەڕێنەوە لەو سنورە، بوەتە بەهەشتی تاوانباران لە هەردوو زۆنەكەو ئەوانەی لە سنوری زۆنی زەرد تاوانكاری دەكەن بۆ رزگاربوون لە سزا پەنا دەبەنە بەر زۆنی سەوزو لە زۆرنی سەوزیشەوە تاوانباران بەرەو زۆنی زەرد هەڵدێن، زۆرجار ئەو كەیسانەش بە سیاسی دەكرێنو دەبنە رێگر لەبەردەم سزادانی تاوانباران.
هێزەكانی پۆلیس لە هەرێم
زۆربوونی تاوانكاری لە هەرێمی كوردستان لەكاتێكدایە بەپێی دواین پرۆژەبودجەی هەرێمی كوردستان كە ساڵی 2013 ئامادەكراوە، وەزارەتی ناوخۆ كە ئەركی سەرەكی بریتییە لە پاراستنی سەرو ماڵی هاوڵاتیان (121 هەزارو 841) كارمەندی هەیە.
بەپێی هەمان پرۆژە بودجە، دەزگای ئاسایشی هەرێم (31 هەزارو 421) كارمەندو موچەخۆری هەیە، ئەنجومەنی ئاسایش (6 هەزارو 476) كارمەندی هەیە.
ژمارەی هێزەكانی پۆلیس لە هەرێمی كوردستانو چۆنیەتی دابەشبوونی بەسەر ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتیو یەكێتی بەدیاریكراوی نازانرێت.
خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان تائێستا لیژنەكانی دیارینەكردووە، بەڵام ئەیوب عەبدوڵا ئیسماعیل سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا) وتی: ئەوان لە خولی چوارەمدا نەیانزانیوە بەدیاریكراوی ژمارەی هێزەكانی پۆلیس چەندەو هەرجارەو باس لە ژمارەیەك كراوە.
بودجەی وەزارەتی ناوخۆ
بەگوێرەی دواین پرۆژەبودجەی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2013دا، بڕی (ترلیۆنێكو 357 ملیار) دینار تەرخانكراوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ، كە دەكاتە رێژەی (11.7%)ی كۆی گشتی بودجەی هەرێم.
بەهۆی ئەوەی لە ساڵی 2014وە بودجە لە هەرێمی كوردستان پەسەندنەكراوەو دیارنییە داهاتی گشتی چۆن بەسەر كەرتەكاندا دابەش دەكرێتەوە، نازانرێت ئێستا بودجەی وەزارەتی ناوخۆ چەندە.
هێزی سەربازیو ئەمنیی چۆن دابەشبووە ؟
سەرباری ئەوەی بەرپرسانی پارتیو یەكێتی بەردەوام باس لە كۆتایهاتنی دوو ئیدارەیی دەكەن، بەڵام چەندین بواری ژیانی رۆژانەدا خەڵك بەڕوونی هەست بە دوو ئیدارەیی دەكەن، دۆسیەی ئەمنی یەكێك لەو بوارانەیە كە هێشتا بەتەواوەتی لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتو یاسادا نییەو دوو حزبە دەسەڵاتدارەكە هەریەكەیان هێزی ئەمنی تایبەت بەخۆی هەیە كە زۆرجار بە فەرمانی بەرپرسانی حزب دەجوڵێنەوە، نەك یاساو رێنماییەكانی حكومەت.
هەرێمی كوردستان لەڕووی هێزی سەربازیی و ئەمنییەوە بەمشێوەیە لەنێوان پارتیو یەكێتیدا دابەشبووە:
هێزی سەربازی پارتی
• پارتی خاوەنی هێزی (80)یە، ئەم هێزە ژمارەی پێشمەرگەكانی زیاتر لە (70 هەزار) كەسە.
• پارتی هێزێكی تری سەربازی هەیە بەناوی هێزی "زێرەڤانی"، ئەم هێزە (44 هەزار) كەسە.
• ئاسایشی پارتی زیاتر لە (16 هەزار) كەسە.
كۆی گشتی هێزی چەكداری پارتی بە زیاتر لە (130 هەزار) كەس دەخەمڵێندرێت.
هێزی سەربازی یەكێتی
• یەكێتی خاوەنی هێزی (70)یە، ئەم لەنزیكەی (56 هەزار) پێشمەرگە پێكدێت.
• هێزی بەرگریو فریاكەوتنی یەكێتی (26 هەزار) كەسە.
• ئاسایشی یەكێتی زیاتر لە (14 هەزار) كەسە.
كۆی گشتی هێزی چەكداری یەكێتی بە زیاتر لە (100 هەزار) كەس دەخەمڵێندرێت.